هادی چاوشلی و داوایەکی شێخ محەمەد خاڵ
هادی چاوشلی و داوایەکی شێخ محەمەد خاڵ
January 22, 2026

هادی چاوشلی ئەو کەسایەتییە هەولێرییەی لە (١٩٢٩)دا کۆلێژی حقوقی لە بەغدا تەواو کرد و دوای دوو ساڵ کاری پارێزەرایەتی، لە پاڵ نووسیندا، دەستی دایە كاری میری و ساڵی ١٩٥٨ بووە سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، دواتریش موتەسەڕیفی لیوای سلێمانی بە وەکالەت و دواجاریش وەکیلی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دوای کودەتای شوباتی (١٩٦٣) لەبەرئەوەی پشتگیریی لە عەبدولکەریم قاسم کرد، ساڵێک زیندانی کرا.
چاوشلی دۆستی نزیکی ڕەوانشاد ساڵح یوسفی بوو، لە ڕێگەی ئەوەوە ئاشنایەتیی لەگەڵ نووسەر و ڕۆشنبیران پەیدا کرد، چووە ناو کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی لە بەغدا و پاڵپشتێکی بەهێز بووە.
ئەو کەسایەتییە هەولێرییە لە دیدارێكدا ساڵی ١٩٩٣ پێی ڕاگەیاندم كە لە١٧/٢/١٩٦٧دا، ئەو سەردەمەی لە دەستەی کارگێڕیی نەقابەی پارێزەرانی عێراق بووە، بەشداریی کۆنگرەی نۆیەمی پارێزەرانی عەرەبی كردووە لە قاهیرە، لەوێ چاوی بە جەمال عەبدولناسر سەرۆکی ئەوسای میسر کەوتووە و یاداشتێکی سەبارەت بەکێشەی کورد، داوەتێ.
هەروەها جارێکی دیكە نامەیەکی سەیدا ساڵح یوسفی گەیاندووەتە ئەحمەد حەسەن بەکر دەربارەی هەڵبژاردنی نەقابەی پارێزەران، لەبەرئەوەی بەکر زۆر بەکەسایەتیی ئەو سەرسام بووە، داوای لێ کردووە کاریان لەگەڵدا بکات، چاوشلی لە وەڵامدا پێی گوتووە “ئاخر من ئیلتیزاماتم لەگەڵ میللەتەکەی خۆمدا هەیە، ناکرێ خیانەتیان لێ بکەم”.
كاتێكیش وەکیلی موتەسەڕیفی سلێمانی بووە، داوایەکی زانای گەورە شێخ محەمەد خاڵی بە نووسراوی ژمارە (٢٧٩١) لە (٢٢/١٠/١٩٥٨) بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەرز كردووەتەوە و پشتیوانیی خۆی لە کردنەوەی (ڕابیتەیەک بۆ ئەدیبان و نووسەرانی کورد) دەربڕیوە، کە پێشتر بەپێی بەیانی حاکمی عەسکەری ژمارە (٦٠)ی ساڵی (١٩٥٨) ڕاگیراوە و ڕەزامەندیی لەسەر نەدراوە.
چاوشلی ساڵی (١٩٩٦) كۆچی دواییی كرد، لە گۆڕستانی مەعمەل قیڕ لە ڕێگەی مەخموور نێژرا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved