سەربووردەی زانا و منه‌وه‌رێكی گه‌وره‌ی هەولێری
له سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى نۆزده‌وه تا كۆتاییی بیسته‌م، ئه‌زهه‌ری میسر، بۆ هەردوو تایفە سەرەكییەكەی ئیسلام، به‌هێزترین و كاریگه‌رترین فێرگه‌ى ئاینى بوو له سه‌رتاسه‌رى جیهاندا، له‌و فێرگه گه‌وره‌یه‌دا حوجرەیەك هەبووە بەناوی (حوجره‌ى كورده‌كان)، مه‌علوم نییە كه‌ى دامه‌زراوه، به‌ڵام بەپێی بەڵگەنامەكان، له مانگى حوزەیرانی ١٨٦٦دا كۆمه‌ڵێك فێرخوازى كوردى ڕۆژهه‌ڵات، لاى شێخ و به‌رپرسانى باڵاى فێرگه‌ى ئه‌زهه‌ر، سكاڵا له به‌ڕێوه‌به‌رى حوجره‌كه ده‌كه‌ن، گوایه جیاكارى ده‌كات له نێوان فێرخوازانى كورد، جێگە و خواردن بۆ ئه‌وان دابین ناكات و نایه‌ڵێت له حوجره‌كه بمێننه‌وه.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدا بوو كه منه‌وه‌ر و زاناى گه‌وره، مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا ئه‌ربیللیی كوردی به‌ڕێوه‌به‌رى حوجره‌كه بووه، كە به دادپه‌وه‌ری و ئیمانداری ناوبانگى دەركردووە، بۆیه كاتێك ئه‌م فێرخوازانه سكاڵاكه ده‌كه‌ن، به‌رپرسان و شێخه‌كانى ئه‌زهه‌ر داواى ڕوونكردنه‌وه له مامۆستا عه‌بدوڵڵا ئه‌ربیللى ده‌كه‌ن، له وه‌ڵامدا كه له مانگى تەمووزى ١٨٦٦دا بۆى نووسیون، واته ته‌نها یه‌ك مانگ دواى سكاڵاكه‌ی فێرخوازه‌كان، ده‌ڵێت:
«ئه‌م حوجره‌یه پێى ده‌گوترێت (حوجره‌ى كوردان)، واته ئه‌و مه‌لا و فه‌قێ و فێرخوازانه‌ى له‌م حوجره‌یه خزمه‌ت ده‌كرێن و ده‌حه‌وێندرێنه‌وه، ده‌بێت كورد بن، به‌ڵام ئه‌م فێرخوازانه‌ى كه سكاڵایان تۆمار كردووه، خۆیان به (ئێرانى و عه‌جه‌م) ده‌زانن، نه‌ك كورد، من داوام لێ كردوون نه‌چنه ململانێى نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تى عوسمانى و ئێرانی، كه‌چى ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى (ئێرانین یان عه‌جه‌من) نه‌ك كورد، بۆیه ئێرانییه‌كان حوجره و شوێنى خۆیان هه‌یه، ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه ته‌رخان كراوه و من به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌م، بۆ كورده‌كانه، ئه‌مه‌ش واى كردووه حوجرەكە شمولى ئه‌وان نه‌كات، بۆ ئەوەی مافى فێرخوازى دیكه‌ى كورد نە‌خۆن».
هه‌رچه‌نده وه‌ڵامه‌كه‌ى مه‌لا عه‌بدوڵڵا ئه‌ربیللى، ده‌بێته جێگەى متمانه‌ى به‌رپرسانى ئه‌زهه‌ر، به‌ڵام ئه‌م فێرخوازانه‌ى له ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه چووبوون، هه‌ر كۆڵ ناده‌ن و ئه‌م جاره له ڕێگه‌ى باڵیۆزى ئێران له میسر، گوشار له (ئه‌زهه‌ر) ده‌كه‌ن، تا ئه‌م كۆمه‌ڵه فێرخوازه له حوجره‌ى كوردەكان جێگەیان ببێته‌وه.
دواى ئه‌وه، مه‌لا عه‌بدوڵڵا، به‌نووسراوێكى ڕاشكاوانه‌تر به‌رپرسانى ئه‌زهه‌ر ئاگەدار ده‌كاته‌وه و ده‌نووسێت: ”هه‌رچه‌نده دوو مه‌لا و زاناى گه‌وره‌ى كورد كه پێش من به‌رپرسى ئه‌م حوجره‌یه بوونه، ته‌نیا ڕێگه‌یان داوه به‌و موسوڵمانه كوردانه‌ى كه له‌ژێر ڕكێفى ده‌وڵه‌تى عوسمانین، ببنه ئه‌ندام له‌و حوجره‌یه و پێیان وا بووه كه موسوڵمانانى ژێر ڕكێفى ده‌وڵه‌تى ئێران و عه‌جه‌م (هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ن)، به‌ڵام من واى ده‌بینم هه‌موو موسوڵمانێكى كورد له هه‌ر مه‌زهه‌ب و له هه‌ر شوێنێك بێت، بۆى هه‌یه ببێته ئه‌ندامى حوجره‌كه‌مان، به‌ڵام ئه‌و فێرخوازانه‌ى كه سكاڵایان له ئێمه كردووه، دان به كوردبوونى خۆیاندا نانێن، ئه‌مه كێشه‌كه‌یه و ده‌یانه‌وێت حوجره‌كه به‌ناوى ئێرانییه‌كانه‌وه بێت كه ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه‌ى كورد، مایه‌ى قبوڵكردن نییه“.
ئه‌م كێشمه‌كێشه‌ى نێو حوجره‌ى كوردان له ئه‌زهه‌ر هه‌ر به‌رده‌وام بوو، هه‌رچه‌نده مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا ئه‌ربیللى جیاوازیی نه‌ده‌كرد له نێوانیان، به‌ڵام زۆرجار له‌نێو فێرخوازانى پارچه‌كانى تر‌ى كوردستان و كوردانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌نگه ده‌نگ دروست ده‌بوو، ئه‌مه‌ش واى كرد بوو كه زوو زوو سكاڵا له یه‌كتر بكه‌ن.
له باره‌ى ئه‌و ململانێیه‌ى له سه‌رده‌مى مه‌لا هه‌ولێرییه‌كه له حوجره‌ى كوردان دروست بوو، نووسه‌رى گه‌وره‌ى میسرى مه‌حموود زاید له كتێبێكدا به‌ناوى (النزاع على رواق الاكراد فی الازهر الشریف) ده‌ڵێت: ”ئه‌و كێشمه‌كێشه‌ى له حوجره‌ى كوردان له ئه‌زهه‌ر دروست بوو له سه‌رده‌مى مه‌لا عه‌بدوڵڵا ئه‌ربیللى بوو، كه كێشه و ململانێكه له كۆتایییه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزده‌م دروست بوو تا ساڵى ١٩١٩ی خایاند، كه هۆكارى كێشه‌كه‌ش ئه‌و فێرخوازانه بوون كه كوردى ئێران بوون، كه پێیان وا بوو ئه‌و حوجره‌یه‌ى به ناوى كورده‌كان كراوه‌ته‌وه، ده‌بێت ناو بنرێ (حوجره‌ى عه‌جه‌م)، دیاره ئه‌مه‌ش له لایه‌ن كوردانى سه‌رجه‌م پارچه‌كان قبوڵكراو نه‌بوو، به‌تایبه‌ت له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى حوجره‌كه‌وه كه مه‌لا ئه‌ربیللى بوو، جگه له‌مه‌ش باڵیۆزخانه‌ى ئێرانیش له قاهیره ده‌ستوه‌ردانى كرد له‌و بابه‌ته له‌و سه‌رده‌مه‌دا، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ر و شێخه‌كانى ئه‌زهه‌ر بۆ ئه‌م بابه‌ته یه‌كلاكه‌ره‌وه بوون و پێیان وا بوو كه ئه‌م حوجره‌یه هى كورده‌كانه“.
دواجار، ده‌بێت ئه‌وه بڵێین كه به‌درێژاییی ئه‌و ٢٠ ساڵه‌ى مه‌لا عه‌بدوڵڵا ئه‌ربیللى سه‌رپه‌رشتى و به‌ڕێوه‌به‌رى حوجره‌كه بوو، ده‌یان زانا و مه‌لاى به‌تواناى كورد له ئه‌زهه‌ر بڕوانامه‌یان وه‌رگرتووه، له پاڵ ئاینه‌كه، كوردایه‌تیی له بیر نه‌كردبوو.