پێش ئەوەی مانگە دەستکرد و ئەپڵیکەیشنی مۆبایلی زیرەک، جیهان لەناو نەخشەیەکی دیجیتاڵیدا کورت بکەنەوە، هەولێرییەكان سیستەمێکی دیكەی كۆمەڵایەتییان هەبوو بۆ دۆزینەوەی ئەو شوێنانەی نیازیان بوو.
لەو شارەدا کە خێرا فرەوان دەبوو، گەڕەکەکان گەورە و قەرەباڵغتر دەبوون، منارەکان تەنها شوێنی بانگدان نەبوون، بەڵکو قیبلەنمای ڕێبوارە وێڵەکان بوون. لەناو ئەو جوگرافیایەدا، مزگەوتی سپی وەک نیشانەیەکی دەگمەن دەدرەوشایەوە؛ نەک تەنها وەک شوێنێکی ئاینی، بەڵکو وەک ناونیشانی بەشێكی بەرچاوی شارەكە. جاران ناونیشانی جێیەكت لە هەر كەسەكی هەولێرێ پرسیبا، مەحاڵ بوو نەڵێت لە نێزیک، لە پشت یان لە تەنیشت فڵانە مزگەوتە.
مزگەوتی سپی، کە دەکەوێتە سەر جادەی شەست مەتری، لە دیارترین مزگەوتەکانی هەولێرێیە، ئاسانکارییەکی زۆر باشی بۆ هەڵهێنانی ناونیشانی گەڕەکەکانی شۆڕش، تەیراوە، جادەی سوورچییان و چێشتخانەکانی ئەبوشەهاب و کۆشکی ڕەشید و چایخانەکانی نزیک لە خۆی كردووە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم مزگەوتە ئەوەیە لەو کاتەوەی دروست کراوە، ڕەنگی بۆیاخەکەی سپی بووە. خەڵکی گەڕەکەکە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە لە حەفتاکانی سەتەی ڕابردوودا ئەو مزگەوتە دروست کراوە، کارەبا بەم شێوەی ئێستە نەبووە، ناو شار تاریک بووە، سپییەتیی ڕەنگی مزگەوتەکە هاوکارێکی باش بووە بۆ ڕێبواران و ئەو خەڵکانەی دەهاتنە ناو هەولێر تا لە دوورەوە ببینرێت و ڕێگە هەڵە نەکەن.
وەستا هێمن یەکێکە لە دانیشتوانی گەڕەکەکە، بۆ (گڵکەند) گوتی “خزم و کەسوکارمان کە لە دەشتێ دەهاتنە کنمان، دەیانگۆت قوڕعان بە حەقت بەساحێبت، ڕەنگی ئەو مزگەوتەی بگۆڕن، ئەوها هەرەتە دەبین، سەت ساری دییش مارتان نابینینەوە”. وەستا هێمنی چایەچی باسی ئەوە دەكات کاتێک ئەو مزگەوتە دروست کراوە، ئەو لە هەڕەتی لاویدا بووە. ئێستەش کە لە نێزیک مزگەوتەکە چایخانەی هەیە، دەڵێت جاری وا هەیە بەدەم چایەخواردنەوە و جگەرەکێشانەوە، سەیری ئەم مزگەوتە دەکات، زەینی دەگەڕێتەوە زەمانی جاحێری، شەڕە بەردی منداڵی و دۆمەکانی ئەوبەری مزگەفتێی دێتەوە بیر. چەندین مەلا لە ڕۆژگاری جیاوازدا، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی سپی بوون، بەڵام دیارترینیان مامۆستا عەبدوڵڵای پەلپیتانی بوو، کە لە تەقینەوەکەی لقی دووی پارتی لە ٢٠٠٤دا شەهید بوو. لەو کاتەوە تا ئێستە مامۆستا سەعدەدینی کوڕی؛ مەلای مزگەوتەکەیە.
ئەوەی مزگەوتی سپی لە مزگەوتەکانی دیكەی هەولێرێ جیا دەکاتەوە، کاتی بانگدانی نوێژی عەسرە، کە چارەگێک بۆ بیست خولەک دوای هەموو مزگەوتەکانی هەولێر بانگ دەدرێت.
بەپێی قسەی نوێژخوێنانی مزگەوتەکە، هۆکارەکەی مێژوویەکی دێرینی هەیە، لە کۆنەوە هەر وا بووە، گوایە ڕەچاوی گەشتیاران و کاسبکارانیان کردووە، تا بتوانن بە ئیسراحەت نوێژەکە بە کۆمەڵ بکەن. لەگەڵ ئەوەی بابەتی گەشتیار و کاسبکاران لەگەڵ پێشتر جیاوازە و دۆخێکی دیكەی وەرگرتووە، بەڵام ئەوان لە درەنگ بانگدانی نوێژی عەسر هەر بەردەوامن.
لە هەولێرێ کە تاوەرەكان بەخێرایییەکی سەرسوڕهێنەر بەرەو ئاسمان بەرز دەبنەوە، هێشتا مزگەوتی سپی وەک ئادگارێكی زیندووی ڕەسەنایەتی ماوەتەوە، سپییەتیی دیوارەکانی، تەنها ڕەنگی دڵی باب و باپیرانمان بیر ناخاتەوە، بەڵكو ئەو ڕێگەیانەشمان دێننەوە یاد كە ئەوان بۆ گەیشتن بەجێی نیاز بڕیویانە، هەولێرێکمان دێنێتەوە یاد کە ناونیشانەکەی ون نابێت.