جاران لە وەرزی زستاندا بەرهەمی سەوزە كۆتاییی دەهات، ئێستە زستان بەهۆی خانووە پلاستیکییەکانەوە، بووەتە وەرزی زێڕینی جووتیارانی هەولێر، بەتێچوویەکی کەم داهاتێکی باش بەدەست دێنن.
ئەگەرچی بەرهەمی ناوخۆیی بەشێوەیەكی گەورە گەشەی سەندووە، بەڵام زیادبوونی خواست و هۆشیاریی تەندروستی وای كردووە هێشتا بازاڕ پێویستی بە هاوردەكردنی سەوزە لە دەرەوەی كوردستان بمێنێت.
دوای ئەوەی بەر لە نزیکەی ١٥ ساڵ چاندن لە خانووی پلاستیكی لە هەولێر دەستی پێ كرد، ئێستە هەنگاوێكی دیكە دەنرێت بەرەو چاندن لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای مەڵتی سپان، پڕۆژەی «سۆفی گرین هاوس» لە ناحیەی شەمامک، وەک یەکەمین دەسپێشخەرییە کە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی خانووەکانی گەیاندبووە ٦٠٠ خانووی پلاستیكی، تەواوی خانووەکانی لە وەرزی زستاندا بە سەوزە دەچاند. ئێستە خەریکن پڕۆژەكە لە خانووە تونێلییەکانە بگۆڕن بۆ شێوازی مەڵتی سپان، کە ڕووبەری هەر یەکێکیان ١١ بەرامبەری خانووە ئاسایییەکانە.
ئەم تەکنەلۆژیایە کە بەرهەمی زۆرترە، خەریکە لە لایەن جووتیارانی دیکەشەوە ڕووی تێ دەکرێت، چونکە پاراستنی بەرهەمەکان لە سەرمای زستاندا مسۆگەرتر دەکات و کوالێتی و تازەییی سەوزەکان دەپارێزێت.
لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما لە تشرینی دووەمەوە تاوەکو شوبات، کێڵگە کراوەکان توانای بەرهەمهێنانیان نامێنێت. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایییە و وەڵامدانەوەی خواستی بازاڕ، جووتیاران ڕوویان لە چاندنی (کەرەوز، تەڕەتیزە، مەعدەنووس، جەرجیر، شبیت و نەعناع) لەناو خانووە پلاستیکییەکاندا کردووە.
حاجی فازڵ سەباح، جووتیارێکی پێشەنگی دەشتی هەولێرە کە ماوەی چوار ساڵە خانووەکانی بۆ چاندنی سەوزە تەرخان کردووە و دەڵێت ”پێشتر لە زستاندا بەهۆی تێچووی زۆری گەرمکردنەوە، خانووەکانمان بە بەتاڵی جێ دەهێشت، بەڵام کاتێک بینیمان سەوزە گەڵایییەکان پێویستیان بەگەرمکردنەوە نییە و خواستێکی زۆریان لەسەرە، ڕوومان لە چاندنیان کرد“.
ئەم جووتیارە کە لە ڕووبەری ٣٠ خانووەوە دەستی پێ کردووە، ئێستە خاوەنی ١٥٠ خانووی پلاستیکییە، ئاماژە بەوە دەکات تێچووی سندوقێک سەوزە تەنیا ١٠٠٠ بۆ ١٥٠٠ دینارە، بەڵام لە بازاڕدا بە دوو تا سێ بەرامبەر دەفرۆشرێتەوە، ئەمەش وا دەکات جووتیار قازانج بكات.
پڕۆسەی چاندن و بەرهەمهێنانی سەوزە گەڵایییەکان لە ناو خانووی پلاستیکی لە تشرینی دووەمەوە تا ئادار بەردەوام دەبێت، سەوزەکانی وەک (تەڕەتیزە و جەرجیر) مانگێکی دەوێت بۆ پێگەیشتن و شەش بۆ هەشت جار دروێنە دەکرێت، لە کاتێکدا (کەرەوز و مەعدەنووس) دوو مانگیان پێویستە بەڵام هەشت بۆ ١٢ جار دروێنە دەکرێن.
ئێستە تەنیا کێڵگەکەی حاجی فازڵ ڕۆژانە ٥٠٠ سندوق سەوزە ڕەوانەی بازاڕ دەکات و دەڵێت ”چەند بەرهەممان هەبێت لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، چونکە کڕیاران متمانەیەکی زۆریان بە سەوزەی ناوخۆ هەیە“. هاوشێوەی ئەو، پڕۆژەی (سۆفی گرین هاوس) زیاتر لە ٣٠٠ خانووی تونێلی و ٥ خانووی مەڵتی سپانی چاندووە. مۆدێلی کارکردن لەم پڕۆژە خێزانییەدا، بەجۆرێک هەر خێزانێک سەرپەرشتیی ١٥ بۆ ٢٠ خانوو دەکات، ئەمەش هەلی کاری بۆ دەیان خێزان ڕەخساندووە.
عوسمان سەعید، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت ”لە پڕۆژەکەماندا بەپێی خواستی بازاڕ جووتیارانمان ڕادەسپێرین بۆ چاندن. ئێستە کەرەوز، تەڕەتیزە، مەعدەنووس، جەرجیر، شبیت، نەعناع، ڕێحانە، پەرپێنە و کێزبەرەمان هەیە، لەم وەرزەدا کە سەرەتای بەرهەممانە، ڕۆژانە ٤٠٠ تاوەکو ٥٠٠ سندوق بەرهەم دەخەینە بازاڕەوە“.
لە گومرگی سەوزەی هەولێر، ڕۆژانە جموجۆڵی كڕین و فرۆشتنی سەوزە گەڵایییەكان دەبینرێت. بەختیار كاكە عەوڵا، سەرپەشتیاری نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی سەوزە گەڵایییەكان، وێنەیەكی ڕوونی بازاڕەكەمان پیشان دەدات، كە جۆرە جیاوازەكانی سەوزە گەڵایییەکان بوونەتە پێداویستیی سەرەكیی سەر سفرەی ماڵان و خواست لەسەر بەکاربردنیان زیادی كردووە.
بەختیار دەڵێت ”ڕۆژانە شەش بۆ نۆ هەزار سندوق سەوزە (دەكاتە نزیكەی ٣٠٠ بۆ ٤٥٠ هەزار دەسك) معامەلەی پێ دەكرێت، هەوكە هەولێر بوویتە بۆرسەی سەوزە“. هەرچەند بەرهەمی ناوخۆ زۆر زیادی کردووە، بەڵام هێشتا وەک بەختیار ئاماژەی پێ دەدات، وەڵامدەرەوەی خواست نییە، بۆیە ڕۆژانە نزیكەی یەك هەزار و ٥٠٠ سندوق سەوزە لە نەجەفەوە دێتە هەولێر. لە کاتێکدا بەهاوینان هاوکێشەکە پێچەوانەیە، هەولێر دەبێتە دابینکاری سەرەکی و ڕۆژانە ١٥ بۆ ٢٠ هەزار سندوق سەوزە ڕەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکات.
سەبارەت بە نرخیش، بەختیار دەڵێت ”نرخەکان جێگیر نین و بەپێی خواست و خستنە ڕوو دەگۆڕێن، ئێستە سندوقێک بە سێ بۆ پێنج هەزار دینارە، بەڵام هەر کاتێک خستنە ڕوو کەم بێت، نرخەکان دوو تاوەکو سێ بەرامبەر زیادە دەبن“. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە سەوزەی نەجەف وەک ڕێکخەرێکی نرخ کار دەکات و ڕێگرە لە گرانبوونی لە ڕادەبەدەر، ئەگەرچی بەرهەمی ناوخۆ بەهۆی فرێشی و کوالێتی بەرزەوە، گرانتر و خوازراوترە.
جگە لە نرخ، نەخشەی خواستیش بەپێی کولتوور و پێکهاتەکان دەگۆڕێت، ئەو فرۆشیارەی گومرگی هەولێر پێی وایە کەرەوز، تەڕەتیزە و جەرجیر زۆرترین خواستیان لەسەرە، جەرجیر زیاتر لە لایەن پیاوانەوە دەخورێت، هەروەها مەعدەنووس لە ناوچە کریستیاننشینەکان، کێزبەرە و حەلبەش لە لایەن عەرەب و سوورییەکانەوە خواستیان لەسەرە. تەنانەت جۆری تایبەت بۆ کرێکارانی بەنگلادیشی و ئەندەنووسییش لە بازاڕدا هەن.
بەپێی ئاماری کشتوکاڵی هەولێر، لە کۆی سێ هەزار و ٣٩٣ خانووی پلاستیکی، ساڵی ڕابردوو ١٨٤٤ خانوویان بۆ سەوزە تەرخان کراون، زیاتر لە ٤٦٠ هەزار سندوق بەرهەمیان هەبووە، کە بەتێکڕای ڕۆژانە دەکاتە نزیکەی چوار هەزار سندوق.
ئەمین ڕەئووف یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ، هۆکاری ئەم گەشەیە بۆ هۆشیاریی تەندروستی و بەرهەمهێنان بە ئاوی خاوێن دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت ”ئەم خواستە زۆرە وای کردووە ئەو خانووانەی پێشتر لە زستاندا بە بەتاڵی دەمانەوە، ئێستە ببنە دەرفەتێکی زێڕین بۆ داهاتی جووتیاران“.