دوو سایدە نوێیەكەی شارۆچكه‌ی حاجی ئۆمه‌ران، جگە لەوەی هاتوچۆی بازرگانی و ڕێبوارانی ئاسان كردووە، بەهۆی جوانی و سەرنجڕاكێشییەكەیەوە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، بووبووە ڕووگەی گەشتیاران و وێنەی یادگارییان لەسەر دەگرت.
عه‌بدولوه‌هاب مه‌حموود به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی حاجی ئۆمه‌ران لە بارەی ئەو ڕێگە نوێیەوە، بۆ (گڵكەند) ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی ئەوەی حاجی ئۆمه‌ران ده‌روازه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی كوردستانه به‌ئێران، له ڕووی بازرگانی و گه‌شتیارییه‌وه كاریگه‌رییه‌كی زۆری كردووه، خێراییی هاتن و چوون له مه‌رزه‌كه زیاد بووە، ئه‌مه‌ش له ڕووی ئابوورییه‌وه سوودی زۆری ده‌بێت، بەتایبەتی كە له ڕووی گه‌شتیارییەوە دیمەنێكی جوان و سه‌رنجڕاكێشی بەناوچەكە به‌خشیوه، ئێستە كه وه‌رزی به‌فر بارینه ژماره‌ی گه‌شتیار بۆ ناحیه‌كه زیادی كردووه.
هاووڵاتیانی شارۆچكه‌ی حاجی ئۆمه‌ران، كه سوودمه‌ندی ڕاسته‌وخۆی پڕۆژه‌كه‌ن، پێیان وایە دوو سایده نوێیەكە، ڕێگە ناڕێكەكەی جارانی سڕیوەتەوە، ڕه‌حیم وسوو دانیشتووی حاجی ئۆمه‌رانه، ئێستە هاتوچۆی ئاسان بووە، دەڵێت ڕێگە فرەوانەكە ئارامیی پێ به‌خشیون و كارئاسانیی بۆ كردوون، شۆڵده‌ر و شوێنی لادانی زۆرە، شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمۆبێل لە لایەكی ڕێگەكە هەیە و ئێستە بەئاسانی كاروباری خۆیان جێبەجێ دەكەن.
وێنه‌ر نه‌بی دانیشتوویەكی دیكەی حاجی ئۆمه‌رانه، دەڵێت پێشتر شه‌قامێكی هه‌شت مه‌تریی زۆر ناخۆش بوو، كه‌ڕه‌تێك دوو گه‌نج به‌هۆی ته‌سكی و خراپیی شه‌قامه‌كه گیانیان له‌ده‌ست دا، به‌ڵام ئێستە فراوانه و سیمایه‌كی جوانی به حاجی ئۆمه‌ران به‌خشیوه، بووەته هۆی زیادبوونی ژماره‌ی گه‌شتیاریش، خه‌ڵك له شوێنی دوور دێن وێنه له‌سه‌ر ئه‌و دوو سایده ده‌گرن، كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕیش دروست كردووه و سوودی ماددیشی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه.
له ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٥ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕێگەی دوو سایدی حاجی ئۆمه‌رانی كرده‌وه.
له باره‌ی ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی كه ئاو له‌سه‌ر شه‌قامه گشتییه‌كان جێ ده‌هێڵێت، به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كه گوتی: ”١١٣ چاڵی ئاو وه‌رگرتن به‌درێژاییی شه‌قامه‌كه هه‌ن، ئه‌و چاڵانه له ڕێگه‌ی بۆڕی له پۆلی ئه‌سیلین، له ڕێگەی زیاتر له ٣٠ ده‌رچه‌ی تر، ئاو بۆ ده‌ره‌وه‌ی شه‌قامه‌كه فڕێ ده‌ده‌ن، واته به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگە له مانه‌وه‌ی ئاو بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه نادرێت“.