ساڵی ١٩٦٢ کە بەدرەدین عەلی موتەسەریفی هەولێر بوو، کۆمەڵێک کچە قوتابی و مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندیی هەولێری کچان، دژی بارودۆخی ئەوسا خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا.
خۆپیشاندانەکە لە سەروبەندی دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول بوو. کڵپەیەک بوو بۆ شکاندنی بێدەنگی و ترس لە ناو کۆمەڵگەی کوردی، داواکاریی ئەو کچانەی دواناوەندیی هەولێری کچان كە دەكەوتە خوار قەڵاتی هەولێر بە دیوی تەیراوە، بریتی بوو لە دابینکردنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان.
دەسەڵاتی ئەوکاتی عێراق لە هەولێر، بە ناردنی هێزێکی سەربازیی زۆر هەوڵی دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکەی دا، ژمارەیەک کچە قوتابی و مامۆستای دەستگیر کرد.
دەستگیرکردنی ئەو کچە قوتابی و مامۆستایانە بووە هۆی ناڕەزایی زیاتری خەڵکی هەولێر، چونکە بە لای هەولێرییەکانەوە، زیندانیکردنی کچان و ژنان رەفتارێکی زۆر ناشیرین بوو.
کەنعان موفتی، کوڕی رەشاد موفتیی زانای ئایینیی ئیسلامیی گەورەی کوردستان، رووداوەکە ئەوها دەگێڕێتەوە:
لەو کاتەدا رەشاد موفتی کە هاوکات قازیی هەولێریش بوو، بە خێرایی و بە جلی مەلایەتییەوە دەچێتە لای بەدرەدین عەلیی موتەسەڕیف، کە لەگەڵ چەند برادەرێکی خۆی لە یانەی ئەفسەران دانیشتبوو، بەدرەدین عەلی کە رەشاد موفتی بینیوە، بەخێرایی لە شوێنی خۆی هەڵساوەتەوە و چووەتە لای و لێی پرسیوە: جەنابی قازی چی تۆی هێناوەتە ئەم شوێنە؟ تۆ و ئێرەیان نەگوتووە.
لە وەڵامدا، رەشاد موفتی بە موتەسەڕیفی گوتووە تۆ و دەستگیرکردنی كچان و ژنانیان نەگوتووە، خۆت چاک دەزانی ژن لاس ئێمە و لای ئێوەش رێزی زۆرە، سوێند بە خودا لێرە ناڕۆم تا بڕیاری ئازادکردنی هەموو کچ و ژنە دەستگیرکراوەکان دەرنەکەی.
بەهۆی پێداگریی رەشاد موفتییەوە، موتەسەڕیف دەمودەست بڕیاری ئازادکردنی هەموو کـچ و ژنە دەستگیركراوەكانی داوە.