ژیری دەستکرد ئەمڕۆ فێری نەبی سبەی درەنگە
ژیری دەستکرد ئەمڕۆ فێری نەبی سبەی درەنگە

ژیری دەستکرد، کە وەك دیاردەیەكی خێرا و شەپۆڵێكی زەبەلاح بەسەر سیمای جیهاندا هاتووە و پێناسەی زانستی گۆڕیوە، بنەماكانی خوێندن و تەندروستی و بازرگانی و هێزیشی لەسەر زەوی بەجۆرێكی نوێ داڕشتووەتەوە، كوردستان و هەولێر لەم شەپۆڵە بێبەش نەبوون، هەندێك کۆمپانیا و ناوەندی بازرگانی لە پایەتەختی هەرێمی كوردستان دەستیان کردووە بەتاقیکردنەوە و کەڵک وەرگرتن لەم تەكنەلۆژیا نوێیە، حەزێکی بەرچاویش لەنێو گەنجان و کارمەندانی کۆمپانیاکان بۆ فێربوون و بەکارهێنانی ئەم تەكنەلۆژیایە هەستی پێ دەكرێت.

ژیری دەستکرد (Artificial intelligence) كە AI کورتکراوەکەیەتی، توانای ئامێر و سیستەمە کۆمپیوتەرییەکانە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی پێشتر تەنیا مرۆڤ دەیتوانی ئەنجامیان بدات، وەک فێربوون لە داتا، شیکردنەوەی زانیاری، بڕیاردان، تێگەیشتن لە زمان، ناسینەوەی وێنە و دەنگ. ئەمەش لە ڕێگەی ئەلگۆریتم و مۆدێلی ئاڵۆزەوە دەکرێت کە ڕێگە بەکۆمپیوتەر دەدەن «وەک مرۆڤ بیر بکاتەوە» و کاردانەوەی هەبێت.
فوئاد عەزیز شارەزا لە بواری تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد، پێی وایە هۆشیاری سەبارەت بە گرینگیی ژیری دەستکرد لە کوردستان بە گشتی لە قۆناغی سەرەتای دایە. جیهان بەخێرایییەکی سەرسوڕهێنەر بەرەو پێشەوە دەچێ لەو بوارەدا، بەڵام لێرە هێشتا هەنگاوەکان زۆر سەرەتایین.
دەشڵێ ”کۆمپانیاکان لەوانەیە هەندێک پڕۆژە و کاری بچووکیان هەبێت، بەڵام بەکارهێنانی بەرفراوان و ستراتیژی هێشتا نەهاتووەتە ئاراوە“.
ژیری دەستکرد لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ هاتنی (Chat gpt) بە فراوانی بڵاو بووەتەوە، ئێستە ڕۆژانە مۆدێلی تازەی ژیری دەستکرد بەردەست دەبن، ئەگەر بەردەوام ئاگەداری نەبن لە زانین دوا دەکەوی.
لە بارەی ئەو کەسانەی دژی بەکارهێنانی ژیری دەستکردن و بەشتێكی باشی نازانن، شارەزاكە دەڵێ ”ڕەتکردنەوەی ژیری دەستکرد لە نەزانییە، ئەو کەسەی بەکاری ناهێنێ، لە پێشکەوتن دوا دەکەوێت“.
ژیری دەستکرد بەدەرفەتێکی زێڕین دەزانێ و داوا لە گەنجان دەکات لە ڕێگەی ژیری دەستکردەوە خۆیان فێری چەندین بوار، پیشە و زمانی جیاواز بکەن، کاتی خۆیان لە شتی بێ سوود بەفیڕۆ نەدەن، دەشڵێ ”داهاتوو بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە لە ژیری دەستکرد شارەزان“.
ئێستە خواستێکی زۆر بۆ فێربوونی بنەماکان و ئامرازەکانی ژیری دەستکرد لەلایەن گەنجان و کارمەندانەوە بەدی دەکرێت. ڕێباز ئەحمەد خاوەنی کۆمپانیای بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی سۆشیاڵ میدیایە، یەکێکە لە ڕاهێنەرە دیارەکانی ژیری دەستکرد لە هەولێر، باس لە زیادبوونی ژمارەی بەشدارانی خولەکانی تایبەت بە ژیری دەستکرد دەکات. پێی وایە گەنجان، بەتایبەتی دەرچووانی زانکۆ، خاوەنکار و ئەو کەسانەی لە بواری بازاڕگەری (مارکێتینگ) و تەکنەلۆژیادا کار دەکەن، زۆر بەپەرۆشن بۆ فێربوونی ژیری دەستکرد.
ژیری دەستکرد تێکەڵی تەواوی بوارە جیاوازەكانی ژیان بووە و ئاسانکاریی سەیر دەکا، کارەکان هێندە خێرا دەکات كە پێشتر بیریشی لێ نەكرابووەوە، سەرباری ئەوەی تێچووی پارە و كاتیشی كەمە.
ڕاهێنەرەكە پێی وایە مرۆڤی سەرکەوتوو دەبێ لەگەڵ سەردەم بڕوا و لە زانستی نوێ دانەبڕێت، بەهۆی گرینگیی ژیری دەستکردەوە لە ماوەیەکی نزیکدا بەشێکی زۆری هەلی کار یەکێک لە مەرجەکانی شارەزایی دەبێت لەم بوارە، بۆیە پێویستە گەنجان بەزوویی خۆیان فێر بکەن، کات لەسەر ئەوان ناوەستێت، ژیری دەستکردیش ئەوەندە خێرایە، ئەمڕۆ فێری نەبیت، سبەی درەنگە.
خواستی فێربوون و بەکارهێنانی ژیری دەستکرد بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکی گرووپی (ژیری دەستکرد) کە خاوەنی زیاتر لە هەزار ئەندامە لە كوردستان، ڕاپرسییەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئەنجام دراوە، بەم شێوەیە:
دروستکردنی ڤیدیۆ: 36%ی خواستی لەسەرە.
بوارەکانی تری زانست: 13%یە.
نوێکردنەوەی وێنە: 11%یە.
دروستکردنی کارەکتەری دەنگی: 6%
نووسینی ڕاپۆرت، دروستکردنی وێنە، ئامادەکردنی سیمینار و زانیاریی گشتی بەشێکی دیکەن لەو بوارانەی فێرخوازان خوازیاری فێربوونن لە ڕێگەی ژیری دەستکردەوە.
(Chat gpt, claude, gimini, deepSeek) لە دیارترین ئەو مۆدێلانەی ژیری دەستکردن کە پشتگیریی زمانی کوردی دەکەن و بۆ گفتوگۆ، نووسین، شیکردنەوەی زانیاری و ئەرکی جۆراوجۆر بەکار دێن.
هەروەها بۆ دروستکردنی وێنە زیاتر (Midjourney, DALL-E) بەکار دێت. بۆ دروستکردنی ڤیدیۆش (Sora, Runway Gen 2, Pika Laps) لە باشترین مۆدێلەکانن.
شڤان هەرکی گەنجێكی خاوەن كارە و کۆمپانیایەكی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی سۆشیاڵ میدیای هەیە و بۆ ژمارەیەک شوێنی بازرگانی لە هەولێر كار دەکات، باس لە ئەزموونی کۆمپانیاکەی دەکات لەگەڵ بەکارهێنانی ژیری دەستکرد و دەڵێ پێشتر تیمەکەیان زۆر کاتی پێویست بووە بۆ دروستکردنی ناوەڕۆک و نووسینی پۆستەکان، بەڵام ئێستە بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد توانیویانە کارەکەیان سێ هێندە خێراتر بکەن.
سەرەتا کارمەندەکانی ئەو كۆمپانیایە دوودڵ بوون لە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد، بەتایبەتی کە زۆربەی ئامرازەکان بە زمانی کوردی کارا نەبوون. بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا، بینییان ئەم ئامرازانە پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە لە توانای تێگەیشتن و بەرهەمهێنانی زمانی کوردی.
هەركی ئاماژەش بەوە دەکات کە کاریگەری ئەم تەکنەلۆژیایە لەسەر بازاڕی کار لە هەولێر دوو لایەنە. لە لایەکەوە، هەندێک کار کەم بوونەتەوە، بەتایبەتی ئەو کارانەی دووبارە و ڕۆتینین. لە لایەکی ترەوە، کاری نوێ دروست بوون کە پێویستیان بەشارەزاییی نوێیە لە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد. هەروەها پێی وایە كە ئەو کۆمپانیایانەی ژیری دەستکرد پەڕاوێز دەخەن لە داهاتوودا توانای کێبڕکێیان نامێنێت، دەڵێ ئەمە ڕاستییەکە کە هەموو خاوەن کار و کارمەندێک پێویستە لێی تێ بگەن.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی کۆمپانیای Gartner، چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٥ زیاتر لە ٧٥٪ی دانیشتوانی جیهان بەشێوەیەک لە شێوەکان و بەبێ ئەوەی خۆیان پێ بزانن، ڕۆژانە لەگەڵ ئامرازەکانی ژیری دەستکرد کارلێک دەكەن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved