بیلی.. دارتاشە ئەمریکییەکەی رواندز
بیلی.. دارتاشە ئەمریکییەکەی رواندز

ئەندرو بیلی، پیشەوەرێکی ٤٦ ساڵەی خەڵکی ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکایە، لە هێکڕا ژیانی ئاراستەیەکی چاوەڕواننەکراوی گرتە بەر، کاتێک چارەنووس بەرەو شاخ و کێوەکانی کوردستان هەڵی نا. ئەو گەشتەی بەبڕواوە دەستی پێ کرد، بوو بەچیڕۆكێكی پێنج ساڵەی وەدۆزین، پڕ لە پەیوەندیی بەهادار و هەستی قووڵ و تژی بۆ شاری ڕەواندز لە دەڤەری سۆران.
"لە بیرمە ڕۆژێک لە کاتی ڕامانەکانمدا، ئیلهامێک دڵمی هەژاند و هزرێک هانی دام بەرەو عێراق ڕێگە بگرم، لەو کاتەدا، شتێکی ئەوتۆم دەربارەی ناوچەکە نەدەزانی، بەڵام دەستم کرد بە گەڕان و لێکۆڵینەوە و کوردستانم دۆزییەوە. دەروو و دەروازەی ئەو ئاراستەیەم لێ ئاوەڵا بوو کە لە چارەم نووسرابوو ڕووی تێ بکەم”. ئەندرو بیلی ئەوها باسی سەرەتای گەشتەكەی تەمەنی دەكات.
بیلی لە ئینتەرنێت کەڤاڵی چەند پیرەمێردێکی کوردی کەوتە بەرچاو کە لە نێو پەروازی چیا سەرکەش و سەرنجڕاکێشەکانی ڕواندزێدا، لەسەر کەڵەکە بەردێک دانیشتبوون. دەڵێ "جوانیی سروشتەکە زۆر ئیلهامبەخش بوو، کە بینیم لە ژێر وێنەکەدا نووسراوە 'پیاوانی کورد لە ڕەواندز'، ئەوە یەکەم ئاشنابوونی من بوو بە کوردستان”.
لە وەتەی ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتووەتە ئەوێ، ڕایەڵی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەدا چنیوە و، بە پشتبەستن بەو کارامەیییانەی لە باوکیەوە بۆی ماوەتەوە، دارتاشخانەیەک بەڕێوە دەبات، کە پارچەی بەڕادان دراو و تایبەتی تێدا دروست دەکات و ڕاهێنان بە شاگردە خۆجێییەکان دەکات. ئەو دەڵێ "باوکم پیشەوەر بوو، پێم وایە لە کار و پیشەکەمدا، دەستڕەنگینی و بەهرەکەی باوکم بە میرات بۆ بەجێ ماوە، چ ڕێژەنێکە بتوانم لێرە ئەمە بۆ کەسانی دیکە بگوازمەوە."
بە یارمەتیی ستیڤ و دانیالی شاگردی کە خەڵکی ناوچەکەن و چەندین ساڵە لەگەڵی کار دەکەن، دارتاشخانەکەی بووەتە ناوەندێکی داهێنان و ئاڵوگۆڕی کولتووری.
بیلی دەڵێت "ئێمە زیاتر مۆبیلیا دروست دەکەین و پێکڕا پەیوەندییەکی جوانیشمان بنیات ناوە. ئەمانە تەنیا شاگرد و هاوکارم نین، ئێمە هاوڕێی هەتا هەتایین." داودیش، هاوکارێکی دیکەیانە، لە هەولێر دارتاشخانەیەکی دی بەڕێوە دەبات.
گەشتەکەی بیلی بێ هەوراز و نشێو نەبووە. بەڕێوەبردنی کارێک لە وڵاتێکی بیانی گونجان و ئارامیی پێویستە. "جار هەیە ڕۆژە پشوویەکمان نابێت، بەڵام ئەوەندە دەهێنێت. کە لە کۆتاییی ڕۆژدا، کڕیارێک بە زەردەخەنەوە پێمان دەڵێت، "ئەمە باشترە لەوەی بەتەمای بووم”.
گەشتەکەی بیلی ڕێزێکی قووڵی بۆ کولتووریی کوردی لەخۆ گرتووە. لە فێربوونی زمانەوە تا تاقیکردنەوەی خواردنە کولتوورییەکانی وەکو کەباب و دۆغەوا و دۆڵمە و نقومبوون لە ڕیتمەکانی ژیانی ڕۆژانەدا. دەڵێ "پێم وایە گرینگە بەزمانی ئەو شوێنە قسە بکەیت کە تێیدا دەژیت، ئەمە ڕێزی تۆ دەردەخات و یارمەتیت دەدات تا پەیوەندیی قووڵتر لەگەڵ خەڵکەکەدا دروست بکەیت”.
لە سەرەتادا هاوڕێکانی و مامۆستایانی زمان بۆ فێربوونی کوردی پشتگیریی هەوڵەکانی بوون. بیلی دەڵێ "مامۆستایەکی زمانم هەبوو کە بنەماکانی فێر کردم، پاشان خولێکی خێرام لە هەولێر خوێند. بەڵام گفتوگۆی ڕۆژانە لە کارگە و لەگەڵ ئەو خەڵکەی لە جادە و بانان دەیانبینم، بۆ من باشترین وانەن."
لە کاتێکدا بەگشتی ئەزموونی بیلی لە کوردستان ئەرێنی بووە، ئەو دان بەو ئاستەنگانەدا دەنێت کە گەنجانی کورد ڕووبەڕووی دەبنەوە و دەڵێت "زۆر لە گەنجان بەهۆی نەبوونی دەرفەت بێ هیوا دەبن، دەیانەوێت خێزان پێک بێنن، خانوو بکڕن و خەونەکانیان وەدی بێنن، بەڵام هەست دەکەن گیریان خواردووە."
بیلی هانیان دەدات تا لە دەوروبەری خۆیان دەرفەت بدۆزنەوە، ”کوردستان شوێنێکی جوانە بۆ ژیان و پەروەردەکردنی خێزان، هەندێ جار، کە بەجوانی دەور دراویت، بیرت دەچێت بیانبینی. بەڵام ئەگەر کات بۆ سەیرکردن تەرخان بکەی، هەست دەکەی دەرفەت لێرە زۆرن”.
بیلی بەرەو ٤٧ ساڵەی تەمەنی دەچێت، بیر لەو پەیوەندییە ناوازەیە دەکاتەوە کە لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئەمریکا و کوردستاندا دڵی داگرتووە و دەڵێ “زۆر جار بەخەڵک دەڵێم کە نیوەی دڵم لە ئەمریکایە و نیوەکەی دیکەی لێرە لە کوردستانە، وەک ئەوە وایە نیشتمانی دووەمم دۆزیبێتەوە - شوێنێک کە هەست دەکەم تیایدا خۆشەویست و پەسەندم”.
بیلی بە کولتووری کوردی و بەها بەهێزەکانی خێزان سەرسامە و دەڵێت "لە ئەمریکا، تێکشێواندنێکی زۆر لە ڕەگەز و ڕۆڵەکانی خێزان هاتووەتە ئارا، بەڵام من ستایشی ئەوە دەکەم کە لێرە لە کوردستان، هزرێکی ڕوون هەیە کە پێشینە بەخێزان و ڕێزگرتنی هاوبەش دەدات”. هەروەک ئاماژە بە گەرموگوڕی و میوانداریی کۆمەڵگە بچووکەکانی وەک ڕواندز دەکات. "لە شارە گەورەکان، لەوانەیە خەڵک بەلاتدا تێپەڕن و وشەیەک نەڵێن، بەڵام لێرە، هەمووان سڵاوت لێ دەکەن و دەڵێن، 'بەیانی باش، چۆنی؟”.
بیلی پێی وایە کارەکەی ڕێگەیەکیشە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە. دەڵێ "من بۆ ڕاوەپارە لێرە نیم ، من لێرەم تا یارمەتیی خەڵک بدەم و بەهەر شێوەیەکی بتوانم، لە کۆمەڵگە تازەکەم بەشدار بم. ئەوەیە کە مانا بە ژیانم دەبەخشێت.”
چیڕۆکی بیلی ئاماژەیە بۆ هێزی گۆڕانکاری و هەنگاونان لەودیو ناوچەی ئارامی و باوەشکردنە بەکولتوورێکی تازەدا. گەشتەکەی لە ڕێگەی بنیاتنانی پردی نێوان جیهانە جیاوازەکان و چۆنیەتیی خزمەت و هاریکارییەوە، گرینگیی لێک تێگەیشتنی کولتووری بەرجەستە دەکات، کە دەشێ ببێت بەڕێنمایی بۆ دۆزینەوەی مەبەست لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆیییەکان.
لە کاتێکدا بیلی ڕووەو ئایندە دەڕوانێ، هێشتا ئاواتی دۆزینەوەی هاوبەشێکی ژیان دەخوازێ کە بەهاکانی لەگەڵدا هاوبەش بکات. دەڵێ "من هێشتا سەڵتم، بەڵام بڕوام وایە خودا کەسێکی تایبەتی بۆ من داناوە، ژنانی کورد ڕێزدار و میهرەبان و خێزاندۆستن. ئەوانە ئەو خەسڵەتانەن کە من ستایشیان دەکەم و پێیان سەرسامم."
تەکەزی بیلی لەسەر ئەو پەیوەندییانەیە کە بنیاتی ناون، "ژیان تەنیا لە پارە یان سەرکەوتن کورت نابێتەوە، ژیان پەیوەندیی بەخۆشەویستی و خزمەتبەخشینە بە ژیانی کەسانی دی. ئەوەیە کە من لێرە لە کوردستان وەدەستم هێناوە."
بۆ ئەندرو بیلی، کوردستان لە مەنزڵگەیەک زیاترە - ئاماژەیە بۆ هێزی باوەڕ و هاوڕێیەتی و، جوانیی دۆزینەوەی خێزان لە شوێنی چاوەڕواننەکراودا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved