لە ناوەڕاستی قەرەباڵغترین بازاڕی شاردا، لە دووریی نزیکەی ١٠٠ مەتر لە قەڵات، ئافرەتانی خانەنشین لەناو باغێکی جوانی پڕ لە درەخت و گوڵ کۆ دەبنەوە و بەسەرهاتەکانی تەمەن و ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بۆ یەکتری دەگێڕنەوە.
نزیكەی دوو ساڵە ناوەندێکی کۆمەڵایەتی بەناوی سەنتەری خانەنشینیی ئافرەتانی هەولێر، لەناو (باغی شار)دا، لە تەنیشت سەنتەری خانەنشینیی پیاوان كراوەتەوە. لەو سەنتەرە، ئافرەتانی خانەنشینی هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان یەکتر دەناسن و یەكتر دەبیننەوە، بەدەم چاخواردنەوە و شیرینی خواردن و دانیشتنی پڕ لە پێکەنینەوە، یادگارییەکانی خۆیان دەگێڕنەوە.
ئامینە ڕەشید، لەدایکبووی ١٩٤٥، ساڵانێکی زۆری تەمەنی بەمامۆستایەتی بەسەر بردووە و ئێستا یاریدەدەری بەڕێوەبەری سەنتەرەکەیە بۆ کاروباری ڕۆشنبیری. ئەو بوونی ئەو سەنتەرە بەگرینگ بۆ ئافرەتانی خانەنشین دەزانێت، چونکە ئەو ئافرەتانە پێشتر بەردەوام لە دەرەوە بوون و ئەگەر دوای خانەنشینبوون بکەونە ماڵەوە، تووشی خەمۆکی و چەندین دەرد و ژان دەبن.
کافیە ڕەئووف، سەرپەرشتیاری وەرزشیی خانەنشین و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی سەنتەری خانەنشینی ئافرەتان باسی ئەوەی کرد، ئافرەتان لەو سەنتەرە، جگە لە گێڕانەوەی یادگارییەکان و قسە و باسی ڕۆژانەیان، سیمیناری جۆراوجۆر ساز دەکەن و ماوە ماوەش بۆ خۆشیی خۆیان، بەکۆمەڵ گەشت بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان دەکەن.
ئەو سەنتەرە هەفتانە دوو ڕۆژ (یەکشەممە و چوارشەممە) کراوەیە. لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی سەنتەرەکەش، ئامینە ڕەشید باسی ئەوەی کرد، لە کاتژمێر ٩ی بەیانی سەنتەرەکە دەکرێتەوە تا ئێوارە، لەوێ جگە لە چا و قاوەی بەردەوام، نانی بەیانیان و نیوەڕۆش بۆ ئافرەتەکان ئامادە دەکرێت و تێچووی هەموو خواردن و خواردنەوەیەکیشیان، لەلایەن پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەمرەوە دابین دەکرێت.
مەرجی سەرەکیی بوونە ئەندام لە سەنتەری خانەنشینیی ئافرەتان، خانەنشینبوونیانە و لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی سەنتەرەکەش کراوەتەوە تا ئێستا، ٤٨٠ ئەندامی هەیە و ژمارەکەش بەردەوام زیاد دەکات.
نسار جەمال نەقشبەندی، پێشتر یاریدەدەری ڕاوێژکاری یاسایی بووە و ئێستا خانەنشینە و بەردەوام هاتوچۆی سەنتەری خانەنشینیی ئافرەتانی هەولێر دەکات، ئەو بەپێویستی دەزانێ بودجەیەکی تایبەت بۆ سەنتەرەکەیان دابنرێت، چونکە جگە لە خەرجییەکان، چەندین چاڵاکیی تری وەک کۆکردنەوەی منداڵانی سەرشەقام، ئەنجام دەدەن.
بە گوتەی نسار نەقشبەندی، ئافرەتانی خانەنشین، ئەو سەنتەرە بە ماڵی دایک و باوکیان دەچوێنن، کە دەچنە ئەوێ زۆر ئاسوودە دەبن.