قـەڵای بـانـەمـان بـووەتـە ڕووگەی گەشتیاران
قـەڵای بـانـەمـان بـووەتـە ڕووگەی گەشتیاران

دوای ئەوەی قەڵای دێرینی بانەمان نۆژەن كرایەوە، پەیژە و ڕێگەی سەلامەتی بۆ دروست كرا، ژمارەیەك وێنەگریش ئەو شوێنەوارەیان بۆ زەماوەندی بووك و زاوا بەكار هێنا، چەند هەفتەیەكە قەڵاكە بووەتە ڕووگەی گەشتیاران. لە چوارچێوەی گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری و پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی گرنگی لە قەڵای بانەمان تەواو كرد، كە چەندین لایەنی گرتەوە، لەوانە دروستکردنی پەیژە و ڕێڕەوی سەلامەت بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و گەشتیاران. هەروەها سیستەمێکی ڕووناککردنەوەی مۆدێرن دامەزرا کە لە شەواندا دیمەنێکی سەرنجڕاکێش و جوان بە قەڵاکە دەبەخشێت. ئەم هەنگاوانە، سەرەڕای پاراستنی ڕەسەنایەتی و شێوازی مێژوویی قەڵاکە، دەرفەتی باشتریان بۆ گەشتیاران ڕەخساند تاکو بتوانن وێنەی یادگاری لێ بگرن و چێژ لە سەردانی ئەم شوێنەوارە مێژووییە وەربگرن.

ئەم قەڵایە بڵندە كەوتووەتە دووریی ٢٢ کیلۆمەتری شاری هەولێر، لەسەر ڕێگای شەقڵاوە هەڵكەوتووە، بەرزیییەكەی ٤٠ مەترە، وەک تاجێک لەسەری ترۆپكی گردێک دەدرەوشێتەوە، مێژووی دروستکردنی بۆ سەردەمی دەسەڵاتی میر محەمەد و شازادە خانزاد لە میرنشینی سۆران (١٨١٣ - ١٨٣٣) دەگەڕێتەوە، کە بەیەکێک لە گرینگترین قۆناغەکانی مێژووی گەلی کورد دادەنرێت.
ئەندازیاری و هونەری بیناسازیی کوردی لەم قەڵایەدا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش ڕەنگی داوەتەوە. قەڵاکە لە دوو نهۆم پێک هاتووە، بە بەرد و قشڵ دروست کراوە، كە نیشانەی لێزانی و شارەزاییی پێشینانە لە بواری بیناسازیدا. چوار قوللەی بازنەییی قەڵاکە، نەک تەنیا بۆ مەبەستی بەرگرییە، بەڵکو جوانییەکی تایبەتیشیان بە نەخشەی قەڵاکە بەخشیوە.
لە ڕابردوودا قەڵای بانەمان وەک بنکەی سەربازی بۆ بەرگریکردنی لە هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنەکانی میرنشینەکە بەکار هاتووە، هەروەها بۆ چاودێریکردنی ڕێگای بازرگانی سوودی لێ وەرگیراوە.
ناوی قەڵاکە لە گوندی بانەمان وەرگیراوە، بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە نێو بازنەی سنووری جوگرافیی گوندی بانەمانەوە، ئەگەرچی بەشێک لە خەڵکی بەهۆی نزیکی قەڵاکە لە چیای خانزاد، قەڵای خانزادیشی پێ دەڵێن، بەڵام ناوی تۆمارکراوی فەرمیی قەڵاکە، بانەمانە.
ئەم قەڵایە توانیویەتی شکۆ و جوانیی خۆی بپارێزێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەوڵانەی کە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گرینگیدان بە شوێنەوار و قەڵا دێرینەکان دراون، بەو مەبەستە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێرەوە، بە دوو قۆناغ نۆژەن كراوەتەوە، قۆناغی یەکەم لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستی پێ كرد كە بریتی بوو لە هەڵکۆڵین و ڕزگارکردن، چاککردنەوە و پاراستنی دیوارەکانی قەڵاکە، بەتایبەتی دووبارە دروستکردنەوەی قوللەی بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی قەڵاکە کە تەنیا بناغەکەی مابووەوە. بۆ ئەمەش بەراوردیان بە چەند قەڵایەکی تری هاوشێوەی ئەم قەڵایە کردووە. وەک؛ قەڵاکانی دووین، سارتکە و دێرێ کە لەلایەن میرنشینی سۆرانەوە دروست کراون.
لە قۆناغی دووەمدا كە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە دەستی پێ كرد، جگە لە چاودێریکردنی بەردەوامی قەڵاکە، گرینگیدان بوو بە قەڵاكە لە ڕووی گەشتیارییەوە، بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن بە ئاسانی لە نزیکەوە سەردانی بكەن، ئەوە بوو لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەیژە و ڕێڕەو بۆ ئاسانیی هاتوچۆی سەردانیکەر و گەشتیارانی قەڵاکە دروست کرا، هەروەها سیستەمێكی ڕووناکی مۆدێرنیش بۆ قەڵاکە داندرا تا لە شەواندا بە جوانترین شێوە دەركەوێت.
جەمال جەمیل ئەسعەد، بڕوانامەی دوکتۆرای لە شوێنەوار هەیە، فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، یەکێک بووە لە ئەندامانی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای بانەمان، لەمبارەیەوە قسەی بۆ (گڵکەند) کرد و گوتی “ئەم قەڵایە لە سەردەمی میرنشینی سۆران یەک نهۆم بووە، بەڵام لە ساڵی سییەکانی سەدەی ڕابردوو گۆڕانکاری لە بەشی سەرەوەی قەڵای بانەمان کراوە و کراوەتە دوو نهۆم و بەرزتر کراوە”. ئەم شوێنەوارناسە بەڵگەی قسەکانی بەوە هێنایەوە کە هەموو ئەو قەڵایانەی لە سەردەمی میرنشینی سۆران دروست کراون قوللەکانیان تا سەرەوەی قەڵاکەیە، بەڵام ئێستا دەبینرێت لە قەڵای بانەمان بەم شێوەیە نییە و قوللەکانی نزمترن.
دوکتۆر جەمال ئاماژەی بەوە دا کە هەر شوێنەوارێکی دێرین، یاخود قەڵایەک نۆژەن دەکرێتەوە پێویستی بەچاودێریی بەردەوام دەبێت و دەڵێت “پێویستمان بە بودجەیەکی تایبەت و ستافی زیاتر دەبێت”. بۆ ئاگاداربوون و پاراستن لە هەر حاڵەتێکی تێکچوون، لەناوچوون و داڕمانی قەڵاکە بەهەر هۆکارێکی سروشتی و مرۆیی بێت، بەزووترین کات چارەسەری بۆ بکرێت.
کاروان و ئیمان هاوسەری یەکترن، لە بیستەکانی تەمەنیاندا دەژین، منداڵێکی ساوای دوو مانگ لە باوەشی دایکیدایە، یەکەمین ساڵیادی هاوسەرگیرییانە. بەدڵخۆشییەوە لە هەولێرەوە هاتوون، بەجلی کوردییەوە خەریکی وێنەگرتن و تۆمارکردنی یادگارین لە بەردەم قەڵای بانەمان.
کاروان بۆ (گڵکەند) قسەی کرد، ئەو کاتانەی بۆ پیاسەکردن چوونەتە شەقڵاوە بە تەنیشت قەڵای بانەمان تێپەڕیون و ئەو قەڵایەیان بینیوە، بەلای ئەوانەوە زۆر سەرنجڕاکێش بووە، کاروان دەڵێت «زوو بڕیارمان دا لۆ ساڵیادی هاوسەرگیریمان بێینە قەراتی بانەمان وێنەی یادگاری بگرین».
خۆر ئاوا دەبێت و وردە وردە ئاسمان تاریک دادێت، ڕووناکیی قەڵاکە دادەگیرسێنن و لەنێو تاریکیی شەودا لەسەر گردێک قەڵای بانەمان بەباڵایەکی بەرز و دیمەنێکی درەوشاوە لە دوورەوە دەبینرێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved