لە ژمارە (٢٧)ی (گڵكەند)، بابەتێک بەناوی (کۆڵانی عارەبان دەکرێتە بازاڕێکی گەشتیاری) بڵاو کرایەوە، جێی خۆشحاڵییە كە ئێستە حکوومەت ئاوڕی جیدی لە شوێنەوار و کەلەپوور دەداتەوە، بەڵام پێویستە لە کاتی نۆژەنکردنەوەدا جگە لە پابەندبوون بەڕێنمایییەكانی یونسکۆ، گرینگی بەلاندسکەیپی شوێنەواری و کەلەپوورییش بدرێت.
لاندسکەیپی شوێنەواری (Archaeological Landscape) تەنها پاشماوەی فیزیکی ناگرێتەوە، بەڵکو دیمەنی گشتیی سروشت و دەستکردی مرۆڤ دەگرێتەوە، کە بەشدارن لە شوناسی کولتووریی ناوچەیەک، بەنموونە لاندسكەیپی گەڕەکە کۆنەکان لە هەولێر، پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ قەڵاتدا هەیە، کە وەک شوێنێکی کەلەپووری جیهانی لە ٢٠١٤ەوە لە لایەن یونسکۆوە تۆمار کراوە.
ناسنامەی مێژووییی هەولێر بەقووڵی لە گەڕەکە کۆنەکان و لاندسکەیپی دەوروبەری قەڵاتدا چەسپاوە. بۆیە پاراستنی شێوازی بیناسازی و دیمەنی گشتی (Visual Integrity) پێویستییەکی حەتمییە. نابێت بەجوانکردنی ئەو ناوچانە، دەستکاریی لاندسکەیپەکە بکرێت، نۆژەنکردنەوەی نالەبار کاریگەریی نەرێنی دەخاتە سەر زۆنەكە، لە ئەنجامیشدا بۆی هەیە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی یونسکۆ (UNESCO) پێشێل بكات.
شاری هەولێر بەردەوامیی ژیانی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ هەموو چاخ و سەردەمەکان لە ماوەی ١٤٠ هەزار ساڵدا تا سەردەمی هاوچەرخ، چاخەکانی پێش مێژوو و سۆمەری بەوەی كە بە ئەربائیلۆ ناسرا بوو. ناوەندی شارەکە، قەڵات، دڵی ئەم مێژووەیە.
گەڕەکە کۆنەکان لە دەوروبەری قەڵات لە سەردەمی هاوچەرخدا گەشەیان سەند، بەشێوەیەکی تەسک، لوولپێچ و ناڕێک، کە ئەم شێوازە شارسازییە بۆ پاراستن لە گەرما و دابینکردنی سێبەر دیزاین کراوە. گەڕەکە سەرەکییەکان وەک تەعجیل، خانەقا و كۆڵانی عارەبان، نیشانەی ئەم قۆناغەن. تایبەتمەندیی بیناسازیی ئەم گەڕەکانە بریتییە لە:
- بینای تەواوکار: خانووەکان بەکەرەستەی ناوچەیی (گڵ، قوڕ، بەرد) دروست کراون، بەکەرەستە و پێکهاتەی ناوچەکە.
- ڕێگەی تەسک: نیشانەی ژیانی کۆمەڵایەتیی نزیک و پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندێتی (Privacy).
- لاندسکەیپی یەکگرتوو: بەرزیی کەم و یەکڕەنگیی ڕەنگ و کەرەستە کە دیمەنێکی هارمۆنییان بۆ دەوروبەری قەڵات دروست کردووە.
گرینگیی هەولێر تەنها لە مێژووە کۆنەکەیدا نییە، بەڵکو لەو بەها فرە ڕەهەندانەی دایە کە شارەکە هەڵگریانە، لەوانەش:
ڕەهەندی شوێنەواری، شوێنی قەڵات کە کۆنترین شوێنی بەردەوام نیشتەجێبووە، هەڵگری دەیان چینی شوێنەواری پتر لە ٨٠٠٠ ساڵە، بنکەیەکی سەرەکییە بۆ توێژینەوەی شارستانیی مرۆڤایەتی.
ڕەهەندی مێژوویی، ناوەندێکی ستراتیژی بووە لە هەموو سەردەمەکان لە ١٤٠ هەزار ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستە، سەنتەری دەسەڵاتی ئەتابەگەکانی هەولێریش بووە.
ڕەهەندی بیناسازی، نیشاندەری تەکنیک و هونەری بیناسازیی ناوچەیییە، بەتایبەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە (وەک دیزاینی حەوشەی ناوەندی)، بەکارهێنانی کەرەستەی ناوچەیی.
ڕەهەندی کولتووری، ناوەندی پێکەوەژیانی فرە کولتووری (کورد، تورکمان، کریستیان) بووە، کە دەوڵەمەندییەکی تایبەتی بە فۆلکلۆر و ژیانی کۆمەڵایەتی بەخشیوە.
ڕەهەندی ئابووری، بازاڕی قەیسەری وەک دڵی بازرگانیی کۆن و ئێستە، شارەکە وەک دەروازەیەکی سەرەکیی وەبەرهێنان و بازرگانی لە ناوچەکەدا کار دەکات.
ڕەهەندی شارستانی، بەردەوامیی ژیان لە شارەکە، نیشاندەری توانای مرۆڤە بۆ خۆگونجاندن و بەردەوامیی شارستانیەت لەسەر خاکێکی دیاریکراو.
لەگەڵ گرینگیی شارەکە، بەتایبەت لە دوای ناساندنی قەڵات وەک کەلەپووری جیهانی، گەڕەکە کۆنەکانی دەوروبەری ڕووبەڕووی ئاڵنگەری نۆژەنکردنەوە بوونەتەوە کە هەڕەشە لە شوناسی ڕەسەنی شارەکە دەکات.
کێشەی گۆڕینی لاندسکەیپ، نۆژەنکردنەوەی هەندێک خانووی گەڕەکەکانی ناوچەی بافەرزۆن بەزیادکردنی پێکهاتەی نوێ، وەک دانانی کەپری سپی یان سەقفی مۆدێرن کە لەگەڵ بیناسازیی نەریتی ناگونجێن، لاندسکەیپی کولتووری دەشێوێنێت، وەک لە دیزاینی پڕۆژەکەدا هاتووە:
تێکچوونی دیمەنی گشتی (Visual Discordance): ئەم زیادکردنانە ڕەنگ و شێوازیان جیاوازە، بەئاسانی یەکڕەنگیی دیمەنی دەوروبەری قەڵات تێک دەدەن. بەپێی ڕێکەوتننامەی ڤینیسیا (ICOMOS, 1964)، هەر زیادکردنێکی نوێ دەبێت تەواوکەر بێت بۆ شوێنە ڕەسەنەکە، نەک دژ بێت.
پێشێلکردنی پێوەرەکانی یونسکۆ: ناوچەی بافەرزۆن بەتوندی پارێزراوە بۆ پاراستنی بەهای نایابی جیهانی (OUV) قەڵات. گۆڕینی لاندسکەیپ پێچەوانەی ڕێنمایییە کارپێکراوەکانە و هەڕەشە لەسەر تەواوکاری و ڕەسەنایەتیی (Authenticity) دیمەنی شارەکە دروست دەکات (Nara Document, 1994).
هیچ کوچە و کۆڵانێکی یاخود هیچ شوێنێک لەم کوردستانە بەبێ ناو نییە، ئەگەر شاخە، ئەگەر زەوییەکی ڕووتە بەهەمان شێوە ناوی کۆڵانەکانیش بەم شێوەیە. ناکرێت ناوێکی نامۆ بێنی و ناوی کۆڵانەکە بگۆڕی بۆ ناوێکی ئینگلیزی (پالۆد ئێریا) وەک ئەوەی پلانی بۆ داندراوە لەم پڕۆژەیە، ئەم نیشانەی دیکۆمێنتنەکردنی پڕۆژەکەیە پێش وەختە.
هەولێر پێویستە بەشێوازێکی هاوسەنگ پەرە بەخۆی بدات، بە جۆرێک کە باشترکردنی ژێرخان و ژیانی دانیشتوان نەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەو شوناسە مێژوویی و لاندسکەیپە کولتوورییە کە گرینگیی جیهانی بەشارەکە دەبەخشێت.
بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی بەتەواوی پابەندی پلانەکانی بەڕێوەبردنی یونسکۆ و ڕێنمایییە نێودەوڵەتییەکان بن سەبارەت بەنۆژەنکردنەوە لە زۆنی بافەردا. لە نۆژەنکردنەوەی خانووەکاندا، دەبێت کەرەستە و شێوازی نەریتی بەکار بهێنرێن بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتیی دیمەنی گشتی. پێویستە چاودێرییەکی وردی شوێنەکان بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانکارییە نالەبارەکان، لەگەڵ هۆشیارکردنەوەی دانیشتوان بە بەهای کولتووری ئەم لاندسکەیپە.