نهێنییەکانی چەمکی دەرێی ماری حەمە ئاغایە
نهێنییەکانی چەمکی دەرێی ماری حەمە ئاغایە
December 21, 2025

حەمە ئاغای غەفووری (١٨٣٥ - ١٩٢٠)، ناسراو بە حەمە ئاغای گەورەی كۆیە، یەكێك بووە لە كەسایەتییە هەڵكەوتووەكانی سەردەمی خۆی، لە هەولێرێ هەر ماڵێك پڕ میوان و بەخشندە بووبن، پێی دەڵێن ”دەڵێی ماڵی حەمە ئاغایە”.
شێروان كاكە زیاد حەمە ئاغا، بۆ (گڵكەند)، زانیاری لە بارەی باپیریەوە ئاشكرا دەكات، كە كوڕی مەحموود ئاغای غەفووری بووە، ئەو كەسەی خانی گەورەی كۆیەی دروست كرد. كەسێك بووە گرینگیی زۆری بە ئیشكردن داوە، بە تایبەتی ئاژەڵداری، نزیكەی ٦٠ هەزار سەرئاژەڵی هەبووە، موڵكی لە گوندەكانی خدران و موخەڕەس كڕیوە.
حەمە ئاغا پێنج ژنی هێناوە، یەكێكیان هەر زوو گیانی لەدەست داوە، لە چوار ژنەكەی دیكە، نۆ كچ و یەك كوڕی هەبووە، پێشتر چەند كوڕێكی هەبووە لە تەمەنی یەك ساڵیدا گیانیان لەدەست داوە. بەگوتەی شێروان، ڕۆژێك مەلایەكی دەشتی كۆیە چووبووە لای مەلای گەورە و گوتبووی لە خەونمدا حەمە ئاغا كوڕێكی دەبێت، بەڵام پێی بڵێ ئەگەر كوڕەكەیان بوو، با لە ماڵی خۆی بەخێوی نەكات تا بۆی بمێنێت، مەلای گەورەش پرسیار لە خێزانی دەكات و دەڵێت خێزانی حەمە ئاغای سكی هەیە؟ ژنەكەی دەڵێت بەڵێ، مەلای گەورەش میوانەكەی دەباتە ماڵی حەمە ئاغا و لە دیوەخان دادەنیشن، پێی دەڵێت ئەو مامۆستایە ئەو خەونەی دیتوە كە كوڕێكتان دەبێت، با لە ماڵی خۆتان گەورە نەبێت، بینێرە لای خزم و كەست، بۆیە كە كاكە زیاد دەبێت، حەمە ئاغا دەینێرێتە ماڵی تایەر ئاغا لە شیواشۆك، بەهۆی ئەوەی كاكە زیاد لە كۆتایییەكانی ژیانی حەمە ئاغا لەدایك بووە و پاشەبەرە بوو، حەمە ئاغا لە دوو مەلای گەورە دەنێرێت و پێی دەڵێت ئەمن ئیختیار بوومە و لە سەرەمەرگم، دەمەوێت ئەو كوڕە ببینم، مەلای گەورەش دەڵێت تۆ نابێت بیهێنیەوە ماڵ، بەڵام داوەتەكی گەورەی بكە لە گوندی هەرمۆتە، ئەوەی پێت خۆشە بانگهێشتی بكە لە خزم و عەشیرەت، با كوڕەكە بە بەرچاوت دابێت و بیبینی، ئەو كات تەمەنی پێنج شەش ساڵ بووە، ئەو هەموو ساڵە بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنێتەوە، منداڵەكەی خۆی نەبینیوە، هەر لەم داوەتەدا كاپتن های لە هەولێرەوە بانگهێشت كراوە.
شێروان كاكە زیاد دەڵێت حەمە ئاغا و مەلای گەورە زۆر ڕێزی یەكتریان دەگرت، پەیوەندییەكی ڕۆحییان هەبووە، لە زۆربەی نووسینەكانی مەلای گەورەدا، باسی حەمە ئاغا كراوە، تا یادی وەفاتەكەشی دۆكیۆمێنت كردووە، چونكە ئەو كات تۆمار و ناسنامە نەبوو، مەلای گەورە هاوڕێی حاجی قادری شاعیریش بوو.
باس لەو سەردەمە دەكات كە حاجی قادر نێوانی لەگەڵ شێخەكان تێك دەچێت و دەگوترێت لەبەر ئاغاكانی كۆیە و دەسەڵاتدارەكان سەری خۆی هەڵگرتووە و كۆیەی بەجێ هێشتووە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، بەو بەڵگەیەی ئەو هۆنراوەی لە ئەستەنبۆڵ بۆ حەمە ئاغا و ئەمین ئاغا نووسیوە و بەنامەیەك بۆ مەلای گەورەی ناردووە:
دوو ئاغای ماوە بیستومە ئەخبار
ئەمیناغا و حەمە ئاغای ساحبی كار
ئەمین و پشتیوانی قەسری میللەت
نیگەهبانی خەزێنەی موڵك و دەوڵەت
لەو دنیادا خودایە هەر بمێنن
بنەی بێ ئیتفاقی هەڵكەنێنن

مەلای گەورەی كۆیە لە مەدحی حەمە ئاغادا گوتوویەتی، لە سروشتی ئەو پیاوەدا، ترس خەلق نەكرا بوو، سەخاوەتیشی بەشەكی چاونەترسییەكەی بوو، لە فەقیری و بێ نانی نەدەترسا، ڕاستگۆ و ڕاستڕۆ، باكی بە ئاكامی ڕاستی نەبوو، قەت باسی چاكە و بەخششی خۆی نەدەكرد، كەسێكیش باسی چاكەی ئەوی كردبا، پێ سەخڵەت دەبوو.
ئەو نەوەیەی حەمە ئاغا لە باسی حوكمی باپیرەیدا دەڵێت ئەو دەسەڵاتداری تەواوی وراتی كۆیەی ئەو دەم بووە، كە سنوورە جوگرافییەكەی لە حاجی وسوو و نیرەگین و باوە مرادەوە لە بەستی شەرغە دەستی پێ دەكرد تا دەگەیشتە گوندی ئیلەڵا و دۆڵی خەلەكان و بالیسان تا شەقڵاوە و گوندی هەنارە، كە ڕێی مەسیفی ئێستەیە، ڕووبەڕووی هێرشی هەمەوەندییەكان و شێخ عوزێرییەكان بووەتەوە.
هەروەها باسی ئەو سەردەمە دەكات كە شێخ مەحموودی حەفید، سەیدێكی ناردووە بیكاتە قایمقامی كۆیە، بەڵام خەڵك لێی ڕازی نەبوون، بۆیە حەمە ئاغا ڕێگریی لێ دەكات و چەند شەڕێك ڕوو دەدات و چەند گوندێك دەسووتێن. هەروەها لە سەردەمی عوسمانییەكاندا، دووجار ڕووبەڕووی هێزەكانیان بووەتەوە، دوا جار لە كۆیە دوور دەكەوێتەوە و ماوەیەكی زۆر خۆی لە چیای باواجی عاسێ دەكات، دواتر دەچێتە چیای دێدەوان و لەوێ دەژیت، كەس ئامادە نەبووە لە لای عوسمانییەكان خەبەری لێ بدات و شوێنی ئاشكرا بكات، تا ئەو كاتەی حەمە ئاغا دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی دەكات و بە سەربەرزی دەگەڕێتەوە كۆیە.
بۆ جاری دووەم كە ڕووبەڕووی عوسمانییەكان دەبێتەوە، سمایل ئاغای برای دەكوژرێت، خۆی بەبرینداری دەستگیر دەكرێت، دەبردرێتە دادگەی مووسڵ و بە ١٥ ساڵ بەندكردن سزا دەدرێت.
ئینگلیز، پێشتر لە ڕێگەی گەڕیدەكانیانەوە زانیبوویان حەمە ئاغا دژی عوسمانییەكان بووە، بۆیە زوو پەیوەندییان پێوە كردووە، ئەویش لەگەڵ مەلای گەورەدا چووەتە پێشوازیی شاندی ئینگلیز كە (كاپتن های)ان لەگەڵ بووە. حاكمی ئینگلیز بینیویەتی حەمە ئاغا دەسەڵاتی ڕەهای هەیە، كردوویەتی بە قایمقامی كۆیە، حەوێزییەكانیش پەسندیان كردووە، جەمیل ئاغای حەوێزییش كراوەتە جێگری، دوای كۆچی دواییی حەمە ئاغا، جەمیل ئاغا كرایە قایمقام.
حەمە ئاغا، تەنیا یەك وێنەی هەیە ئەویش لە كتێبێكی ئینگلیزی (ڕۆبەرت هایس) بەناوی (دوو ساڵ لە كوردستان، ئەزموونی ئەفسەرێكی سیاسیی ساڵی ١٩١٨ - ١٩٢٠) بڵاو بووەتەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved