لەوسەرە دوندێ هەیە بەردێکی لەسەرە. ناوی وی کچە گاورە. کچە بەرد لە دوورەوە لێی بڕوانی، چاو دەڵێ: تاسکڵاوی لەسەرە.
ڕێی کیژە گاورم بە دارگێوژە، لە جریوە و خوێندن و قاسپە سەرڕێژە، ئەو گەلییە ڕێ بەردەڵانە لە گێوژ زەرد و سۆر دەچێتەوە، لق و پۆی درەختەکانیشی ئاوازیان لێ دەشنێتەوە. لە دوا ڕۆژانی سەرماوەز و بەراییی بەفرانبارانێ، وەرە بە چاوی خۆت چاو دێ، ڕێی کیژە گاور چ گێوژستانێکە، چ گێوژێ! گۆشتن، نەرم و ئاودار کتومت لێوی کۆنە یار. وێ دچێ هەورێ ئەو هەورێیەی کیژە گاوری لەسەر دوندی هەورگرتووی خۆی ڕاگرتووە، تاسکڵاوێکی لە بەردی نەرم بۆ چنیوە و نەخشاندووە، لەبەر خاتری کیژە گاور گێوژڕێژی کردووە و نیوەی باڵدارانی خۆی بێرە وەرکردووە.
کچ و کوڕانی هەورێیی ئەو گەلییەیان بەهەر ناوێ ناودێر کردبێ، سەرچیخ چوونە، لە دڵیشیان گران بێ، من هەر بە گەلیی گێوژ ناوی دەهێنم، ئاخر چ ناوێ هێندەی گێوژی لێ نایێ. خۆ لەخۆڕا نییە هەورێ لەو هەموو گەلییە پڕ لە داروبارەی خۆی، هاتووە دارگێوژە ناوازەکانی خۆی لەو گەلییە ڕیز ڕیز لە ڕێی کیژە گاور چاندووە. پۆل پۆل کەو و باڵداری خۆی هەڵداوەتە ئێرە و لەم لق بۆ ئەو لەق، لەم سەر بەرد بۆ ئەو سەر بەرد هەڵدەفڕن، وێکڕا ئاوازی گێوژانە بۆ کیژە گاور دەچڕن.
تاو کەوتبوو، کەوەرتیانی دامێنی هەورێ بە ساوایێ دەچوو، لەناو لانکێ تازە لە خەو ڕابووبێ، بزەی سپێدە لە لێوانی نیشتبێ. لەوێوە بە قووقەی کەڵەباب و بۆرەی چێڵ، وەڕینی سەگێ بەڕێی کردین، دەستەیێ کەژەوان هێور هێور پێدەشتمان بڕی، گەیشتینە بەراییی گەلی، تا ئێرە هاتین.
گەلی وێ ناچێ وەها زوو ئامێز بۆ هەتاو بکاتەوە، کزە بایەکی دێ، وەک گوێزان دەبڕێ، پووشوپەڵاشی دەو ڕێ خوساری کردووە، چاودێ جەند لە پرچی ژنانی بەساڵداچووی بناری هەورێ دەچێ. لە بن پووشەنەرمە لە جێ جێ چێنکە دیارە، دەڵێی سوخمەی تلیش تێبووی کیژۆڵەی کۆچەریی دوای کەر و بارە.
دوو لاوی دێ چاوساخمانن، ئەوان لە ڕۆیینێ پەلیکن، کارمامزن، ئێمەش کەمێ خێراتر لە کیسەڵ، ئەوان فێر نەبوونە هێواش بڕۆن، یان ڕۆشتن یان ڕاوەستان، تەواوێ لە ئێمە دوور دەکەونەوە، ڕادەوستن تا دەیانگەینێ، یەکێ لێی پرسین:
- ئەرێ ئێوە بەچەند دەگەنە لای کیژە گاور؟
- بە چل خولەک.
- ئەدی بە پێی ئێمە؟
- سێ هێندە.
من گوتم: سێ دەمژمێر بۆ ئێمە بژمێرە.
بە دەم ڕێوە، هەر لە جێوە، لە هەر بنە گێوژێ یەک دوو گێوژ لێ دەکەمەوە. وای! وەبیرم نایێ لە تەمەنم گێوژی وا گەورە و ناسک شیرنم خواردبێ. هەڵکشێ بە تەنیشت و بن دارگێوژی گەلیی گێوژدا سەرەو کیژە گاور هەڵکشێ، هەوراز ڕکە و لەبەر ناچێ، ڕێ لە هەندێ جێ بەردەڵانە و بن پێ دەکوتێ، جێ جێ پووشە، دەڵێی پێ لە سەر لۆکە دادەنێی. لە پشوودانێکدا هەستم کرد پێشترێ گەلیی گێوژم دیوە.
ئا، ئەو ڕێیە بە من نامۆ نییە، سەرچیخ نەچووبم بەر لە سی و شەش، سی و حەفت ساڵ بێرەدا هەڵگەڕاوم، بە چەند گەوە و ملە و دوندێک ناسیمەوە، هەر دەبێ ڕێی گۆڕین بێ. ئا، هەینێ هەڵە نەبم دەمەوهاوین بوو، بەڵام وای لە هیشکەساڵی، هەینێ بەو هاوینە، ئەها ئێرێهێ ئاوی پێدا دەهات، کەچی ئێستە بەو زستانە، نەک هەر جۆگە، گۆمیلکە ئاوێ نابینی، داخوا باڵداری ئێرە بۆ دەندووکە ئاوێ ڕوو لە کوێ بکەن.
گوێ ڕادێرە، جریوە و قاسپە و خوێندن ئاوازێکی وایان بە گەلیی گێوژ بەخشیوە، دارگێوژی بە سەما ئێخستووە، لێرە و لەوێ گێوژ قل قل بەردەبنەوە و بەهەڵگرتنەوەیان ڕاناگەین، هەر دەبێ وا بێ ڕێی کیژە گاور، هەر دەبێ وا بێ پێشوازیکردن لە کەژەوانانی ڕێی کیژە گاور.
لە ڕاستی دوندی (بێری) گەیشتینە تخووبی هەتاو، گەرم بووینەوە. خۆزی هەر سێبەر دەبوو، لە هەڵگەڕاندا هەتاو پرزەت لێ دەبڕێ. ئەوجا من چەندێ دژە گەرمام، بە من بێ تا بنی دنیا ڕێ سێبەر لە سێبەر گرێ داتەوە، تەنها لە ئاو بەخۆداکردنێ هەتاو لە پشتم بدا.
لە پشوودانێکی بەر هەتاودا کە لەبن دارگێوژێ پشتم بە بەردێ دابوو، دڵنیا بووم ئەوە جاری دوومە بێرەدا دێم، جاری یەکەم بە پێشمەرگایەتی ئەو جارەش بە کەژەوانی، هەینێ لە هەڵاتن و ناچاری، ئێستە بە کەژەوانی و گەشتیاری. بەڵام بەردەکەم بیر نەکەوتەوە، ڕەنگ بێ لە نزیکە وێ ڕێی دۆڵێکی دیمان گرتبێ، یان هەینێ بەردەکە سەرنجی ڕانەکێشا بم. لەو گەشتەدا سێ پێشمەرگەی دێرینم لەگەڵە (دەشتی، کاوە، گۆران) هەر چوارمان لە هەشتاکانی سەدەی بووری لە هەورێمان دابوو. دەشتی دەڵێ:
ئێوە سەرچیخ چوونە، ڕێی پێشمەرگایەتی ئێرە نەبوو.
کاوە باگۆی دەداتەوە: من دڵنیام بەو گەلییەدا ئاودیوی دیوی بالیسان بوومە.
من گوتم: لە دیوی دۆڵی هیران و نازەنینەوە بۆ دیوی دۆڵی بالیسان، هەورێ چەند ڕێیەکی بۆ پێشمەرگە کردبووەوە، یەکێ لە ڕێیەکان ئێرە بوو، من جارێک بێرەدا ئاودیو بوومە.
ئێ. لە هەینێ گەڕێ، بچێ و نەیەتەوە. سەرباسمان ئێستە و کەژەوانییە. دوو دەمژمێرێکی برد، تا بەسەر پانکێ داکەوتین. ئۆخەیش! خۆ گەلیی گێوژ لەوێوە تا ئێرە هەر هەوراز بوو، ڕاستایییەک نەهاتە ڕێ. کۆڵەپشتمان کردەوە، لەبن دارگێوژێ، هێلکەیەکی کۆڵاوم ئاودیو کرد، سێ چوار فڕە ئاوی تاڵم بەسەردا کرد، ئاخر کچە گاور نزیک دیارە، وا بەسەرمانەوە، بەڵام دەزانم زۆری ماوە، بۆیە پێویستم بەوزەبەخشە.
دوای پشوودانێکی باش، کۆڵەپشتمان لەوێ بەجێ هێشت، من بە نیو دەبەی ئاوی تاڵەوە سەرکەوتم. چاوساخ دەڵێ: قەدبڕ لێ دەی، زۆر نزیکە.
دەشتی و من قەدبڕ لێمان دا، ڕێی بزنمان گرتە بەر، ئەوانی دی بە ڕێی مەڕدا. ئێمە هێشتا نیوەی دوندمان نەبڕیبوو، دەبینم دوو چاوساخەکە و سابیری کەژەوان وا بە پژدێنی کیژە گاورەوە. هەڵکشێ، نیهاد نەجاڕیش هاتەوە سەر بزنەڕێ.
دەمژمێرێکی برد و نەبرد، گەیشتین. وای لەو کیژە بەردە! داخوا بۆچی ناوی کیژە گاورە؟ تۆ بڵێی کیژە موسوڵمانێ بووبێ، ئەوینی کوڕە ئێزدییەک، عیسایییەک، مووسایییەک لەسەری دابێت و لە دین وەرگەڕابێ و ڕەدووی کەوتبێ؟ ئان لە سەردەمی هێرش و پەلاماردانی عارەبان، دەستی بە ئاینی داک و نەنکی خۆیەوە گرتبێ، نەچووبێتە سەر ئاینی لە بیابانەوە هاتوو. ملی نەدابێ و پێی چەقاندبێ و ژنانە جەنگا بێ، بەخوێنی خۆی ئەو بەردەی نەخشاند بێ. دوای گەشمردەبوونی، درەنگ، هاوخوێنانی خۆی بە کیژە گاور ناویان تۆمار کرد بێ. هەرچی بێ. کیژە گاور لە بەرزاییی هەورێ، سەری وا لە هەورە و بەسەر گەلیی گێوژدا دەڕوانێ.
هەوکە وا بە بەژنی کیژە گاوردا هەڵدەگژێم، دوو کەژەوان وا لەسەر شانی کیژە گاور ڕاوەستاون. بەڵام نەگەیشتنە تاسکڵاوەکەی. چاوساخ دەڵێ: تا ئێستە تەنها دوو کەس گەیشتوونەتە سەر سەری.
سێ کەژەوان گەیشتینە پژدێنی. تۆ چاو دێ پژدێنی کیژە گاور چەند لە پژدێنی ژنانی موکریان دەچێ. دەستم وا بەپژدێنی کیژە گاورەوە.
ئێستە وا لە بن پێی کیژە گاور دانیشتووین، لێرە و لەوێ کەوییە بەفر، گۆلمە بەفرێکم لە ئاوی تاڵ کرد و لە چاوی کیژە گاور شیرنانە هەڵم دا.
ماڵاوا کیژە گاور، تێر نەبووم لە دیدارت، بۆ هەلێکی دی.
بە بزنەڕێدا لە شێوەی تاوێر غلۆر بووینەوە، لەو خوارە ڕوو لە کیژە گاور لەبن دارگێوژان، دانیشتین، قاسپەی کەو دێ، بە قاوەیەکی نیهادی و چایەکی کاوە حەساینەوە. دوو قەلەڕەشکە وا بەئاسمانەوە، قیڕەیان ئەگەر وەرگێڕینە سەر زمانی خۆمان دەبێتە:
بڕۆن، زوو بڕۆن، لە دوای خۆتان جەمێکی باش بەجێ بهێڵن.
شتێکمان بۆ قەلەکان بەجێ هێشت و بەدەم گێوژ لێکردنەوە و هەڵگرتنەوە بەگەلیی گێوژدا شۆڕ بووینەوە.
لە بیرمان بێ، لە هەر کێوێ کیژە گاورێ هەیە، کیژێ بە بەرد بووبێ، یان خۆی بە بەرد کردبێ.