ژنێکی خانه‌دانی دەستڕەنگین زیاتر لە پەنجا ساڵە لە خانوویەکی کۆڵانە تەنگەبەرەکانی شەقڵاوەدا، سرکەی سێ‌و دروست دەکات، لەم ڕێگەیەوە بژێویی خۆی و دەیان خێزانی دیکەشی دابین كردووە، ناوبانگی سركه‌كەشی سنووری هه‌رێمی كوردستانی تێپه‌ڕاندووه.
خانزاد مام وسو (تەمەن ٧٠ ساڵ)، سێ كچ و سێ كوڕی هەیە، له چاردە ساڵییەوە لە دایکییەوە فێری دروستکردنی سرکە، نانەقەیسی، ڕووبە هەنار، ترشیات و به‌ر‌هه‌می دیکەی كوردەواری بووە، بەڵام ئێستە خۆی بۆ دروستكردنی سرکەی سێ‌و تەرخان كردووە.
سەرەتای چیڕۆكەكە بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە كە خانزاد دەبێتە پۆلی شه‌شی بنه‌ڕه‌تی، خێزانەكەیان له قوتابخانه ده‌ری دێنن و به‌شووی ده‌ده‌ن، له ماڵی خه‌زووری درێژه به‌و پیشه‌یه ده‌دات كه لە دایكی فێر بووه.
”سێوی نه‌مه ئی حاجی ئۆمه‌رانێیه، سارانه باخچان له‌وێ ئه‌گرینه‌وه و سێوه‌كان به عه‌مه‌لان ئه‌ڕنین و به لۆرییان دینینه ئێره، ئه‌وجا هه‌نده ژنی داك هێتیم كرێیان ئه‌ده‌مێ سێوه‌كانم جوان لۆ ئه‌شۆنه‌وه، دوایه هه‌ر سێوه‌كی ئه‌كه‌ینه چار به‌ش و ئه‌یانخه‌ینه ناو ده‌به‌ی گه‌وره كه ئێكی دووسه‌د كیلۆیان ئه‌گری، ئایه‌تیان له‌سه‌ره خوینم و سه‌ری كه‌پسه‌كه‌ین، پاشی ٤٥ ڕۆژان ئه‌بیته سركه، له‌و فه‌تره‌ی نابی ده‌ستكه‌یه‌ی ده‌نا حه‌ڕامه بی، پاشی هه‌ینێ ئه‌گوشین ئه‌خه‌ینه ناو شووشان، هه‌ر شووشه‌كیش ٧٥٠ غرامی ئه‌گری، مەوادی حافیزه‌شی تێ ناكه‌م“. خانزاد ئەوها باسی دروستكردنی سركەكەی دەكات.
(بەرهەمی سروشتیی خانزاد شەقڵاوە) ناوی بڕاندی ئەو ژنە خاوەنكارەیە و ئێستە لە تەواوی شارەكانی هەرێمی كوردستان و چەند شارێكی عێراقیش خواستی زۆری له‌سه‌ره، لە سوپەر ماركێت و مۆڵەكاندا بە تاك و بە كۆ دێتە فرۆشتن. ئەو بەرهەمە جگە لە بەكارهێنانی لە چەند جۆرێك خواردندا، بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی چه‌وریی سه‌ر جگه‌ر و گوشاری خوێن و شه‌كره‌ش به‌كار دێت.
خانزاد لە بارەی هه‌ڵبژاردنی سێوی حاجی ئۆمه‌رانەوە دەڵێت سێوی ئه‌و ناوچه‌یه بە ئاوە، بۆیە سركه‌كەشی بەتامترە، هه‌ر سێ جۆری سێوی كه‌سك و زه‌رد و سۆر دەكات بە سركه، بەتایبەتیش هەوڵ دەدات تێكەڵاویان بكات، بۆ ئەوەی باشترین بەرهەمی لێ دروست بێت، به‌ڵام سێوی ئێرانی بۆ سركه بەگونجاو نازانێت، چونكه ده‌خرێنه ناو ساردكه‌ره‌وه و وشك هه‌ڵده‌گه‌ڕێت، ئه‌و سركه‌یه‌ی له توركیا و ئێرانیشەوە هاورده ده‌كرێن، دروستكراوی كارگه‌كانن و كەرەستەی پاراستنی تێ كراوە، سەرباری ئەوەی تامیشیان خۆش نییە.
ئەو ژنە خاوەنكارە وێنەی خۆی لەسەر لۆگۆی بڕاندەكەی داناوە، لەسەر هەر شووشەیەكی سركەدا، وێنەكەی دەبینیت، بۆ ئەوەش دەڵێت مه‌به‌ستی ناسینه‌وه‌یەتی له لایه‌ن كڕیارەكانیه‌وه، لە ڕێگەی ئەو پیشەیەوە، بژێویی خێزانەكەی خۆی و دەیانی دیكەشی دابین كردووە.