کاتێ لاپەڕەکانی مێژووی نزیک هەڵدەدەینەوە، سەتان هەڵوێست و ڕەفتاری زۆر مەزن و پڕ دڵسۆزی و خۆنەویستیی جوامێرانەی کوردت بەرچاو دەکەوێ لە بوارە جیا جیاکانی ژیان.
لە کاتی ئەو لافاوە کاولکارەی ساڵی ١٩٥٤ی بەغدا کە بەترسناکترین لافاو دەژمێردرا، مام عەزیز شێروانی کە کارمەندێکی بەردەست بوو لە دادگەی هەولێر، ڕۆژێک پێش لافاوەکە نێردرابووە دادگەی کەرخ لە بەغدا بۆ گەیاندنی داوەتنامەی داوا و چەند نووسراوێکی فەرمی. کە لافاوەکە هات، ڕێگەی نێوان کەرخ و ڕەسافە نەما، مام عەزیز بۆ چەند ڕۆژێک نەیتوانی بگەڕێتەوە هەولێرێ. کاتێ دەوام کرایەوە، سەرۆکی دادگەی کەرخ هاتە دەوام و دەبینێ پیاوێکی کورد گەسکی لە دەستە، حەوش و ڕێڕەوەکانی دادگە دەماڵێ و خاوێنی دەکاتەوە، سەری سوڕ دەمێنێ کە لێی دەپرسێ، دەزانێت مام عەزیزی کارمەندی بەردەستی دادگەی هەولێرە و لەبەر لافاو نەیتوانیوە بگاتەوە هەولێرێ و دەوام بکا، بۆیە لە دادگەی کەرخ کارەکەی خۆی کردووە و بە سەرۆکی دادگەی گوت: جەناب نامەوێ مووچەکەم حەرام بێت، دەمەوێ بە نانی حەڵاڵ منداڵەکانم بەخێو بکەم.
نموونە زۆرن لەسەر دڵسۆزیی پیاوی کورد، زۆربەمان گوێمان لە پەرۆشی و دڵسۆزیی مامۆستا هادی چاوشلی بووە، کە لە (خاڵس) دێتەوە، قایمقام بووە، ڕۆژێک لە دەوام دوادەکەوێت، سزای کارگێڕیی خۆی دەدات و مووچەی ئەو ڕۆژەی خۆی دەبڕێت.
لە هەولێریش برادەرێکی دادوەرمان هەبوو کە لە دادگەیەکی دەوروبەر کاری دەکرد، خێزانەکەی لە هەمان دادگە کاری دەکرد و فەرمانبەر بوو، ڕۆژێک نەچووبووە دەوام، یەکسەر جەنابی دادوەر بانگی بەڕێوەبەری کارگێڕیی کردبوو و گوتبووی: ئەمڕۆ مووچەی لێ ببڕە. بەڕێوەبەرەکە گوتبووی: جەناب ئەوە خێزانتە و خۆت دەزانی هۆکاری نەهاتنی چییە، لە وەڵامدا، دادوەرەکە گوتبووی: ئەگەر سزای نەدەم خۆی پێ لە فەرمانبەرانی دیکە پێ باشترە و ئەگەر هەر فەرمانبەرێکی دیکەش دەوام نەکات، ناتوانم سزای بدەم.
دڵسۆزیی مامۆستا مەعرووف جیاووکیش بە چەند کتێبێک باس ناکرێت، کاتێك ئەندام بووە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بارتەقای سەت ئەندام پەرلەمانی ئێستە داکۆکیی لە مافی کورد کردووە لە بەغدا و دامەزرێنەری یانەی سەرکەوتن بوو لە ناوجەرگەی بەغدا لە ساڵانی چلەکان، کە سەرجەم ڕۆشنبیرانی کوردی کۆ دەکردەوە.