ئافرەت لە ئەدەب دەکشێتەوە
ئافرەت لە ئەدەب دەکشێتەوە
December 18, 2025

بە دەیان جار ئەو پرسیارەم بە مێشکدا هاتییە، ئەرێ لۆ ئافرەتانی مە لە ئەدەب دەکشێنەوە؟ بە دەیانم دیتینە، دێنە ناو بوارەکە، ئەوجە بە شیعر، چیڕۆک یان ڕۆمان، یان دۆستی ئەدەب بووە و حەزی کردییە تێکەڵاوی نووسەران بێت. بەڵام، دوای ماوەیەکی کەم، ون دەبن. لۆ؟
وەڵامە کورتەکە ئەوەیە: بڕۆ کتێبی «ڕاوەژن»ی حەمەسەعید حەسەن و «نەخۆشخانەی شاعیران»ی غەمگین بۆڵی بخوێنەوە.
وەڵامە درێژەکە ئەوەیە: زۆربەی نووسەر و ئەدیبانی مە، پرۆسەی نووسین و فڕێدانی قسەی گەورە گەورە بەدانانەوەی تۆڕ تێگەیشتینە. بەو گێیانەی خۆم گێم لێ بووە، لە کۆڕی دابەشکردنی کتێب بە بەلاش، نووسەر بە نووسەری دیکەی گۆتییە، «هیچ بە تۆڕێ وەنەبوو؟» قورئان بە حەقت بە ساحێبت، نووسەر هەیە لەو کوردستانەی لەسەر پشیلەی پاز نادات. فەزایەکە بۆگەن و ناسەلامەتە. کەسەرەکە ئەوەیە، ئەو نووسەرانە ئەو نزمە بەپاڵەوانێتی تێگەیشتوونە، وا دەزانن بەو کارەیان موسەقەفتر دەبن.
نووسەر هەیە، ئەوڕۆ ئافرەت دەناسێت، ئێوارێ وێنەی خۆی بە ڕووتی لۆ ئافرەتەکە دەنێرێت! لە کێندەری دنیا ئەوە هەیە؟ کێهانت پێ نووسەر، بیرمەند، ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەنووسێکی زۆر گەورەیە، لێی بپێچەوە، پێنج سەت ڕەفزی وەرگرتییە و ماری دەیان ئافرەتی کاول کردییە. هەیە بە تۆبزی خۆی کردیتە نووسەر لۆ ئەو کارە قۆڕانە. دۆخەکە لەناو هونەر و سینەما و شانۆ باشتر نییە. بە دەیان ئافرەت لای من درکاندوویانە کە ناوێرن بچنە هەندێ کۆڕ لە هەندێ شوێن لەبەر هەندێ نووسەری چاوحیز.
چار چییە؟ بە ڕای من چار پەنابردنە بۆ یاسا.
لە کوردستان یاسا هەیە بۆ پاراستنی تاک، بەتایبەتی ئافرەتان، تکایە شەرم مەکە و بێدەنگ مەبە، ئەگەر هەر یەکێک/نووسەرێک بەهەر شێوەیەک بێزاری کردی، بڕۆ شکایەتی لێ بکە، بۆ ئەوەی ببێتە پەند و وانە بۆ ئەوانی دی و ئەو دیارەدەیە بنبڕ بێت. بنۆڕە بزووتنەوەی «می توو»، چەند گورگی دایە دادگە و ڕووی چەند پیاوی ڕەش کرد. ئای لۆ ئەو ڕۆژەی بزووتنەوەیەکی ئەوها وەکی «می توو» لە کوردستان بتەقیباوە، ئەوجە ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانەتان لۆ بەدیار دەکەوت کە هەموو ڕۆژێ لەسەر تەلەڤزیۆنن و قسەی ناسک و شاعیرانە دەکەن و دەفەلسەفێنن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved