ئەندازیار (پییر لۆبۆتۆ) سەرۆکی ئەندازیارانی کوتەڵە مێژوویییەکانی فەڕەنسی بووە، لە ناوەندی شێستەکانی سەدەی ڕابردوو، لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانییەکانی عێراق هاتووەتە بەغدا، لەوێشەوە گەیشتووەتە هەولێر، چەند ڕۆژ لەو شارە، لە قەڵاتە ئاوەدانەکەمان ماوەتەوە، بەناو کۆڵانە تەسکەکانی پیادەڕۆییی کردووە، سەیری دەرگە، پەنجەرە، بنمیچە ڕەنگاوڕەنگەکانی کردووە، ئەو دەمانە زۆریان باش، جوان وەک خۆی مابوونەوە.
ئەو وەک ئەندازیاری خەمخۆری کەلەپوور، بیناسازی، نەخشەسازییەکانی ڕۆژهەڵات، دەستی لە کەرپووچی جوانی کورەچییەکانی سەعدوناوە داوە، سەرسامی بالکۆنەکان بووە، لەوێوە چاوی بڕیوەتەوە شەمامک، دەشتی هەولێر، چیای سەفینی زۆر باش لێوە دیار بووە، بێ گومان بەهەموو پێکهاتەکانی قەڵاتەکەش سەرسام بووە، بۆیە بەدڵسۆزییەوە ڕاپۆرتێکی هونەریی ئەندازەییی تۆمار کردووە.
ئەو ئەندازیارە بۆ گەشەپێدانی قەڵات و نۆژەنکردنەوەکەی ڕاپۆرتێکی نووسیوە، لە سەرەتای هەشتاکان لەناو فایلەکانی شارەوانیی هەولێر ئەو ڕاپۆرتە تایپکراوە خاوێنەم بە زمانی عەرەبی دەست کەوت، دوای شیکردنەوە و کورتکراوەی ڕاپۆرتەکەم لە کتێبی سەت ساڵەی شارەوانیی هەولێر بڵاو کردەوە، کە لە لایەن مامۆستا (کەریم سۆفی)ی هاوڕێمان لەسەر داوای من بۆ کتێبەکە، کرابووە کوردی.
ئەو لە ڕاپۆرتەکە داوای کردووە ئەو خانووانەی ماندوون نۆژەن بکرێنەوە، دوایی خانووەکان بکرێن بە میوانخانە، چایەخانە، بنکەی بازرگانی، بیریش لەوە بکرێتەوە توێژینەوە لە خاکەکەی بکرێت، بزاندرێت چەند بەرگە دەگرێت.
لەو خەمخۆرییە زێرابی بۆ قەڵات لە بیر نەکردووە، گوتوویەتی؛ پێویستە ڕێگە سەرەکییەکەی هەڵبگیرێت، هاتوچۆکانی ناو قەڵات تەنیا پیادە بێت. نابێت ڕاکێشانی هێڵەکانی کارەبا بەدەرەوە بن، پێویستە هەمووان بۆ گەیاندنی کارەبا، پەیوەندییەکان لەبن زەوی بشاردرێنەوە!
پێشنیاری کردووە ئەو پڕۆژە مەزنە، پێویستی بە تیمی فرەبەهرە دەبێت، بۆ ئەوەی کاری لەناو بکەن، ئەندازیاری بیناسازی، ڕەنگرێژ، نەخشەساز، شارەزایانی کشتوکال و باخچەکان، شارەزایانی هاتوچۆ ئاگەداری وردەکارییەکان بن!
لە ڕاپۆرتەکەی خەمی لە پاڕکی ئۆتۆمۆبێل خواردووە، نووسیویەتی؛ ئەو پاڕکانە لەبن زەوی بن باشترە بکەونە بن ڕێگەکەی بەسەر قەڵات دەکەوێت! هەروەها کەمێک بۆ ئەوەی کۆڵانەکان شیاوی هاتوچۆ بن، بەرین بکرێن، چەتری سێبەریش بۆ میوانان ساز بکرێن!
لەو سەردانە باش هەستی بەوە کردووە، بەشی گەڕەک و ماڵەکانی ڕۆژهەڵاتەکەی ڕێکوپێک و پوختترن لە بەشەکەی تری، کە خانووەکانی بچووکن، باخچە و جوانکاریی کەمترە.
* ڕاپۆرتەکە لە لایەن (جەمیل حەمودی) لە فەڕەنسییەوە کرابووە عەرەبی.