قوتابیانی هەولێر دژی دەسەڵاتی بەغدا دێنە دەنگ
قوتابیانی هەولێر دژی دەسەڵاتی بەغدا دێنە دەنگ
December 18, 2025

بەپێی بەڵگەنامەیەكی فەرمی، قوتابیانی هەولێر لە کۆتاییی ١٩٥٣دا لە ڕێگەی بڵاوکراوەیەكەوە لە ساڵیادی خۆپیشاندانی تشرین و ناڕەزایی دەربڕین لە دژی حکوومەتی عێراق، دامودەزگە ئیداری و ئەمنییەکانی هەولێر و بەغدایان بەخۆیان سەرقاڵ کردووە و پۆلیسیش نەیتوانیوە هیچ بەڵگەیەک لەسەر قوتابیان، بدۆزێتەوە.
خۆپیشاندانی تشرین لە ٢٦ی ئابی ١٩٥٢ بەمانگرتنی کرێکارانی بەسڕە دەستی پێ کرد، دواتر لە ٢٦ی تشرینی یەکەم قوتابیانی عێراق درێژەیان پێ دا و داوای گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانییان لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری دەکرد، بەڵام حکوومەتی عێراق توانی کۆتایی بەو خۆپیشاندانانە بهێنێت.
دواتر موتەسەڕیفی لیوای هەولێر لە ١٧/١١/١٩٥٣، بەنووسراوێک وەزارەتی ناوخۆی لە جموجۆڵی یەکێتیی قوتابیان لە هەولێر ئاگەدار کردووەتەوە.
لە ٢٤/١١/١٩٥٣شدا وەزیری ناوخۆی عێراق نووسراوەکەی ڕۆژی ١٧/١١ی موتەسەڕیفی لیوای هەولێری بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس ناردووە تاوەکو ”لێکۆڵینەوە“ لە جموجۆڵی قوتابیانی هەولێر بکەن و ”ڕێکاری پێویست“ بگرنە بەر.
قوتابیانی هەولێر بڵاوکراوەیەکیان لە ١/١٢/١٩٥٣ لە نێوان قوتابیان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان بەیادکردنەوەی ڕاپەڕینی تشرین لە دژی ”دیکتاتۆریەتی پۆلیس و خاین و داگیرکاران“، کردووە.
هەر هەمان ڕۆژ، بڵاوکراوەکەی قوتابیان بە پۆلیس گەیشتووە و بەڕێوەبەری پۆلیسی لیوای هەولێریش نووسراوێکی بۆ موتەسەڕیفی لیوای هەولێر ناردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دەستیان بەسەر بڵاوکراوەیەکدا گرتووە، کە بەناونیشانی (ساڵیادی ڕاپەڕینی تشرینی نەمر) لە نێوان قوتابیان بڵاو کراوەتەوە، ”بۆ ئاگەداریتان“.
دوای ١٢ ڕۆژ لێکۆڵینەوە و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بەڵگە لەسەر قوتابییە ناڕازییەکان، بەڕێوەبەری پۆلیسی لیوای هەولێر نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس کردووە و تێیدا دەستەوەستانیی خۆیان لە دۆزینەوەی بەڵگە و سزادانی قوتابییەکان، ڕاگەیاندووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved