شاکر فەتاح لە سلێمانییەوە بۆ لیوای هەولێر
شاکر فەتاح لە سلێمانییەوە بۆ لیوای هەولێر
December 18, 2025


لە ڕۆژی ٢٦/١٠/١٩٥٣ نووسراوێک لە موتەسەڕفیەتی لیوای هەولێرەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی شانشینی عێراق نێردراوە، ئیمزای شاکر فەتاحی وەک بریکاری موتەسەڕیفی لیوای هەولێری، لەسەرە.
لە نووسراوەکەدا، شاکر فەتاح ئاماژەی بەوە کردووە، بڵاوکراوەیەکیان بەناونیشانی (خەباتی جووتیار لە پێناو خاک و ئاشتی و سەربەستی) لە ڕێگەی پۆلیسەوە بەدەست گەیشتووە و وەزارەتی ناوخۆی لەو بڵاوکراوەیە ئاگەدار کردووەتەوە.
شاکر فەتاح ئەحمەد، نووسەر، وەرگێڕ، کەسایەتییەکی ناسراوی کورد و دەرچووی کۆلێژی مافی زانکۆی بەغدا، بووە. لە ساڵی ١٩١٤ لە سلێمانی لەدایک بووە. چەندین پلە و پۆستی لە دامودەزگە جیاوازەکانی حکوومەتی عێراق، لە شارەکانی کوردستان، وەرگرتووە.
دوایین پۆستی شاکر فەتاح، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بووە، کە لە ساڵی ١٩٧٧ پێی دراوە و لە ساڵی ١٩٨٠ش خانەنشین کراوە.
لە ڕۆژی ١٣ی ئاداری ١٩٨٨، ئەمیندارێتیی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوان لە هەولێر سیمینارێكی بەناونیشانی (سیمینارێكی زانستی لە بابەت كوردەوە، لە بیری سەدام حوسێن) ساز کرد، لەو سیمینارەدا، شاکر فەتاح لەسەر مینبەر ڕای گەیاندووە، ”باشترین چارەسەر بۆ مەسەلەی نەتەوایەتیی کورد ئەوەیە، دەسەڵاتی دەوڵەت لەگەڵ تێکۆشەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریی کورد لە عێراق ڕووبەڕوو دابنیشێ و بکەوێتەوە وتووێژەوە، بەمە نەبێ چاک نابێ، چەک مەسەلەکە ناگەیەنێتە ئەنجام“.
دوای ئەو سیمینارە، شاکر فەتاح گەڕاوەتەوە سلێمانی، لە شەوی ١٨ی ئاداری ١٩٨٨ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستگیریان کردووە و گواستوویانەتەوە هەولێر. دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر، لە ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٨٨ گوللەباران کرا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved