بەگوێرەی شایهتحاڵ و سەرچاوەی جیاواز، یهكهم كهس كە قهوانی لە بەغداوە هێنایە ههولێر، پیاوێك بوو بهناوی عهلی فلهیح، كه چایخانەیەکی گچكەی لەناو شار ههبوو.
عەلی حەسەن فلەیح ساڵی ١٨٨٤ لە هەولێر لەدایک بووە، له سهیدهكانی نهعێمی بوو، وەختی خۆی بۆ یەكەم جار چایخانەكەی لە دوكانەكانی نزیك دەرگەی ئەحمەدیە كردەوە كە موڵكی ماڵی ئەحمەد عوسمان یەكەم موتەسەڕیفی لیوای هەولێر بوو. پێ دەچێت دواتر چایخانەیەكی دیكەی لە دوكانەكانی عەبدوڕەحمان چەلەبی بەکرێ گرتبێت، دواتر دوكانێكی لە ماڵی شێخۆ ئاغا بۆ چایخانە کڕیەوە. لە چایخانەکەی عەلی فلەیح چای و قاوە دەخورایەوە، نرخی چایەك بە چوار فلس، هاوینانیش شەربەت و ماستاوی هەبوو. بەیانیان چایخانەكە بەهۆی وەستانی كرێكارانەوە قەرەباڵغ دەبوو. بۆ یەكەم جار قەوان كە فۆنۆگراف و گرامافۆنیشی پێ دەگوترا و لە ئامێرە کۆنەکانی مۆسیقایە، لەو چایخانەیە ئیشی پێ كرا. قەوان لە كوردستان ئەو ناوەی لێ نرا، هەندێك جۆریان لە سەرەتادا بەقورمیشكردن كاریان پێ دەكرا، ئەمەش بەر لەوەی كارەبا بگاتە ناو ماڵان و بازاڕەكان.