ئەو دەمەی لە ڕۆژنامەی كوردیدا کەرەستەی هونەریی وەك کۆمپیوتەر نەبوو، بۆ مانشێت و لۆگۆ، پشت بەدەست و خەتی خۆشنووسان دەبەسترا، بەڵام بۆ ئەو ڕۆژنامە كوردییانەی لە بەغدا دەردەچوون، كێشەكە دووان بوو، چونكە خۆشنووسەكانی ئەوێندەرێ عەرەب بوون و لە خەت و ڕێنووسی كوردییان نەدەزانی، بەڵام لە کانوونی یەکەمی (١٩٧٠)ەوە، لەگەڵ خۆئامادەکردن بۆ دەركردنی ژمارە یەكی ڕۆژنامەی (هاوکاری)، هونەرمەندی خۆشنووس محەمەد عوسمان زادە وەکو یەکەم خۆشنووس و نەخشەسازی لاپەڕەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی، کە ئەودەم قوتابیی بەشی کوردیی کۆلێژی ئاداب بوو لە بەغدا، دەرکەوت.
لەو كاتەوە زادە بووە فریادڕەسی نووسینی مانشێتەکانی ڕۆژنامەنووسیی کوردی لەم شارەدا، بەتایبەت لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی هاوکاری، ئەلتەئاخی، برایەتی، ڕۆشنبیری نوێ، بەیان و ڕۆژی کوردستان.
ڕۆژنامەنووس عەبدوڵڵا عەباس لە ڕۆژنامەی (هاوکاری)، لەمەڕ (زادە)ی خۆشنووسەوە دەبێژی ”هەتا ناو و بەهرەی هونەرمەندێکی دەستڕەنگین و بەسەلیقەی وەک زادە دەرنەکەوت، ڕۆژنامە کوردییەکانی بەغدا، خەتنووس و نەخشەکێشی ڕۆژنامە كوردییەكان عەرەب بوون، دەبووایە نووسەرێک لەو ڕۆژنامەیە لەگەڵیان دابنیشێت، پیت بە پیت فێریان بکات“.
زادە لە بارەی هونەرەكەیەوە دەڵێت ”لە قۆناغی سەرەتایییەوە، بەهرەی خەتخۆشیم هەبوو، کە گەیشتمە ئامادەیی، مامۆستایەكی کەرکووکیمان هەبوو، چیڕۆکنووسێکی باش بوو، نووسینی (نەشرە)ی ساڵانەی قوتابخانەی بە من دەسپارد“.
باس لەوەش دەكات كە قوتابییەکی هاوڕێی بەناوی (زمناکۆ) هەبووە، كە خۆشنووسێکی زۆر باش بووە و سوودی لە بەهرەکەی بینیوە، هەروەها باس لە ڕۆڵی سەعید یەحیا خەتات، کەریم دیار و یونس خەتاتیش دەكات.
زادە دەگێڕێتەوە، لە سەرەتای شێستەكان، بەهۆی هاتوچۆی ماڵی باپیری لە (سێتاقان) و چایخانەكەی (عوسمان)ی خاڵی لەو گەڕەكە، عەبدوڵڵا پەشێوی ناسی، لەوێ ڕێك كەوتن خەتی سەر بەرگی دیوانە شیعری (فرمێسک و زام) بنووسێت، دەڵێت تا ئێستە شانازیی پێوە دەكات.
کە زادە بۆ خوێندن دەچێتە بەغدا، لە کۆتاییی (١٩٦٩) وەک خۆشنووس بۆ یەکەم جار لە گۆڤاری (ڕووناکی)ی پاشکۆی ڕۆژنامەی(النور)ی عەبدولڕەحمان زەبیحی كار دەكات. دواتر لەگەڵ دەركردنی ڕۆژنامەی (هاوکاری)، لەگەڵ ستافی یەکەم كە سێ کەس بوون، سەربەست بامەڕنی و عەبدوڵڵا عەباس و جەلالی میرزا کەریم دەستبەكار دەبێت و لە 9/1/1970 یەکەم ژمارەی هاوكاری دەردەكەن.
بەم شێوەیە لە ماوەی نزیکەی ٦٥ ساڵدا بووە ناودارترین خۆشنووسی دەیان ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب لە بەغدا و هەرێمی کوردستان.
دوای ئەو گۆڕانکارییە تەکنیکییە چاپەمەنییەی لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە هاتە ئاراوە، جواننووسی لە مانشێتی گۆڤار و ڕۆژنامەکان پشتگوێ خرا، بەڵام دوای ٥٠ ساڵ، جارێکی دی ئەو جوانکارییە ڕۆژنامەنووسییە لەسەر لاپەڕەکانی (گڵکەند) بەدەست و پەنجەی (بژار ئەربیلی)ی خۆشنووس خرایەوە بەرچاوی خوێنەران.