پایتەخت حەفت هێندەی پێویستی، هێلکە بەرهەم دێنێت
پایتەخت حەفت هێندەی پێویستی، هێلکە بەرهەم دێنێت
December 17, 2025

بەهۆی زۆریی خواست و بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردە، هاوشان لەگەڵ پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەم بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا ژمارەی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی ٣٧٥٪ زیادی کردووە، وزەی بەرهەمهێنانی ساڵانەش بە ڕێژەی ٢٣٦٪ گەشەی کردووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئێستە ٥٧ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكەی خواردن لە هەرێمی كوردستان هەن، کە بەسەر پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دابەش بوون، ٢٨ پڕۆژە لە هەولێر، ١٤ لە سلێمانی، شەش لە دهۆک، دوو لە گەرمیان، پڕۆژەیەك لە هەڵەبجە، شەش پڕۆژەش لە ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، زاخۆ و ڕاپەڕینن.
وزەی بەرهەمی ساڵانەی ئەم پڕۆژانە (بەمەرجی کارکردن بە وزەی تەواو) دەگاتە چوار ملیار و ٦٠١ ملیۆن و ٣٤٤ هەزار هێلكە. ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ژمارەی پڕۆژەکان تەنیا ١٢ پڕۆژە بوون و وزەی بەرهەمهێنانی ساڵانەشیان یەك ملیار و ٣٦٨ ملیۆن هێلکە بووە.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ، سەبارەت بەم گەشەسەندنە خێرایە بە (گڵكەند)ی ڕاگەیاند ”هۆکارێكی زیادبوونەکە، بۆ ستراتیژیی کابینەی نۆیەم دەگەڕێتەوە کە لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، گرینگیی تایبەتی بەکەرتی کشتوکاڵ داوە. لەسەر ئەم بنەمایە پێداچوونەوەمان بەڕێنمایییەکانی پێدانی مۆڵەتدا کرد و ڕۆتیناتمان کەم کردەوە“.
سەبارەت بەکاریگەریی دۆخی بازاڕیش، ئاماژەی بەوە دا ”لە ٢٠٢٠ و بەهۆی کۆڕۆناوە، عێراق و هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکەیان دەرکرد، ئەم هەنگاوە وای کرد خواستی زۆر لەسەر بەرهەمی ناوخۆ دروست بێت و ببێتە هاندەرێکی بەهێز بۆ وەبەرهێنەران تا پڕۆژەی نوێ دامەزرێنن“.
بە لەبەرچاوگرتنی سفرەی خێزانی کوردی و ستانداردە جیهانییەکان، وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستیی ساڵانەی هەر تاکێکی لە هەرێمی کوردستان بە ١٥٠ هێلکە دیاری کردووە. ئەگەر پشت بەداتاکانی دوایین سەرژمێری ببەستین (٦,٥١٩,١٢٩) کەس، ئەوا کۆی پێداویستیی ساڵانەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەم پێوەرە دەگاتە نزیکەی ٩٧٨ ملیۆن هێلکە. لە بەرامبەریشدا، وزەی بەرهەمهێنانی پڕۆژەکانی هەرێم ٤.٦ ملیار هێلکەیە، واتە پڕۆژەکانی هێلکەی خواردن لە کەرتی پەلەوەر قۆناغی خۆژێنی تێپەڕاندووە و بەڕێژەی ٤٧٠٪ (نزیکەی پێنج هێندە) لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە.
داتاکان دەری دەخەن بڕبڕەی پشتی ئەم گەشەسەندنە پارێزگەی هەولێرە، کە خاوەنی ٢٨ پڕۆژەیە بە وزەی ساڵانەی دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن هێلکە (٥٧٪ی کۆی بەرهەمی هەرێمی كوردستان). لە کاتێکدا دانیشتوانی هەولێر (٢.٥ ملیۆن کەس) ساڵانە پێویستیان بەنزیکەی ٣٧٨ ملیۆن هێلکە هەیە، واتە وزەی بەرهەمی پڕۆژەکانی ئەم پارێزگەیە نزیکەی حەفت هێندەی (٦٩٣٪) ئەو پێداویستییەیە. بەڵام لە ڕووی پراکتیکییەوە، بەهۆی پڕۆسەی گۆڕینی مریشک و پاککردنەوەی هۆڵەکان، پڕۆژەکان ناتوانن بەردەوام بە ١٠٠٪ی وزە کار بکەن، سەرەڕای ئەم گرفتەش داتاکان دەری دەخەن کە «بەرهەمی واقیعی» ئێستەش چەندین هێندەی پێداویستییەکانە.
بەپێی ئەو داتایەی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە هەولێر داویەتی بە (گڵكەند)، تەنیا لە مانگی ڕابردوودا سەرەڕای وەستانی شەش پڕۆژە بەهۆی ئاڵوگۆڕی مریشکەوە، ٢٢ پڕۆژەکەی دیکە بڕی ٣٩٨ هەزار و ٨٧١ کارتۆنیان خستووەتە بازاڕەوە، کە دەکاتە زیاتر لە ١٤٣ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار هێلکە.
ئەگەر ئەم ژمارەیە بەراورد بکەین بەپێداویستیی مانگانەی دانیشتوانی هەولێر (کە ٣١ ملیۆن هێلکەیە)، دەردەکەوێت تەنانەت لە کاتی وەستانی بەشێک لە پڕۆژەکانیشدا، هەولێر چوار هێندە و نیو (٤٥٠٪) لە پێداویستیی خۆی زیاتر بەرهەم دەهێنێت.
ئەمەش مانای ئەوەیە، تەنیا لە پارێزگەی هەولێرەوە ڕۆژانە زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار هێلکەی زیادە وەک سەرچاوەیەکی داهات هەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.
ڕێباز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەولێر، هۆکاری بەردەوامیی گەشەکردنەکە بۆ پاڵپشتییەکان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت ”بوونی خواست لە شارەکانی عێراق، لەگەڵ پاڵپشتییەکانی حکوومەت لە ڕێگەی کەمکردنەوەی کرێی کارەبا و لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هێنانی سۆیا و پریمیكس (بەئامانجی كەمكردنەوەی نرخی ئالیك)، بوونەتە هاندەرێکی بەهێز“.
ئاماژەی بەوەش دا، وەک دەرەنجامی ئەو پاڵپشتییانە، تەنیا لەم ساڵدا پێنج پڕۆژەی نوێ لە سنووری هەولێر دامەزراون، کە دوایین پڕۆژە لە مانگی ئەیلوولدا مۆڵەتی وەرگرتووە.
گەشەسەندنی پڕۆژەکان لە هەولێر تەنیا لە ژمارەدا قەتیس نەبووە، بەڵکو ژێرخانیش فراوان بووە و ئێستە بەتێکڕا ١٢٢ هۆڵی بەرهەمهێنان و ٥١ هۆڵی پەروەردەکردن لەم پارێزگەیەدا هەن. بۆ نموونە «گرووپی کۆمپانیاکانی خاڵە» لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پڕۆژەکانیان لە یەک پڕۆژەوە بۆ چوار پڕۆژە (ئەلمەیاس، ئەلسەفیر، شەقڵاوە و دلین) زیاد کردووە، کە خاوەنی ٢٦ هۆڵی بەرهەمهێنان و ١٤ هۆڵی پەروەردەن و توانای بەرهەمهێنانیان ساڵانە زیاتر لە ٣١٦ ملیۆن هێلکەیە.
بۆتان سەفیر ئەحمەد، بەڕێوەبەری گرووپەکە هۆکاری زیادکردنی پڕۆژەکانیانی بۆ قەدەغەکردنی هاوردە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت ”تەنیا لە مانگی ڕابردوودا ٧٨ هەزار کارتۆن هێلکەمان بەرهەم هێناوە، کە نیوەیمان لە بازاڕی ناوخۆ فرۆشتووە و نیوەکەی دیکەشمان هەناردەی بەغدا كردووە“.
جێی سەرنجە، سەرەڕای زۆریی بەرهەم هێشتا نرخی هێلکە بەرزە و هەر تەبەقەیەک بە ٦٥٠٠ بۆ ٧٠٠٠ دینار دەگاتە دەست هاووڵاتی، لە کاتێکدا نرخی دیاریکراوی هەر کارتۆنێک ٦٠ بۆ ٦٥ هەزار دینارە. لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەولێر ڕوونی کردەوە، بەهۆی گرانبوونی ئالیکەوە، تێچووی هەر کارتۆنێک نزیکەی ٤٥ هەزار دینار دەوەستێت، بۆیە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، نرخەکەیان لە نێوان ٦٠ بۆ ٦٥ هەزار دینار جێگیر کردووە.
جەختی لەوەش کردەوە ”پڕۆژەکانمان پابەند کردووە کە دەبێت ٥٠٪ی بەرهەمەکانیان لە بازاڕی ناوخۆدا ساغ بکەنەوە ئینجا مافی هەناردەکردنیان هەیە، ئەگینا بەهۆی خواستی زۆری زستانەوە، نرخی کارتۆنێک دەگەیشتە ٨٠ هەزار دینار“.
هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی پڕۆژەکان، هەنگاوی جیددی بۆ دروستکردنی ژێرخانی ئەم کەرتە نراوە. گرووپی کۆمپانیاکانی ڤانۆ، لە ٢٠٢٢ گرێبەستی بریکاریی دایکانەی مریشکی (ئیزا)ی لەگەڵ کۆمپانیای (هێندرێکس)ی هۆڵەندی واژۆ کرد.
کاروان سەڵاح بەڕێوەبەری گشتیی گرووپی ڤانۆ ڕای گەیاند ”لە ڕێگەی ئەو گرێبەستەوە، گەورەترین پڕۆژەی دایکانەی مریشکی هێلکەمان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەولێر دامەزراندووە، کە ساڵانە توانای دابینکردنی ١٣ بۆ ١٥ ملیۆن جووجەڵەی یەک ڕۆژە و هێلکەی ترووکاندنی هەیە“.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەش دا، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە ٩.٥ ملیۆن مریشکی هێلکەکەر هەیە، ئەوان تا مانگی ئەیلوول نزیکەی چوار ملیۆن جووجەڵەیان دابین کردووە (٤٥٪ی پێداویستییەکان) و بەهۆی زۆریی خواستیشەوە تا مانگی ئایاری داهاتوو نۆرە گیراوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە لە مانگی شوباتەوە هێڵی بەرهەمهێنانی مریشکی ئیزای سووریش دەخەنە کار.
هەروەها بەشێک لە وەبەرهێنەرانیش جووجەڵە یان هێلکەی ترووکاندن لە گرووپی ڤانۆ یان تورکیا دەکڕن و دوای ٩٠ ڕۆژ پەروەردەکردن دەیفرۆشنەوە بەپڕۆژەکانی بەرهەمهێنان.
گرووپی کۆمپانیاکانی خاڵە ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن مریشکی هێلکەکەر بەم شێوەیە دەفرۆشێت، بەڵام بۆتان سەفیر هۆشداریی دا لە دیاردەیەک و گوتی ”گرفتمان لەوەدایە حکوومەت ڕێگە دەدات مریشکی ٩٠ ڕۆژە لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردە بکرێت. ئەمەش مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی لێ دەکرێت و ڕەنگە زیان بە سەرجەم پڕۆژەکانی ناوخۆ بگەیەنێت، بۆیە داواکارین پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا بکرێت“.
نموونەیەکی سەرکەوتووی دیکەی پڕۆژەکانی هەولێر، پڕۆژەی ڕێباسە لە سنووری قەزای قوشتەپە، کە خاوەنی پێنج کێڵگەی پەروەردە و ١٨ کێڵگەی بەرهەمهێنانە و وزەی ساڵانەی ٣٥٥ ملیۆن هێلکەیە، ئێستە خاوەنی ٥٨٠ هەزار مریشكی هێلکەکەری سوور و سپییە و تەنیا لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٢ هەزار كارتۆن بەرهەمی هەبووە.
حسێن عوسمان بەڕێوەبەری پڕۆژەکە ڕای گەیاند ”پڕۆژەکەمان سیستمێکی تەواوکارییە، واتە جگە لە هۆڵی بەرهەمهێنان و پەروەردە، هەڵهێنەر و کارگەی ئالیکی تایبەت بەخۆمان هەیە و تەنیا هێلکەی ترووکاندن لە دەرەوە هاوردە دەکەین“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved