لە ڕووداوێكی مێژوویی‌دا، كە زیاتر لە دیمەنی فیلمە ئەفسانەیییەكان دەچێت، كۆمەڵێك جەنگاوەر بڕیار دەدەن دوا بەدوای مردنی فەرماندەكەیان، كۆتایی بەژیانی خۆیان بێنن، تا بە سواری ئەو ئەسپەی لەگەڵیاندا نێژراوە، بەرەو جیهانێكی تر بەڕێ بكەون، كە گیانیان لە پێناویدا بەخت كردووە.
كۆتاییی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، له سنووری سیده‌كان، گۆڕێكی به كۆمه‌ڵ دۆزرایەوە، مێژووەكەی ٢٥٠٠ ساڵ پترە، كەللەسەری پادشا یان فەرماندە و پاشماوەی ئێسك و پرووسكی ئەسپ و پاسەوانەكانی و گۆزەیەكی تێدایە.
ئێواره‌كی پێنجشه‌ممەیە، جووتیارێكی گوندی خەلیفانی باکوری ڕۆژهەڵاتی شارەدێی سیدەکان، خەریكی شۆكردنی عاردەكەیتی، لە ناكاو گاسنەكەی لە چاڵێكی نێزیكەی مەتر و نیو قووڵ گیر دەبیت، كابرا سۆراخی چاڵه‌كه‌ی بۆ گرینگتر دەبێت له درێژەدان بە جۆتەكەی، بۆیە واز لە كێڵان دەینی، سه‌رێك به‌نێو چاڵه‌كه‌دا ده‌كات، ده‌بینێت كه‌لله‌سه‌ری مرۆڤ له لایه‌ك كه‌وتووه و ئێسكی ئاژه‌ڵیش له لایه‌كی دی، گۆزه‌ش لەولا.
جووتیاره سیده‌كه‌ییه‌كه به‌دیتنی ئێسك و پرووسكی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و گۆزه، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت شوێنه‌وارێكی دۆزیوه‌ته‌وه، زوو میری ئاگەدار ده‌كاته‌وه، خەبەر دەگاتە دائیرەی شوێنه‌وار.
عه‌بدولوه‌هاب سلێمان به‌ڕێوه‌بەری شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری سۆران، كە خۆی سه‌ردانی چاڵەكەی كردووە، لەم بارەوە بۆ (گڵكەند) دەڵێت چاڵەكە گۆڕێكی شێوه به‌له‌مییە، كه به وشكه به‌ردی ناوچه‌كه دیواره‌كانی به به‌رزی ١٣٥ سانتیمه‌تر به‌سه‌ر یه‌كه‌وه داڕێژراوە، به‌درێژاییی ٤٢٠ سانتیمه‌تر و پانیی ١٦٠ سانتیمه‌تر، گۆڕێكی كۆمه‌ڵە.
ئەو بەرپرسەی شوێنەوار به‌داخه كە شوێنه‌واره‌كه لە لایەن خه‌ڵكی گوندەكە دەستكاری كراوە. هەندێك كەس ویستوویانە بزانن چییە و بەسەر پاشماوەكان كه‌وتبوون و شێواندوویانە. كه‌لله‌سه‌ریان له شوێنێك، قاچ و ده‌ستیان له شوێنێكی دیكە فڕێ دابوو، دەڵێت ئەو كارە ئه‌ركی شوێنه‌وارناسانی بۆ ناسینه‌وه‌ی گۆڕه‌كه قورس كردووە، چونكه ئه‌گه‌ر خه‌ڵك به‌نێو نه‌كه‌وتبان، ده‌یانتوانی زانیاریی زیاتر به‌بێ پشكنینی تاقیگه‌یی له گۆڕه‌كه به‌ده‌ست بخه‌ن.
عه‌بدولوه‌هاب سلێمان پێی وایە له ڕووی بیناسازییه‌وه، گۆڕەكە تۆكمەیە، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ مادده‌یه‌كی لكێنه‌ر به‌كار بێنن، به‌ردی وشك له دیوار و بانی به‌كار هێنراون، به‌ردی پان و لووسیش به‌سه‌ر بانه‌كه‌یەوە ڕاخراون، چه‌ند گۆزه‌یه‌كیش له نێویدا هه‌بوو، هی ئه‌وه نه‌بوون گومانی زێڕ و خشڵیان تێدا بكرێت، بەڵكو لە جۆری گۆزەی هەڵگرتنی ئاو یان خواردنەوە و عەترن. له ڕووی كولتوورییشه‌وه، خه‌ڵكه‌كه ئاشنای هونه‌ری بیناسازی بووینه، له هه‌مان كاتدا گلێنه‌شیان دروست كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی له‌گه‌ڵیان نێژراون.
له ڕووی ئاینیشەوە، له گۆڕدا باوه‌ڕی ئاینی ده‌ردەكه‌وێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه شێواندنی ئێسك و پرووسكی ئه‌و گۆڕه زۆر زانیاریی شێواند، لەگەڵ ئەوەشدا هەبوونی ئێسكی بزن و ئه‌سپ و (١١) كه‌لله‌سه‌ری پیاو له ناویدا، بەو مانایە دێت كە ئه‌وانه‌ی له نێو گۆڕه‌كه‌دان یه‌ك خانه‌واده نین، به‌ڵكو پێ دەچێت سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی و تاقمه‌كه‌ی بن، یان خانه‌دان و پادشایه‌كی ناوچه‌كەیە، ڕەنگە ئه‌وانه له داستان و قاره‌مانه‌تییه‌كدا گه‌ڕابنەوە و به‌یه‌كه‌وه گیانیان له ده‌ست دابێت، یان گه‌وره‌كه‌یان مردووه و ئه‌وانی دیكەش بۆ به‌رده‌وامی دان به‌خزمه‌تكردنی گه‌وره‌كه‌یان هه‌مان چاره‌نووسیان هه‌ڵبژاردووه، وەك چۆن لە هەندێك ئەفسانەی مێژووییی گەلاندا هەیە، لەوانەش ڤایكینگەكانی باكوری ئەوروپا.
له زنجیره چیاكانی زاگرۆس و له هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می پێش زایندا، ئه‌سپ پیرۆز بووه، پێگه و پایه‌ی به‌خاوه‌نه‌كه‌ی داوە، كاتێك سوارچاكێك له دووره‌وه ده‌بینرا مه‌قامی به دیار ده‌كه‌وت، ئه‌گه‌ر ئه‌و سوارچاكه چه‌ند سوارێكی دیكەشی به‌دواوه بووایه، بێ گومان پێگه‌كەی باڵاتر ده‌بوو.
به‌هۆی بوونی گۆزه و ئێسكی ئه‌سپ و ئێسكی پیاوی زیاتر له كه‌سێك ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌ركرده مردووه، گۆزه‌كان بۆ ژه‌هر یان مادده‌یه‌ك دانراون تا پیاوه‌كانیشی بیخۆنه‌وه و بمرن، پێ دەچێت ئه‌و سه‌رده‌م به‌شانازییه‌وه سه‌رباز به‌دوای سه‌ركرده‌كه‌ی مردنی هه‌ڵبژاردبێت، چونكه باوه‌ڕی ته‌واوی هه‌بووه كه چۆن له مه‌یدانی جه‌نگ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنی بردووه، له دنیای دواتریش به‌ره‌و خۆشگوزه‌رانی ده‌یبات.
عه‌بدولوه‌هاب سلێمان ئەوەش ئاشكرا دەكات كە بۆیان ڕوون بووەته‌وه ئه‌وانه له ڕه‌گه‌زی نه‌ته‌وه‌ییی ئۆرارتوو، ماد یان مانایین، له نموونه‌ی ئه‌و گۆزانه‌ی پێشتری هاوشێوه‌ی هه‌مان گۆزه‌ی ناو گۆڕه‌كه كه دۆزراونه‌ته‌وه و پاش پشكنینی كاربۆن ١٤، مێژووه‌كه‌ی بۆ ٥٠٠ ساڵ پ.ز گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه.
گۆڕەكە دوای ٢٥٠٠ ساڵ، دووبارە سەری داخرایەوە. ئەمڕۆ بەپاسەوان و كامێرا چاودێری دەكرێت، چاوەڕێی شارەزایانە لە زانكۆكان بۆستن و په‌نسلڤانیای ئەمریكا، تا لە چەند مانگی داهاتوودا بۆ هه‌ڵكۆڵین بگەنە هەولێر، بۆ ئەوەی له كونی ئەو په‌نجه‌ره بچووكەوە، نهێنیی ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی و ئەو سەردەمە ئاشكرا بكەن، كە شەرەف بەخوێن دەستێندرا و پادشا بەخەونی نەمری سەری دەنایەوە.


