ڕیڤیرا ڕیڤێری هونەر دەکاتە جلوبەرگ، هاوینیش هەوێن
ڕیڤیرا ڕیڤێری هونەر دەکاتە جلوبەرگ، هاوینیش هەوێن

لە هەولێر، كە تا ئێستە پایتەختێكی تا ڕادەیەك دوور بووە لە جیهانی مۆدە و بڕاندە ناودارەكان، كیژێكی خاوەنكار دەستی بۆ دروستكردنی جۆرێكی نوێ لە جلوبەرگ بردووە، لە ئەنجامی گەشتەكانی بۆ دەرەوەی وڵات و دیتنی جلوبەرگی نەتەوە و كولتوورە جیاوازەكان، بڕاندێكی تایبەتی بەرهەم هێناوە.
ڕیڤیرا ڕیڤێری (Riviera Reverie) بڕاندێکی جلوبەرگی هەموو تەمەنەکانە، لە ئەزموون و دنیابینیی ئەو كیژە كوردەی هەولێرێ هەڵقووڵاوە كە ناوی ئەژین گەردییە و ئەندازیاری شارستانییە.
ئەو بەئیلهام وەرگرتن لە گەشت و کولتوور و تینی هەتاوی گەرمی هاوین، جلوبەرگ بەدیزاینێكی زیندوو و مانادار دروست دەکات. وەک ژن و دایکێکی کورد، خولیای منداڵیی خۆی گۆڕیوە بۆ بڕاندێکی جیهانی و هونەری.
ئەژین گەردی بەشێکی ژیانی بۆ گەشتکردن تەرخان کردووە، ئەو لە گەشتە هاوینییەکانیدا، بەتایبەت کە هاوینی لە هەموو وەرزێک پێ خۆشترە، سەرسام بووە بە جلوبەرگە هاوینییەکان، بە کاڵیی ڕەنگ و سادەییی جلوبەرگەکان. لە لێدوانێکی بۆ (گڵکەند) دەڵێت لە گەشتەکانیدا پرسیارێکی هەمیشەییی لا دروست بووە، کە ناکرێت جلوبەرگی هەموو ڕۆژێکی ساڵ وەک جلوبەرگە هاوینییەکان بێت.
ئەو ژنە وەك خۆی دەڵێت، بەردەوام لە هاتوچۆ و ڕاکەڕاکدا بوو لە ماڵەوە بۆ کار، بۆ قوتابخانەی منداڵەکانی و بۆ گەشتەکانی، لە هەموو ئەو گەڕانانەشدا، دەبووایە جلوبەرگێکی تایبەت بپۆشێت، ئەو کێشەیەکی گەورەی لە هەڵبژاردنی جلەکانی ناو دۆڵابەکەیدا هەبووە، یان جوان بوون بەڵام قورس، مۆدێل بەڵام ناڕێک، یان شیک بوون بەڵام گەرم. بەڵام ئەو پێویستیی بەجۆرە جلوبەرگێک بوو، کە بتوانێت بەبێ بیرکردنەوەی زۆر و بەبێ ماندووبوون، بە ئاسانی هەڵی بژێرێت بۆ چوونە دەرەوەکانی، بۆیە بڕیاری دا خۆی مۆدێلی ئەو جلوبەرگانە دابهێنێت، بڕاندەکەی دروست کرد و ناوی نا ڕیڤیرا ڕیڤێری.
ئەژین، تەنیا مەبەستی بوو جلە هاوینییەکان دروست بکات، دەیویست جلێک دابهێنێت، کە تا ئێستە کەس خەیاڵی بۆی نەچووە، بەڵام لە سەرەتادا وەك خۆی باسی دەكات، هیچ زانیارییەکی لە جیهانی جلوبەرگ و مۆدەدا نەبوو، ئەو هیچی لە پیشەسازیی جلوبەرگ نەدەزانی، هەروەک چۆن جۆرەکانی قوماشی لێک جیا نەدەکردەوە، نەخش و دیزاینیش هەر هیچ.
لەگەڵ هەموو بەربەستە کۆمەڵایەتی و دارایییەكان، ئەژین گەردی دەستی بەو کارە کرد. هەوێنی کارەكەی، پێویستیی خۆی بوو بەو جلوبەرگانە، پشوودرێژ بوو و کۆڵی نەدا. لە کۆتاییدا توانی بڕاندەکەی دروست بکات، هەر ئەوەش نا، بەڵكو ئەو قوماشەكانی لە جۆری OEKO-TEX، GOTS و Lenzing لە کارەکانی بەکار هێنا، کە دۆستی ژینگەن و پێستی مرۆڤ بەپۆشینیان، سەلامەتتر دەبێ. جگە لەوەش، ڕەنگە سروشتییەکانی لە گوڵ هەڵێنجا و لە جلوبەرگەکانیدا بەکاری هێنان.
ئەژین لە سەرەتای کارەکەیدا، هەوڵی زۆری دا تەکنیک و شێوازەکانی دیزاین و دروستکردنی جلوبەرگەکانی وەک شێوازە کۆنەکان نەبێت و جلەکانی تەنیا پارچە قوماشی دووراو نەبن، ئەو دەیویست جلەکانی زیندوو بن، بۆیە گرووپێکی لە هونەرمەند و کەسانی جیاواز لە وڵات و ناوچەی جیاواز دروست کرد، توانی ئەزموون و دنیابینیی هەمووان لە یەک بابەتدا کۆ بکاتەوە.
کۆکراوەی بەرهەمە یەکەمینەکانی بڕاندەکەی ئەژین، کە لە لەندەن نمایش کران، بەهاوکاریی چەند کەسێک ئامادە کران. یەکێک لە لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا، یەکێک لە ئەرجەنتین، یەکێک لە هۆڵەندا. ئەو کەسانە هەریەکەیان بەدید و بۆچوون و ئیلهام وەرگرتن لە گەشتەکانیان، دیزاینی نوێیان کێشا، دیزاین و وێنەی هەموویان کۆ کرایەوە و دوای گفتوگۆ و سەرنجدان لەسەریان، خرانە سەر قوماش و کۆمەڵە بەرهەمێکی ناوازەی لێ دەرچوو.
یەکێک لەو کەسانەی هاوکاری ئەژین بوو، ئالان بێرییە. شارەزایەكی ئەرجەنتینییە و دوای ماوەیەک کارکردن لەگەڵ ئەژین و کولتوورە کوردانەکەی، هۆگری کەلەپوور و کولتووری کورد بوو. ئالان بێری زۆر بەڕەنگ و دیزاینە کوردییەکان سەرسامە.
ئەژین بۆ کەلوپەلەکانی بڕاندەکەی، کۆگەیەکی لە دوبەی گرتووە، لە ڕێی کۆمپانیاکانی پۆستەوە، جلوبەرگەکانی بۆ هەموو جیهان دەنێرێت.
ژنان لە وڵاتانی جیاواز داوای جلوبەرگەکانی بڕاندی ڕیڤیرا ڕیڤێری لێ دەكەن، چونکە بۆ هەموو وەرزەکان دەگونجێت و بۆ هەموو دەرچوونەکانیان دەتوانن ئەو جلە ناسک و شێواز هاوینییانە بپۆشن.
ئێستە ڕیڤیرا ڕیڤێری چیی دی تەنها بیرۆکەیەک نییە لە دۆڵابێکی قەرەباڵغی دایكێكەوە هاتبێتە دەر، بەڵكو پەیامێكی بێدەنگە لە هەولێرەوە بۆ جیهان، کە خانمانی ئێمەش هاوشێوەی داهێنەرانی جیهان ئەفرێنەرن، بە بەرهەمی بیری خۆیان سنوورەكان دەبڕن.

 

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved