بەنگلادیشییەکان شار خاوێن دەکەنەوە
بەنگلادیشییەکان شار خاوێن دەکەنەوە
December 15, 2025

هێشتا تیشکی زێڕینی خۆر بەتەواوی باڵی بەسەر قەڵات و منارەدا نەکێشاوە، کاتێک شەقامەکان چۆڵن و بەشێک لە دانیشتوانی شار لە خەوێکی شیرین دان، جووڵەیەکی جیاواز لە شەقامەکان دەست پێ دەکات. دەنگی خشەی گسکەکان تێکەڵ بەبێدەنگیی بەرەبەیان دەبێت؛ کۆمەڵێک پیاوی بەنگلادیشی بەجلوبەرگی پرتەقاڵی و سەوزەوە، هەزاران کیلۆمەتریان بڕیوە تا ببنە پاسەوانی پاکوخاوێنیی پایتەخت.

مەودای نێوان داکای پایتەختی بەنگلادیش و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان زیاتر لە چوار هەزار و ٧٠٠ کیلۆمەترە، بەڵام ئەم دوورییە نەبووەتە ڕێگر لەوەی سەدان گەنج و پیاوی ئەو وڵاتە، بەدوای بژێویدا ڕوو لە کوردستان بکەن و ببنە بەشێک لە دیمەنی سەرنجڕاكێش و خاوێنی ڕۆژانەی شار.
ئیسۆ ئاچی پیاوێکی تەمەن ٣٩ ساڵە، خەڵكی شاری داکایە (پایتەختی بەنگلادیش) ماوەی پێنج ساڵە لە هەولێر دەژی. بەیانیان لە کاتژمێر حەفتـەوە تا نزیکەی ١١ی پێش نیوەڕۆ خەریکی خاوێنکردنەوەی چواردەوری پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان و شەقام و ڕەسیفەکانە. بەدڵێکی پڕ لە حەسرەتەوە باسی خێزانەکەی دەکات کە لە بەنگلادیش بەجێی هێشتوون، سێ منداڵ، دوو کوڕ و کچێک چاوەڕێی باوکیانن.
ئیسۆ دەڵێت ”لە بەنگلادیش ئیش نییە، وەزع ناخۆشە“. ئەو ناچارە دوو بۆ سێ ساڵ جارێک سەردانی ماڵەوە بکاتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی پارەیەک کۆ بکاتەوە و ژیانی خێزانەکەی دابین بکات. سەرباری سەختیی کارەکەی، ئیسۆ ستایشی خەڵکی هەولێر دەکات و پێی وایە خەڵکێکی باش و پاکن و هاوکارن لە پیسنەکردنی شار.
محەمەد ڕەحمان، نموونەیەکی دیكەی ئەو کرێکارانەیە کە نەک تەنیا شار خاوێن دەکەنەوە، بەڵکو بوونەتە بەشێک لە کولتوورەکە. محەمەد ماوەی ١٠ ساڵە لە هەولێرە و بەکوردییەکی پاراو قسە دەکات. لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری کار دەکات و چیڕۆکی ژیانی زۆر لە هیی ئیسۆ جیاواز نییە، دایک و باوکێکی پەککەوتە و سێ منداڵ لە بەنگلادیش، چاوەڕێی دەستی ئەون.
محەمەد ڕۆتینی ڕۆژانەی خۆی بە وردی باس دەکات؛ لە کاتژمێر حەفتی بەیانییەوە لە شەقامی ١٠٠ مەتری دەست پێ دەکات و دواتر دەچێتە شەقامی سورچییان. ئەو بەخۆشحاڵییەوە باس لە میواندۆستیی هەولێرییان دەکات ”خەركی ئێرە زۆر باشن، نانمان دەدەنێ، ئاو و چامان دەدەنێ، پارەمان دەدەنێ، هەندەك جار عالەم دێن لەگەریشمان جادەی خاوێن دەكەنەوە“.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێرە، وێنەیەکی گشتیی دۆخی پاککردنەوەی شار دەخاتە ڕوو. باس لەوە دەکات کە سەنتەری شاری هەولێر بەسەر شەش زۆندا دابەش کراوە و هەر زۆنێک کۆمپانیایەکی تایبەت سەرپەرشتیی دەکات. ئەم دابەشکارییە لەسەر بنەمای سنووری شارەوانییەکانە، واتە لە شارەوانیی یەک تا شەش، بەپێی شەقامەکان زۆنەکان جیا کراونەتەوە.
بە گوتەی ژیار جەلال، «شارەوانیی چوار» گەورەترین و فراوانترین زۆنە، کە لە شەقامی کۆیە دەست پێ دەکات تا دەگاتە شەقامی ڕووناکی. هەرچەندە ئەم فراوانییە وا دەکات زۆرترین بڕی خۆڵ و خاشاکی لێ کۆ بکرێتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرەکەی ژینگەپارێزی ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمە مانای ئەوە نییە پیسترین شوێن بێت، بەڵکو تەنیا بەهۆی گەورەییی جوگرافیاکەیەوەیە.
ئامارەکان دەری دەخەن کە ڕۆژانە بڕێکی زۆر لە پاشماوە لە هەولێر و دەوروبەری کۆ دەکرێتەوە کە دەگاتە نزیکەی دوو هەزار تۆن. وەک ژیار جەلال ئاماژەی پێ دەدات، پڕۆسەی چارەسەرکردنی ئەم هەموو خۆڵ و خاشاکە تا ئێستە تەنیا لە ڕێگەی «ژێرخاککردن»ـەوە دەبێت و هیچ جۆرە جیاکردنەوە (Recycling) یان دووبارە بەکارهێنانەوەیەکی بۆ ناكرێت.
هەرچەندە ئەو پێی وایە دۆخی ژینگەپارێزی لە هەولێر ساڵ بە ساڵ باشتر دەبێت، بەڵام محەمەد بەو زمانە كوردییەی لە ماوەی دە ساڵدا فێری بووە، پەیامێکی سادە و کاریگەری هەیە بۆ خەڵكی هەولێر و دەڵێت ”هەولێر زۆر جوان و خۆشە، شاری خۆتانە، پیسی مەکەن“.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved