پیشەى سەرتاشى لە کۆنەوە هەبووە، چەند کەسانێک لە هەولێرێ کار و پیشەى سەرتاشییان کردووە و ناوبانگیان هەبووە، ئیبراهیم بەربەر و نەسرەت و نوورەدین حەلاق و تەها حەلاق و ئەکرەم حەلاق و کەمال حەلاق، هەروەها دەروێش مەجید لە شێخەڵڵا لەسەر دیواری باغی شار، لەسەر تەنەكەیەك سەری خەڵكی دەتاشی، كەلوپەلەكانیشی لەناو باولەكی تەنەكەی گچكەدا جێ كردبووەوە.
بێجگە لەوانەش چەند پیشەوەرى سەرتاشى دیكەش لە ١٩٥٠ هەتا ١٩٧٥ هەبوون، كە لەسەر شۆستەى شەقامەکان و ناو کۆڵان و گەڕەکەکان و نزیک گەراج و خانەکان کە شوێنى هاتوچۆى خەڵکانى دەرەوەى شار بوون.
زۆر جاریش ئەم پیشەوەرانە سەردانى ماڵەکانیان دەکرد بۆ مەبەستى سەرتاشین لە ماڵەوە، ئەوەش بە ویست و لەسەر داواکاریی کەسەکە ئینجا نەخۆش بووە یاخود کەسایەتیى تایبەت بوونە وەک ئاغا و بەگ و دەوڵەمەندەکان.
ئەم تابلۆیەمان تایبەت کردووە بەیەکێک لە سەرتاشەکانى بن دیوارى باغى شار کە شوێنێکى نیمچە قەرەباڵغ بووە و جێی هاتوچۆى خەڵكى گەڕەکەکانى سەیداوە و سێتاقان و خەڵکانى دەرەوەى شار بووە، بەتایبەتى ئەوانەى لە ناوچەکانى دەشتى هەولێرێ دەهاتن بۆ ڕاپەڕاندنى ئیشەکانیان و هەمیشە کاتەکەیان بە هەل دەزانى بۆ خۆڕێکخستن و سەرتاشین، بەتایبەتى لە کاتەکانى نزیکبوونەوەى جەژنەکانى ڕەمەزان و قوربان، وەک خەڵکانى قوشتەپە و بنەسڵاوە و دیبەگە و مەخموور، چونکە گەراجێک لە نزیکى ئەم شوێنە هەبووە بەناوى گەراجى (کوران) کە خاوەنەکەى عادل خەلیلی براى جەلال خلیل بوو، شوێنەکە ئێستە بووەتە باخچەى سەعاتەکە. هەروەها گەراجى مەخموور و دیبەگەش كە خاوەنەکەى عادل سەلیم بووە، هەر لەم شوێنە نێزیک بوو.