گوندی (عەوێنە)ی دەشتی هەولێرێ، لەسەر دەستی حەسەن ئاغا لە ساڵی ١٩٤١ یەکەم جار قوتابخانەی گەیشتێ، هەر ئەوەش وای کرد بە زوویی جووڵەی خوێندەواری و دواتریش کەسایەتیی ڕۆشنبیر و هونەرمەند و مامۆستای ئەوتۆی لێ هەڵکەوێ، لە دواڕۆژدا نەک گوندی (عەوێنە)، بەڵکو هەموو کوردستان شانازییان پێوە بکات.
هونەرمەند فوئاد ئەحمەد یەکێکە لەوان، كە بەشێكی ناوبانگ و لێهاتووییی بۆ دەستڕەنگینی و لێزانیی ئەحمەد تەبیبی بابی دەگەڕێتەوە، كە زۆر زوو بووە یەکێک لەو پزیشکە خۆڕسکانەی هەولێرێ، ناوبانگی لە شاران بڵاو بووەوە.
لە دوورترین شوێن، نەخۆش بۆ بەردەستی ئەحمەد تەبیب دەهات و چارەسەری وەردەگرت، هەر ئەو لێهاتوویییەی ئەو بوو كە بووە هۆی دروستبوونی ماڵێکی هونەری بۆ کوڕەکانی (فوئاد، ئازاد، نەجات و نەوزاد).
ئەم خانەوادەیە زوو هاتنە هەولێرێ و لە گەڕەکی سەعدوناوە گیرسانەوە.
هونەرمەند (فوئاد ئەحمەد) لە گوندی (عەوێنە) ساڵی ١٩٣٢ لەدایک بوو، لە ١٩٤٠ چووە قوتابخانە و دواتر بووە مامۆستا، بەڵام هەر لەو کاتانەی قوتابی بوو، بەهرەی دەنگخۆشیی لێ وەدەر کەوت، هەوڵی داوە لەو بوارەدا خۆی ببینێتەوە، هەر واش دەرچوو، ساڵی ١٩٥٩ چووە ڕادیۆی کوردیی بەغدا و لە تاقیکردنەوەی دەنگ دەرچوو و یەکەم گۆرانیی بەناوی ئەمیرەکەم لە شیعری مەجید ئاسنگەر و لە ئاوازی جەمال داودی هەولێری تۆمار کرد، کە تا ئێستەش دەنگدانەوە و چێژی ئەم گۆرانییە لای گوێگران ماوەتەوە و لە لایەن گۆرانیبێژانی ڕۆژهەڵاتیش گوتراوەتەوە.
دوای ئەوە، ساڵی ١٩٧٦ لە ئێران گەڕایەوە، جارێکی تر بە گوڕوتینێکی ترەوە هاتەوە ناو جیهانی گۆرانی و مۆسیقا، لە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هەوادارانی خۆی، بە بەرهەمێکی نوێوە ئاشنا بووەوە، ئەویش کۆکتێلێک بوو لە گۆرانییەکانی، بە دابەشکردن و ئامادەکارییەکی هونەرییەوە، کە هونەرمەند ڕزگار خۆشناو کاری تێدا کردبوو، ئەو ڕۆژەش هۆڵی گەل بوو بە گەڕەلاوژە و چەپڵەڕێزانی هەوادارانی، ئەم پێشوازیلێکردنەی گەیشتە ئەوەی زۆرێک لە گەنجان بچنە سەر شانۆ و بەگەرمی بەخێرهاتنەوەی بکەن، تا لە نزیکترین کاتدا دووبارە لەسەر شانۆ بەسروودی (ئێمە پێشمەرگەین) شادیان بکاتەوە.
ئەو هونەرمەندە ڕۆژێ لە ڕۆژان دڵی کەسی نەشکاند، پیاوێکی جوان و باڵا بڵند، کە لەسەر شانۆ دەوەستا کارێزمایەکی تایبەتی هەبوو، ڕەنگە زۆرێک لە کچان بە حەسرەتی عەشقەوە سەیری ئەم باڵایەیان کردبێت و بەحوزنەوە گۆرانیی (سڵاو بۆ تۆ سڵاوی بۆندار)یان لەگەڵ گوتبێتەوە، بۆیە هەمیشە ناوی بە هونەرمەندە کەشخەکەی هەولێرێ دەهێندرا.
فوئاد ئەحمەد کە ساڵی (١٩٧٣) گۆرانیی (بووکی تازە)ی لە شیعری (عەبدوڵڵا پەشێو) تۆمار کرد، هەنگاوێکی دیکەی نوێکاری لە گۆرانیی کوردی هێنا کایەوە، بەپێی مەکتەبەی ئەرشیڤیی ڕادیۆی کوردیی بەغدا، (١٠٠) گۆرانیی بۆ ڕادیۆ تۆمار کردووە و (٥٠) گۆرانیشی بۆ تەلەڤزیۆنی کەرکووک، کە تا ئێستەکەش پەخش دەکرێن.
دوای ڕاپەڕین، خۆی و هونەرمەند تەحسین تەها کەوتنە وڵاتی غەریبی و غوربەتان، لە هۆڵەندا گیرسانەوە، لەوێش لە هونەر دانەبڕا و بەشداریی بەردەوامی هەبوو لە ئاهەنگ و بۆنە نەتەوەیی و دیدارە تایبەتەکان.
لە دوا دوایییەکاندا بە سەردان گەڕایەوە هەولێرێ، هەر پیاوە خۆشمەشرەب و بەزەوقەکەی جاران بوو، بەڵام پێوەی دیار بوو نەخۆشی هیلاکی کردووە، ئەویش بە توندی ڕووبەڕووی بووبووەوە، تا گەیشتە ئەوەی لە ڕۆژی ١٧/٨/٢٠٠٤ لە یەکێ لە نەخۆشخانەکانی هۆڵەندا ماڵئاواییی لە هونەر و لە هەمووان کرد، لە ٢٢/٨/٢٠٠٤ تەرمەکەی گەیشتەوە هەولێرێ و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان، لە گۆڕستانی مەعمەل قیڕ جەستەی ئەم هونەرمەندە کەشخەیەی هەولێرێ، نێژرا.

وێنەی فوئاد ئەحمەد، مائیدە نەزهەت و رەسوڵ گەردی

وێنەی فوئاد ئەحمەد، عومەر چاوشین و رەسوڵ گەردی