فلکەی زەعیم یان ئاوی کەسک و سۆر
فلکەی زەعیم یان ئاوی کەسک و سۆر

لە ژمارە یەكی (گڵکەند)ەوە تا ئێستە، بەردەوام دیتیتم و خوێندیتمەوە، لە ژمارە (٢٨)یدا بابەتێکم خوێندەوە بەناوی (فلکەی زەعیم)، سەرنجی ڕاکێشام، هەستم کرد لە چەند ڕوویەكەوە بێ ئاگاییی لە گێڕانەوەی ڕووداوەكان تێدایە، بەپێویستم زانی ڕاستیان بکەمەوە.
کە باسی فلکەی زەعیم دەکات، دەڵێت بەرامبەر بینایەی هوتێل شیڕاتۆن بوو. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو شوێنەی گێڕەرەوە باسی دەکات، فلکەی ئاوی کەسک و سۆر بوو. لە کۆتاییی پەنجاکانەوە بەو ناوە ناسراوە، لەوانەیە ئەو نافورەیەی بەئاوی کەسک و سۆر ناسراوە، پێش ئەو مێژووەش بێت کە ئەو باسی دەکات.
لە لایەکی دیكەوە دەڵێت چەند کەسێک لە خۆشەویستییان بۆ عەبدولکەریم قاسم پارەیان لە خەڵک کۆ کردیتەوە و پەیکەرێکیان لە مس بۆ دروست کردیە. لە ڕاستیدا یەکەم کەس لە هەولێر پەیکەرساز بووە، مامۆستا جابیر پیرداود بوو، ئەو قەت باسی ئەو بابەتەی نەکردیە، کە پەیکەر لە هەولێر لە مس دروست کرابێت. ئەو خۆی چەند پەیکەرێکی لە گەچ و ئەو جۆرە کەرەستانە لە هەولێر دروست کردبوو، وەکو کۆتری سەلام، کورد و عەرەب و سەرباز لە ڕێگەی مەعەسکەر، چەند پەیکەرێکی تری لە دەوروپشتی (ساحەی مەلعەب) دروست کردبوو، کە بریتی بوون لە جۆرەکانی یاریی تۆپانێ، مۆدێلی پەیکەرەکانی ئازاد عوسمان بوو، یادی بەخێر.
ئەوەی ڕاستی بێت فلکەی زەعیم لەسەر چوارڕیانی شەست مەتری و جادەی کەرکووک، بەرامبەر (مەلعەب) دروست کرابوو، ئەو ناوەش لەوە هاتووە کە پەیکەری عەبدولکەریم قاسمی لێ داندرابوو، لەسەر قاعیدەیەک کە بریتی بوو لە شێوەی پایە، لە حەفت پایە دروست کرابوو لەسەر شێوەی زەقوڕە لەسەر ئەویش قاعیدەیەکی لاکێشە هەبوو، ئینجا پەیکەری زەعیم دانرا بوو، ئەو پەیکەرەش لە ماددەی برۆنز دروست کرابوو لە لایەن پەیکەرسازی عێراقی خالید رەحال ١٩٢٩- ١٩٨٧. پەیکەرەکە بریتی بوو لە کەسایەتیی عەبدولکەریم قاسم بەجلی سەربازییەوە.

هونەرمەند خالید رەحال

هەر ئەو پەیکەرە چەند دانەیەکی بەهەمان قالب و ستایل لە چەند شارێکی عێراقی دانرابوو، لەوانە بەغدا و دیالە.
لە دوای کودەتای عەبدولسەلام عارف و بەعسییەکان لەسەر عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٦٣، ئەو پەیکەرە هەڵگیرا، بەڵام قاعیدەکەی تاکو ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووش هەر مابوو. بەشێکی ئەو قاعیدەیە لەو وێنەیەدا دەرکەوتووە کە لە ١//٣/١٩٧٦دا گیراوە، ئەو ڕۆژە بەفرێکی زۆر لە هەولێر کەوتبوو، ئەوە ئەو شوێنەیە کە پێی دەڵێن فلکەی زەعیم، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستەش بەو ناوەوە ناو دەبرێت.
یەکێک لەو پەیکەرانەی عەبدولکەریم قاسم هەر مابوو لە کۆگەکانی مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراقی هەڵگیرا بوو، دوای ٢٠٠٣ گوازرایەوە بۆ ئەو مۆزەخانەیەی کە بۆ عەبدولکەریم قاسم دروست کراوە لە شەقامی ڕەشیدی شاری بەغدا.

وێنەیەکی هەولێر لە ساڵی ١٩٧٦ کە بەفر باریوە و لە دەستەڕاستدا بنکەی پەیکەرەکەی زەعیم دیارە      وێنە: نامیق عەلی قادر

 

 

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved