پڕۆژەیەکی نوێ ڕێگەی مەخموور و مووسڵ بەیەكەوە دەبەستێتەوە
پڕۆژەیەکی نوێ ڕێگەی مەخموور و مووسڵ بەیەكەوە دەبەستێتەوە
December 03, 2025

لەسەر ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - مووسڵ، چەند سەت مەترێک لە پشت ناوچەی تووڕەق، دەیان ئامێر و کرێکار دەبینی لە چەند ناوچەیەکی جیا جیا بەچڕی خەریکی کارکردنن بۆ دروستکردنی تۆڕی ئاو، ئاوەڕۆ و ڕێگەوبان بۆ چەندین گوند و گەڕەکی تازەی هەولێر.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی فراوانکردنی تۆڕی ڕێگەوبان و ژێرخانی هەولێر، سەرۆکایەتیی شارەوانی دەستی بەجێبەجێکردنی پڕۆژەیەكی ستراتیژیی نوێ کردووە، کە ئامانج لێی بەستنەوەی ڕێگەی سەرەکیی مەخموور و مووسڵە، سەرباری تەواوکردنی ژێرخانی گەڕەکی باغلومنارە.
فەرهاد ئیسماعیل ئەندازیاری سەرپەرشتیار و نوێنەری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە پڕۆژەكە، وردەکارییەکانی بۆ (گڵکەند) ئاشکرا کرد، كە بریتییە لە دروستکردنی شەقام، ئاوەڕۆ و تۆڕی ئاو، کە بەسەر پێنج زۆندا لە گەڕەکی باغلومنارە دابەش بووە، لەگەڵ دروستکردنی دوو شەقامی ٦٠ مەتریی سەرەکی.
کۆی گشتیی درێژیی هەردوو شەقامە ٦٠ مەترییەکە دەگاتە نزیکەی ١٢ کیلۆمەتر و گوژمەی خەمڵێنراوی پڕۆژەکە نزیکەی ٦٠ ملیار دینارە، کە لە سەرەتای مانگی ٩ی ئەمساڵەوە دەست بەکارەکانی کراوە و بڕیارە لە ماوەی ٥٠٠ ڕۆژدا تەواو بکرێت.
بەپێی پلانی پڕۆژەکە، شەقامی یەکەم تەواوکاریی ئەو شەقامە ٦٠ مەترییەیە کە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاواوە دێت، ئەم شەقامە لە دوای ڕێگەی خزمەتگوزاریی شەقامی ١٢٠ مەترییەوە دەست پێ دەکاتەوە و بەناو گەڕەکی باغلومنارەدا تێ دەپەڕێت تاوەکو دەگاتە شەقامی ١٥٠ مەتری و لەوێدا یەک دەگرنەوە.
شەقامی دووەم، کە بە یەکێک لە گرینگترین بەشەکانی پڕۆژەکە دادەنرێت، ڕێگەی مووسڵ بەڕێگەی مەخموورەوە دەبەستێتەوە.
ئەم شەقامە لە دوای ناوچەی تووڕەق و پێش گەیشتن بە یەکتربڕی گوێڕ لەسەر ڕێگەی مووسڵ دەست پێ دەکات، پاشان درێژ دەبێتەوە و بەناو گوندی مامزاوادا تێ دەپەڕێت تا دەگاتە سەر ڕێگەی مەخموور.
زەوییەکانی ئەم ڕێڕەوە بەپێی ماستەرپلانی هەولێر ئیستملاک کراون و گرفتێکی ئەوتۆی خاوەندارێتییان نییە.
سەبارەت بەدابەشبوونی زۆنەکانی پڕۆژەکە، ئەندازیاری سەرپەرشتیار ڕوونی کردەوە کە پڕۆژەکە پێنج زۆن لەخۆ دەگرێت. زۆنەکانی یەک، دوو و سێ دەکەونە نزیک شەقامی ١٢٠ مەتری و بەدرێژاییی ئەو شەقامە جێگیرن. زۆنی چوار کەمێک دوورترە، بەڵام زۆنی پێنج دەکەوێتە بەشی خوارەوەی مامزاوا و نزیکە لە ڕێگەی مەخموور.
شایانی باسە لە ماستەرپلانی هەولێردا، ناوچەی مامزاوا و گوندەکانی دەوروبەری وەک بەشێک لە کەرتی باغلومنارە ئەژمار کراون.
یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم تەواوکردنی بازنەی شەقامەکە، بوونی خانووی زێدەڕۆیە لە هەندێک بەشی گوندی مامزاوا.
بە گوتەی ئەندازیار فەرهاد ئیسماعیل، لەبەرئەوەی تا ئێستە بڕیاری تێکدانی ئەو خانووانە نەدراوە، شەقامەکە لەو بەشەدا دەوەستێت کە تێکەڵ بە ڕێگەی گوندی «عەزە» دەبێتەوە و ناتواندرێت بەتەواوی بەپێی ماستەرپلانەکە پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەو خانووانە ڕێگرن لە بەردەم ڕێڕەوی شەقامەکە، بۆیە کارکردن تا ئەو شوێنە دەبێت کە زێدەڕۆییی تێدا نییە.
لەگەڵ دروستکردنی شەقامەکان، پڕۆژەکە گرینگییەکی زۆر بەسیستەمی ئاوەڕۆ دەدات.
لەو چوارچێوەیەدا، ئاوەڕۆیەکی سندووقی (Box Culvert)ی گەورە بەهەشت چاوە لە نزیک کەندی تووڕەق دروست دەکرێت کە درێژییەکەی نزیکەی ١٢٠ مەترە.
ئەم ئاوەڕۆیە ئاوی باران و لێشاوەکان کۆ دەکاتەوە و بە ئاڕاستەی کەندەکە دەیگوازێتەوە، کە بەشێکە لە چارەسەرکردنی مەترسیی لافاو لەو ناوچەیە.
هەروەها بەدرێژاییی هەردوو شەقامە ٦٠ مەترییەکە بەهەردوو لای شەقامەکەدا، ئاوەڕۆ دروست دەکرێت.
پڕۆژەکە لە لایەن کۆمپانیای «ڕەیس دیڤلۆپمێنت»ـەوە وەک بەڵێندەری سەرەکی جێبەجێ دەکرێت، کە کارە جیاوازەکانی وەک تۆڕی ئاو، ئاوەڕۆ و قیڕتاوکردنی بەسەر بەڵێندەری لاوەکیدا دابەش کردووە.
تیمێکی ئەندازیاریی بەرفراوان کە پێکهاتوون لە ئەندازیارانی سەرۆکایەتیی شارەوانی و شارەوانیی شەش، بەوردی سەرپەرشتیی قۆناغەکانی جێبەجێکردن دەکەن بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی و پابەندبوون بە ستانداردە ئەندازیارییەکان.
ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرینگە بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی هەولێر و بووژاندنەوەی ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای شارەکە، بەتایبەت گوندی عەزە و گەڕەکەکانی باغلومنارە، مامزاوا، قەتەوی و میرزا ئەحمەد کە سوودمەندی سەرەکی دەبن لەم خزمەتگوزارییانە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved