ئیمامێك كە دەڵێن لە هەولێرێ دوو گۆڕی هەیە، خەڵك بۆ حاسڵبوونی مرازیان بەرد بە كێلەكەیەوە دەنێن و دواتریش بنێشتی پێوە دەلكێنن، بەتایبەتیش ژنان چوارشەمووان منداڵەكانیان دەبردە سەر ئەو گۆڕە، تا پێ بگرن و بڕۆن.
گۆڕستانی ئیمام ساقز دەكەوێتە چوارڕیانی سافی هیرانی بەرامبەر هۆتێل شیراتۆن، هەر لە دەرگەی گۆڕستانەكە دەچیتە ژوورەوە، دوو گۆڕ بەهۆی كۆنیی كێڵەكانیانەوە سەرنجت ڕادەكێشن، كە شوێنەواری پێداخشاندنی بەردیان بەسەرەوەیە و هەریەكەی چەندین پارچە بنێشتیان پێوە نووسێنراوە، ئەو دوو گۆڕە هەردووكیان بە گۆڕی ئیمام ساقز ناسراون، تا ئێستە كەس نازانێت بۆ دوو گۆڕە و كامیان هی ئیمامی ناوبراوە.
سیروان ئیبراهیم لە ساڵی ١٩٨٢ەوە لە تەنیشت ئەو گۆڕستانە دوكانی تورشیی هەیە، بۆ (گڵکەند) ئاماژەی بەوە دا، كە گۆڕستانەكە زۆر كۆنە و مێژووی دیار نییە، گۆڕی ١٠٠ ساڵ كۆنی تێدایە، كە بەكەرپووچی پانتر لەوانەی ئێستە داپۆشراون و بەلایەنی كەمەوە مێژوویان بۆ سییەكانی سەتەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، زۆر جار گۆڕ لێ دراوە، لە بنەوە ئێسك و پرووسكی گۆڕی كۆن دەركەوتووە.
بەگوێرەی گێڕانەوەی خەڵكی پێشان و كەسانی ئاگەدار، ئەو خەڵكانە سەردانی ئەو گۆڕانەیان كردووە، كە منداڵەكانیان تەمەنی بەسەرپێ كەوتنیان بەسەرچووە و درەنگ كەوتوون لە ڕۆیشتن، هێندراون بۆ لای ئەو ئیمامە تا پێ بگرن و بڕۆن، سیروان دەڵێت ”دەیان جار دیتیتم خەرك منداریان بەدەست دەگرت و حەفت جار لە دەوری گۆڕەكە تاتی تاتییان بە پێچەوانەی میلی كاتژمێرەوە پێ دەكرد، دوایێش حەفت جار لەسەر گۆڕەكە ئەوبەر و ئەوبەریان پێ دەكرد و دوو كەس لە یەكیان وەردەگرتەوە، هەندەكیان لەسەر یەك گۆڕ ڕێوشوێنەكەیان ئەنجام دەدا، هەبوو لەسەر هەردوو گۆڕەكە، پاشان هەندەك بنێشتیشیان بەجێ دەهێشت و پێشكێشی گۆڕەكەیان دەكرد، ئەوەش بەس چوارشەممان دەكرا“.
هەردوو كێڵەكە، كە یەكێكیان لەوی دی گەورەترە، شوێنەواری پێداخشاندنی بەردیان لەسەرە، هەر كەسێك دوعای كردووە، دوای دوعاكەی بەردی بەكێڵەكەدا خشاندووە، ئەگەر بەردەكە گیر بووایە، وای دەزانی دوعاكەی قبووڵ بووە و بە مراز گەیشتووە.
سامی حاجی سەعدی، تەمەنی ٦٣ ساڵ، لەدایكبووی گەڕەكی تەعجیلە، تەواو بڕوای بەوە هەیە، كە ئیمام ساقز كاتی خۆی چارەسەری ئەوی كردووە، بەهۆی ئەوەوە بەسەرپێ كەوتووە، چونكە تەمەنی گەورە بووە و نەیتوانیوە بڕوات، سێ چوارشەممان دایكی بردوویەتییە سەر گۆڕەكە و تاتی تاتی پێ كردووە و كۆتا چوارشەممەش بنێشتیان جێ هێشتووە، ”سێ منداڵم نەدەڕۆیشتن، هەرسێكیان لە لای ئەو ئیمامە بەسەرپێ كەتن، لۆیە ئیتقاتی تەواوم پێی هەیە و بەچاوی خۆم دیتیتم و خزمی خۆیشم بردییە“.
سامی، هەردووك گۆڕ بە ئیمام ساقز دەزانێت، جگە لەوەش بۆ (گڵكەند) باس لەوە دەكات، كە گۆڕی پیاوچاكێكی دیكەش هەبوو، كە لەناو قەفەزێك بوو، دەستێك لەسەری بەرز كرابوویەوە، بەڵام دەڵێت ئیسلامییەكان تێكیان دا و زۆر گۆڕی دیكەی پیاوچاكیان شێواند، پێی وایە ”ئەو پیاوچاكانە ڕەمزی پاكیی هەولێر بوون، هەر ئیمامەكیش تایبەتمەندیی خۆی هەبوو، هەبوو بۆ كۆخە ڕەشە بووە، هەبوو بۆ زمانگرتن و بە قسە هاتن بووە“.
مریەم عەلی لەدایكبووی ١٩٤٠ە، بەهۆی ئەوەی مێردەكەی خەلیفە بووە و سەردانی زۆربەی مەرقەدی شێخ و سەیدەكانی كردووە، خۆشی شارەزای گۆڕەكانە، لە بارەی گۆڕەكانی ئیمام ساقزەوە، پێی وایە هی خوشك و برایەكن، دەڵێت گۆڕە گچكەكە هی خوشكەكەیە و گۆڕە گەورەكە هی برایەكەیە، زۆر موبارەك بوون و بە ئەسڵ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتوون، گۆڕەكانیش پێش زەمانی پاشایەتی هەبوون، چونكە خەڵكیش دوای مراز حاسڵبوون، بنێشتیان بەجێ هێشتووە، ناوەكەیان كراوەتە ئیمام ساقز، مەرقەدی شێخ محەمەدی خۆراسانیش لە بەرامبەریانە.
ئەگەرچی لەمێژ نییە خەڵك سەردانی گۆڕی پیاوچاكانیان دەكرد، بەڵام ماوەیەكە ئەو دیاردە كۆمەڵایەتییانە ڕوویان لە كزی كردووە، وەك سیروان ئیبراهیم گوتی ”خەركی ئەو زەمانەی باوەڕیان بەو شتانە نەمایە“.