گەراجەکان
گەراجەکان
November 05, 2025

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، یان دەزگەیەکی دیكەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەکی زۆری خانووی کۆنی خەڵکیان بە قانون، بە پارە، ڕەزامەندیی هەردوولا کڕیوەتەوە، خانووە کەلەپوور و کۆنە نازدارەکانی گەڕەکە کۆنەکانی ناو شار، ئەوەش کارێکی شارستانی، پێویست و دروستیشە.
خانووەکان، ئەوانەی چەندان ساڵ هەوار، هەوا و هێلانەی دانیشتوانی گەڕەکەکان بوون، شوێنەکەش جەرگەی شاری هەولێر، هەناسە، کارگەی بوون و ژیانیان بووە.
چەند ساڵێکە خەڵکە ڕەسەنەکەی، خاوەنە کۆنەکانیان باریان کردووە، ڕۆیشتوون، هێشتا کەم کەم ژیانی تێدا ماوە، تا ئەو دەمانەش بواری نۆژەنکردنەوە، تەختکردن، سەرلەنوێ دروستکردنەوەیان ئاسان و بەردەست نەبووە، بۆیە بەکۆنی، بەکەرەستەی خۆماڵیی خۆیان ماونەتەوە.
ئێستە ئەرکی حکوومەتە ئەو شوێنانە وەک کەلەپوور و شوێنەوار هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوەشی کردووە.
بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە لەسەر بنەمایەکی شارستانی و مانەوەیان، ئەوانەیان کڕیوەتەوە؛ تا نۆژەنیان بکەنەوە، بکرێن بە گەلەری، میوانخانە، دیوەخان، پێشانگە، بکرێن بەو شوێنانەی مێژوو و ڕۆژانەی شارەکەی بگێڕنەوە، بنووسنەوە، تۆمار بکەن!
بەڵام کە کاریتەکانی خانووێک دەشکێن، دەرگەکانیان دادەکەلێن، جامی پەنجەرەکانیان ورد دەبن، دیمەنەکانی ئازارت دەدەن، ئەوەش پەیام، بانگەوازێکی ناڕەزایی دەگەیەنێت.
لە گەڕەکی عارەبان، وەک هەولێرییەکان دەڵێن کۆڵانی عارەبان، خانووە کۆنەکان تایبەتمەندیی خۆیان هەبووە، بە ڕووبەر و کەرەستە و شارستانیەتی، سیمای جوانی شاری گەیاندووە، کۆڵانەکان تەسک بوون، بەڵام بیریان لە هاتوچۆی ئۆتۆمۆبێلیش کردیتەوە، هەموویان یان زۆربەیان دوو نهۆم، ژووری نووستنیان لە سەرێ بووە، بە کەرپووچ بوون، نەخشەی جوانیان هەبووە، پەنجەرەکانیان وەستایەتی و پتەوییان تێدا بووە، بیریان لەوەش کردیتەوە زیندەوەر نەچنە ناوەوە.
خانووەکان زوو قۆچانی ڕەشیان هەبووە، کارەبایان بۆ ڕاکێشراوە، کورد بەهەموو تیرە و زاراوەکان، کریستیان و جووی تێدا ژیاوە، چەندان بنەماڵەی عەرەبیش، بۆ کاسبی، ئاژەڵداری و کردنی نان و قەیماغ و فرۆشتنی خورما و خوێ هاتوونەتە ئەوێ، لەوێ ماونەتەوە کچ و کوڕەکانیان باوک و نەوەکانیان بوون بە هەولێری، چاڵاکیش بوون!
گەڕەکەکە جوان، پیرۆزە، بەڵام ناشیرین و گوناح و شەرمەزارییە، خانووەکان بڕووخێندرێن، کەرپووچەکان، یادگارییەکان، پارچەی پەنجەرە و دەرگەکان فڕێ بدرێن و دوور بخرێنەوە، شوێنەکانیان بکرێ بە گەراجی ئۆتۆمۆبێل و كۆگەی گەورە گەورە، زۆریان چاوەڕوانن، زۆر و زوو بڕووخێن، تا دووسێ هەزار دیناریان پێ پەیدا بكەن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved