ڕۆشنبیری سەت ڕوو
ڕۆشنبیری سەت ڕوو
November 05, 2025

یەکێك لەو هۆیانەی کورد وەپاش دەخات، ڕۆشنبیرمان یەک ڕووی نییە. سەت ڕووی هەیە.
ڕۆشنبیر سەربەخۆ نییە، ڕاستگۆ نییە، هەموو قالبی کلاواتە. ژێردەستە و خۆبەکەمزانە بەرانبەر ڕۆشنبیرانی بیانی، چونكە هیچی لە هەگبەدا نییە. بێ شک، هەموویان نا، بژاردەیەکیان بەواتای وشە ڕۆشنبیرن.
ئەگەر دەتەوێت ئەو قسانەم بسەلمێنی، ئاسانە، ڕەخنە لە کتێبی یەکێك لەو ڕۆشنبیرانە بگرە، یەکسەر هەموو دەمامکەکانی دەکەوێت، ڕوو و ئاستە ڕاستەقینەکەی کەشف دەبی. لەوەتەی ڕەخنە دەگرم، چەندان جار ئەوەم لۆ ڕۆن بوویتەوە.
ڕۆشنبیر هەبووە، پێش ئەوەی ڕەخنەی لێ بگرم، خۆی خەنی کردبوو بەستایشی من، لە هەر شوێنێک منی دیتبا، هەر کوی دەمگەیشتێ، دەستی دەکرد بەستایشکردنم. کە ڕەخنەم لێی گرت، هەشتسەت پلە گۆڕا، سەت دەمامکی لێ بەربۆوە، دەوێکی ئۆندەی لێ کردمەوە. تاسام و لە دڵی خۆمدا گۆتم «ئەی بابە ئەوە چ عاجباتییەکە!”.
خۆ یەک و دوو نین، ئەو جۆرە ڕۆشنبیرانە، زۆرن. چواردەورم پڕە. نزیکەکانیشم دەمامکیان هەیە.
ڕۆشنبیر هەیە، لێ ناگەڕێت خێزان و خوشکی بەبێ لەچک لە دەرکەی مەتبەخێ بێنە دەرێ، کەچی دێ لەسەر تەلەڤزیۆن تانە لە حیجاب دەدات و قسەی گەورە گەورە دەکات لەسەر مافی ئافرەت. هەیە مەراییت لۆ دەکات هەتا شتێکی ئیجابیی لەسەر بنووسی، کە نەتنووسی، لێت دوور دەکەوێتەوە، پاشملە دەکەوتە وێزەت.
ئەرێ ڕۆشنبیرت دیتییە مانگێ جارێک کتێبێک نەخوێنێتەوە؟ ئەو نەوعەش زۆرن. ئەوجە دێ لە مەجلیسان باسی کتێبەیلی بیانیت لۆ دەکات.
ڕۆشنبیر هەیە، بزری بکەی، لە بارەگەی حیزبی دەیبینییەوە، کە دەتگاتێ هەزار جوێن بەو حیزبە دەدات، هەتا ئەتوش شتێک بڵێی. هەیە دەتگاتێ زەمی یەکێکت لۆ دەکات، دەگاتە ئەو، زەمی تۆ دەکات. هەیە هەوڵ دەدات بەکارت بێنێت بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی خۆی. نزیکەکانیش وان.
لە هەمووی عەنتیکەتر ئەوەیە ڕۆشنبیر هەیە وشەی «نازانم» لە فەرهەنگیدا نییە. لە دین دەبێتە مەلای دوازدە عیلم، لێت دەبێتە شارەزایەکی نەقۆرا لە هەر بوارێک ئەتو باسی بکەی. نازانێت کە هیچ نازانێت. فلیمەکە ئەوەیە ئەو نەوعانە دەویان نەکەنەوە باشترە، هەر کوی قسە بکەن، تێ دەکەون.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved