لە ئەنجامی پیلانە گڵاوە سێ قۆڵییەکەی جەزائیر لە ١٩٧٥، كە ئەو کات سەدام حوسێن جێگری سەرۆکی عێراق بوو، دەستی محەمەد ڕەزا پەهلەویی شای ئێرانی ماچ کرد و لە پێناوی هەواری بومەدیەنی سەرۆکی جەزائیر، بەشێکی زۆری خاکی عێراقی بە ئێران دا، بەڕەزامەندیی زلهێزەکان شۆڕشە مەزنەکەی کوردیان لەناوبرد، عێراق دەستی بەدەستنیشانکردنی کەسانی ناسراو و خاوەن پێگە لەناو کوردان كرد و وەک ئەندامی ئەنجوومەنی داڕشتن (مەجلیس تەشریعی) دای مەزراندن، چەند ئەمیندارێکی دانا کە پلەیان لە وەزیر کەمتر بوو بۆ بەڕێوەبردنی دامودەزگە کارتۆنییەکانی ناوچەی بەناو ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستان.
هەروەها کەسانی وەک شەهید شاکر فەتاح و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و دادوەری ناسراو شێخ بەشیر ئەتروشی و دەیانی دیکەی دامەزراند تا بڵێ مافی کوردم داوە، دواتر هەر خۆی بەپیلانێکی قێزەوەن سەیدا شاکر فەتاحی شەهید کرد.
دواتر بەناوی هەڵبژاردن داوای لە سەرۆک عەشیرەت و شێخانی تەریقەت کرد کە دەیزانی پیاو و موریدیان زۆرە، خۆیان کاندید بکەن بۆ ئەندامیەتی ئەنجوومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکان وەک ئێستە کۆمیسیۆن و فەرمانگەی سەربەخۆی تایبەت نەبوو، بەڵکو وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە فەرمییەکان پێی هەڵدەستان و لە بنکەکانی مامۆستایانی قوتابخانەکان کارەکانی هەڵبژاردنیان بەڕێوە دەبرد.
بۆ سەرپەرشتیی بنکەکان داوا لە وەزارەتی داد کرا دادوەر و داواکاریی گشتی و لێکۆڵەرەوەی دادی و ئەگەر ژمارەشیان بەشی نەکردبا چەند پارێزەریش دادەنران بۆ سەرپەرشتیی سندووقەکانی دەنگدان و ژماردنی دەنگەکان.
بەبیرم دێ ساڵی ١٩٨٣ ئێمەیان لە ناوچەی کەڵەک دانا وەک سەرپەرشتیاری یەکێک لە بنکەکان. ئەو کات خەڵک لە ترسان دەچوونە دەنگدان. هەڵبژاردن تەواو بوو بەرپرسێکی بەعس بەناوی عەبدوڵڵا خەلیل خۆی کاندید کردبوو و تەنیا (١٢٠) دەنگی هێنابوو، کەچی (بورهان) کە بەڕێوەبەری نفوسی ئەو کات بوو، بە هەزاران دەنگی هێنا و دەرچوو، چونکە پیاوێکی چاک بوو.
دواتر ڕژێمی بەعس هەڵبژاردنیشی کردە ڕووکەش بۆ نموونە لە کۆی (١١) بنکەی ناوچەی خەبات و دەوروبەری، ئاغایەک لە (٩) بنکە پلەی یەکەمی هێنا کەچی کەسێک بەسەرکەوتوو دانرا کە لە هیچ بنکەیەک دەرنەچووبوو.
لە ناوچەی خەلەکان ئێوارە هێشتا خەڵک دەهاتن بۆ دەنگدان کەچی ڕادیۆی بەغدا ڕای گەیاند هەڵبژاردن کۆتاییی هات و فڵان دەرچوو.
ئێستە لە کەشێکی ئازاد هەڵبژاردن دەکرێت، گرینگ بەشدار بی و مافەکەت بەکار بێنی.