دوای ئەوەی لاس و خه‌زاڵ له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆدا له (هۆڵی گه‌ل)ی هه‌ولێر، دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو، بووە یەكەم دراما لە مێژووی باشووری كوردستاندا كە له ده‌ره‌وه‌ی ستۆدیۆ بۆ كەناڵی تەلەڤزیۆنی (به‌غدا)ی ئەو كات تۆمار بكرێت، تا ئێستەش ئه‌و درامایه له یاده‌وه‌ریی خه‌ڵكدا ماوه.
لە کانوونی دووەمی ١٩٨١دا، دوای چل ڕۆژ پرۆڤەكردن، شانۆگەریی لاس و خه‌زاڵ لە نووسینی نازم دڵبه‌ند و دەرهێنانی بۆ شانۆ لە لایەن هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان نمایش كرا.
ئەو کاته هونەرمەند ناسر حەسەن و وێنەگری لێهاتوو ڕەوانشاد جەبار غەریب بە کارێکی تەلەڤزیۆنیی بەغدا لەگەڵ ستافێکی هونەریی تەواو بۆ کاری خۆیان لە هەولێر بوون، تازەیش نوێترین کامێرای جۆری (سۆنی) لە کاری وێنەگرتنی دەرەوەی ستۆدیۆکان لە تەلەڤزیۆن بەکار دەهات.
ده‌نگدانه‌وه‌ی نمایشكردنی شانۆگه‌رییەكە له هه‌ولێر گەیشتبووە بەڕێوەبەری گشتیی تەلەڤزیۆنی بەغدا و ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە هونەرمەند ناسر حەسەنه‌وه کردبوو، کە ئەم شانۆگەرییە تۆمار بکات، ڕۆژی دوای ئه‌وه خۆی و ستافەکەی بۆ بینینی شانۆگه‌رییه‌كه هاتنە ناو هۆڵی نمایش و دوای بینینی شانۆگه‌رییه‌كه و ئه‌و جه‌ماوه‌ره زۆره‌ی ئاماده‌ی ده‌بوون، بڕیاری دا لە دەرەوەی ستۆدیۆ وەک درامایەک بۆ تەلەڤزیۆن تۆماری بکات، ئەمەش کارێکی هونەریی مێژوویی بوو، چونکە یەکەم کاری دراماییی ئەو بوو لە دەرەوەی ستۆدیۆ لە هەولێر تۆماری بکات.
ئامادەسازی کرا و لە نەورۆزی هەمان ساڵدا شوێنەكان لە گوندی ئۆخسر و پیرزین و قەڵات دەستنیشان کران، هونەرمەندانی بەشدار بەیانیان بوخچەی پڕ خواردنیان له‌گه‌ڵ خۆیان دەهێنا و کەسیان لە پاداشتی ئەم کارەیاندا پارەیان پێ نەدرا. دراماكە لە دوو شەودا لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک بە دوو ئەڵقە پیشان درا، تەنها (٥٠٠) دیناری سویسریی تێ چوو.
هونەرمەند ناسر حەسەن سه‌ربووردەی تۆماركردنی (لاس و خه‌زاڵ) بۆ ته‌له‌ڤزیۆن ده‌گێڕێته‌وه و باس له‌وه ده‌كات پاش ئه‌وه‌ی له لایه‌ن ته‌له‌ڤزیۆنی به‌غداوه داوایان لێ كراوه، سه‌ره‌تا چوونه‌ته هۆڵی نمایشكردنی شانۆگه‌رییه‌كه، پاش بینینی، له‌گه‌ڵ ستافه‌كه‌یدا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی وێنه‌گرتنی شانۆگه‌رییه‌كه له ستۆدیۆدا كارێكی ئاسان نییه و هیچ داهێنانێكی تێدا ناكرێت. بۆیە بیرۆكه‌ی دروستكردنی درامایه‌كی تەلەڤزیۆنییان لە لا گەڵاڵە بووە، تا لە دەرەوە وێنەی بگرن، به‌تایبه‌ت كه وه‌رزه‌كه بەهار بووە.
ناسر حەسەن بۆ (گڵكەند) باس لەوە دەكات كە پاش ئاماده‌كردنی سیناریۆكه، لە سەرەتادا لە قەڵاتی هەولێرێ لە ماڵی ڕەشید ئاغا و جەمیل ئاغا دەست بەوێنەگرتن کرا، ئینجا لە گوندی ئۆخسر، کە بۆ کارەکانی تیمه‌كه شوێنێکی گونجاو بووە.
دراماكە سەرکەوتنێکی گه‌وره بوو بۆ كورد، چونكە لەسەر ئاستی عێراقیش یەکەم جار بوو درامایەک هەموو دیمەنەکانی لە دەرەوەی ستۆدیۆ تۆمار بکرێت، ئەو كات ڕۆژنامەکانی (هاوکاری) و (العراق) ڕاپۆرتیان لە بارەوە بڵاو كردەوە.
دەرهێنەر دەشڵێت ئه‌م كاره لە کوردستان پێشوازییەکی گەرمی لێ كرا، بۆ ئەو و ستافەکەشی بووە مێژووەکی پڕ شانازی، بەڵام ئەوەی لە بیر ناچێتەوە، ئەم کارە بەبێ پارە و بەبێ بودجە ئەنجام دا، نووسەر و دەرهێنەر و ئەکتەرەکان دەرگەی ماڵەکانیان بۆ هەموو پێداویستییەکی ڕۆژانە کراوە بوو.