تایەر تۆفیق قەڵات و مەقامی ساقیا
تایەر تۆفیق قەڵات و مەقامی ساقیا
November 05, 2025

هونەرمەند تایەر تۆفیق كە لە حوجرەی مەلایەکانی کۆیێ، فێرە ئەلفوبێی خوێندن بووە، ئینجا چووەتە قوتابخانە، هەر لە منداڵییەوە بەهرەیەکی دەنگخۆشیی تێدا بوو، وەک خۆی دەیگوت “هەموو پێنجشەمووانەك مامۆستا عەبدولمەجید لە حەوشەی قوتابخانە ڕیزی دەکردین، منی دەهێنا دەرەوە و سروودی پێ دەگوتم، منیش زۆرم کەیف بەخۆ دەهات”.
لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی و چوونە ناو قۆناغی هەرزەکاری، گەنجییەتی و گەورەبوونی لەناو ئەدەب و هونەری کۆیە، بەتایبەت لەگەڵ هاوڕێیانی وەک حەمە گەمحان و حەمەدەمین عەباس، کە ئەو کات چایخانەیان هەبووە و تەسجیلی گروندیکیان لەناو چایخانەکە داناوە و دواتریش قەوان، زیاتر لە هونەری گۆرانی چڕین نزیک بووەوە، دواتر كە هاتە هەولێرێ و دەستپێکی ژیانی فەرمانبەریەتیی لە دائیرەی موتەسەڕیفیەت، بە تەواوی تێکەڵی خەڵکە بەزەوقەکەی ئەوێ ڕۆژێ بوو.
تایەر تۆفیق زوو ئاشنایەتیی لەگەڵ کەسایەتی و پیاوماقووڵ و هونەرمەندانی هەولێرێ پەیدا کرد، شەوانە ئاهەنگی لەگەڵ ڕەسووڵ گەردی و حەیدەر بەقال ساز دەكرد.
جەودەت ئەحمەد ناجی لە یادەوەرییەکانی خۆی لەمەڕ تایەر تۆفیق دەگێڕێتەوە “سەردەمی مە، بەدرەدین عەلی موتەسەڕیفی هەولێر بوو، کابرایەکی توندڕەو و دژەکورد بوو، من بەڕێوەبەری نووسینگەكەی بووم، ژوورەکەی تایەر تۆفیق، سمکۆ ئاسەفی برای دڵداری شاعیریشی لێ بوو، هەردووکیان فەرمانبەر بوون، ڕۆژێك لە ناکاو دەنگە بەرزەکەی تایەر تۆفیق هات و گەیشتە ژووری موتەسەڕیف، ئەویش زوو لە دوای ناردم و چوومە ژوورەوە، لێی پرسیم ئەو دەنگە خۆشە کێیە؟”.
جەودەت ئەحمەد درێژە بەگێڕانەوەكەی دەدات و دەڵێت “پێم گوت، جەناب ئەوە تایەر تۆفیقە، گۆرانیبێژی بەناوبانگی ڕادیۆی کوردیی بەغدایە، لێرە فەرمانبەرە، من وای بۆ چووم کە سزایان دەدات، بەڵام بەپێچەوانەوە گوتی ١٠ دیناری پاداشت بکەن، با سەفەرێکی خۆشی پێ بکات.”
هونەرمەند تایەر تۆفیق بێجگە لەوەی هەستێکی نەتەوەییی بەرزی هەبوو، تێڕوانینێکی نایابیشی هەبوو بۆ هەڵبژاردنی هۆنراوەی گۆرانییەكانی، سەنگ و کەسایەتیی خۆی لە ئاهەنگەکان دەپاراست، ساڵی (١٩٨٢) ستافێکی تەلەڤزیۆنی بەغدا هاتنە هەولێر بۆ تۆمارکردنی چەند بەرهەمێکی هونەری بەسەرپەرشتیی هونەرمەند ناسر حەسەن وەك دەرهێنەر، هەروەها هونەرمەند جەبار غەریب وەک وێنەگری ڤیدیۆیی، کە ئەو کات تازە کامێرای (سۆنی) مەحمولەی یابانی بۆ تەلەڤزیۆنی بەغدا هاتبوو، بڕیاریان دا یەکێك لە بەرهەمەکانیان بۆ هونەرمەند تایەر تۆفیق بێت، ئەوە بوو ماڵی جەمیل ئاغایان لە قەڵاتی هەولێرێ هەڵبژارد.
ئامادەکارییەکان تەواو بوون، هونەرمەند وریا ئەحمەد و کۆمەڵێك هونەرمەندی دیكە كۆ بوونەوە، لەو کارە هونەرییەدا تایەر تۆفیق بۆ یەکەم جار شیعری (ساقیا)ی هێمن مەهابادی لەگەڵ بەستەی (چی بکەم جەرگم سووتاوە)ی تۆمار كرد، کە ماوەکەی (١١) خولەك بوو، ئێستەش ڤیدیۆکە ماوە.
ئەوەی جێی داخ بوو لەم کارە، سانسۆركردن و مۆنتاژكردنی بەشێكی گۆرانییەكە بوو لە تەلەڤزیۆنی بەغدا، تۆمارە خامەکەش نەدرایەوە بە ناسر حەسەن و تەنیا بەستەكە مایەوە.
بەڵام هێندەی پێ نەچوو تایەر تۆفیق لە هۆڵی گەل، لە ئاهەنگێکدا بەبۆنەی ڕۆژی نەورۆز ساز کرابوو، شیعرەکەی گۆت، بە دەنگ و ڕەنگ تۆمار کرایەوە، ئەوەیان تا ئێستەش ماوە و خەڵک گوێی لێ دەگرن.
هونەرمەند تایەر تۆفیق ساڵی (١٩٤٥)، کە یەکەم جار چووە ڕادیۆی کوردی تا (١٩٨٧/١٠/٢٠) ماڵئاواییی کرد، دەنگی بەهەمان خۆشی و تۆنی بەرز مایەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved