حکوومەتی عێراق بەتۆمەتی هاوکاریکردنی شۆڕشی بارزان، فەرمانبەرێکی ناحیەی مێرگەسۆر ئەو کات سەر بەقەزای ڕواندز بووە، لە کارەکەی دوور دەخاتەوە.
لە فەرمانێکی کارگێڕیدا، کە ڕۆژی ٢١/١٠١٩٣٢ موتەسەڕیفی لیوای هەولێر دەری کردووە، مەلا عەبدوڵڵا بابکەیی، موختاری گوندی بابکە، كە ڕۆژی ٧/٧/١٩٣٢ بە ساعیی ناحیەی مێرگەسۆر دامەزرێندراوە، بە تۆمەتی (هەڵسوکەوتی خراپ)، لە ١/١١/١٩٣٢ بڕیاری دەرکردنی دراوە. دواتر بریکاری قایمقامی ڕواندز لە نووسراوێکدا بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی مێرگەسۆر لە ڕۆژی ٦/١١/١٩٣٢، جەختی لەسەر ”ڕاستی و دروستی“ی بڕیاری دوورخستنەوەی مەلا عەبدوڵڵا کردووەتەوە، ڕای گەیاندووە كە هیچ فەرمانبەرێک بەبێ لێکۆڵینەوە سزا نادرێت، مەلا عەبدوڵڵا لەسەر کارەكەی دەرکراوە و ناکرێت لەمەودوا کاری پێ بسپێردرێت. بریکاری قایمقامی ڕواندز لە نووسراوەکەیدا، مەلا عەبدوڵڵای بەیارمەتیدانی شێروانییەکان (شۆڕشی بارزان) و سیخوڕیکردن، تاوانبار کردووە.
موتەسەڕیفیەتی لیوای هەولێر بەنووسراوی ژمارە ٥٦٨٠ لە ١١/١١/١٩٣٢، بە ئیمزای وەکیلی موتەسەڕیفی لیوای هەولێر، قایمقامیەتی ڕواندز ئاگەدار دەکاتەوە، کە مەلا عەبدوڵڵا بە هاندانی عەلی سەروەت ئەفەندیی بەڕێوەبەری ناحیەی مێرگەسۆر، تانەی لە بڕیاری دەرکردنی ناوبراو داوە. بۆیە داوا لە قایمقامیەتی ڕواندز دەکات عەلی سەروەت ئەفەندی ئاگەدار بکەنەوە، کە لە بارەی بڕیاری دەرکردنی مەلا عەبدوڵڵاوە، چیی تر بە (بەدواداچوونی ناپێویست) موتەسەڕیفی هەولێر سەرقاڵ نەکات.
مەلا عەبدوڵڵا لە ١٦/١١/١٩٣٢، لە نامەیەکدا بۆ موتەسەڕیفی لیوای هەولێر، ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و باس لەوە دەکات، بەهۆی ناکۆکیی کەسییەوە، چەند کەسایەتییەک (محەمەد ئاغا مێرگەسۆری و سدیق مستەفای ساعیی پێشووی مێرگەسۆر)، لە قەزای ڕواندزەوە، تۆمەتی بۆ هەڵدەبەستن.