له كۆتاییی دووهەزاره‌كاندا، له ژووری میوانانی ماڵی پوورم له هه‌ولێر، ئەو پردە كولتوورییەم بینی كە كۆریای باشووری بەجیهان بەستووەتەوە.
زنجیره درامایه‌كی كۆری له ته‌له‌ڤزیۆن په‌خش ده‌كرا. پوورزاكانم به شاشه‌كه‌وه نووسابوون، هه‌ندێ له‌و وشه و ڕستانه‌یان ده‌گوته‌وه كه له‌و زنجیرانه فێریان بووبوون.
پوورم كه پاشتر بانگهێشت كرابوو بۆ سه‌ردانی كۆریای باشوور؛ له‌گه‌ڵ خۆیدا دنیایه‌ك چیڕۆكی له باره‌ی ئه‌و وڵاته هێنابوویه‌وه، پاكوخاوێنی، ئه‌ده‌بی خه‌ڵك، ته‌نانه‌ت كارگه پێشكەوتووەكانی ئۆتۆمۆبێل.
ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌رسامییه‌وه باسی ئه‌و شتانه‌ی ده‌كرد بینیبوونی و هه‌ر كاتێك وه‌سفی كۆریای ده‌كرد به‌وه‌ی شوێنێكی بێ وێنه‌یه؛ چاوه‌كانی ده‌بریسكانه‌وه. له دوو ده‌یه‌ی ڕابروودا جیهان هه‌ڵكشانێكی به‌رچاوی شه‌پۆلی كۆری (Hallyu)ی به‌خۆوه بینی. له كۆتایییه‌كانی نۆهەتەكانەوە به درامای ته‌له‌ڤزیۆنی ده‌ستی پێ كرد، پاشان له ڕێی سینه‌ماوه بڵاو بوویه‌وه و له كۆتاییشدا له جیهانی میوزیكدا پۆپی كۆری K-pop ته‌قییه‌وه.
ئێستە كولتووری كۆریای باشوور ده‌گاته ژیانی ملیۆنان كه‌س له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، له سیئۆله‌وه بۆ ساوپاولۆ، له تۆكیۆوه بۆ تۆرۆنتۆ. ته‌نانه‌ت له هه‌ولێریش، میدیای كۆری پردی له نێوان كولتووره‌كان دروست كردووه و به‌چیڕۆكه‌كانی و میوزیك و ئیستاتیكاكانی ئیلهام ده‌به‌خشێته‌وە.
كاتێك له هه‌ولێر خه‌ریكی ته‌واوكردنی خوێندنی باڵا بووم، یه‌كێك له ڕێگه‌كانی پشوودانم ته‌ماشاكردنی دراما كۆرییه‌كان بوو، ته‌نانه‌ت لیستێكم به‌ناوی ئه‌و درامایانه نووسیبوو كه ته‌ماشام كردبوون. ئه‌وه‌ی سه‌رنجی منی ڕ‌اكێشا ته‌نها كوالێتیی به‌رهه‌مهێنانیان نه‌بوو، به‌ڵكو ڕاده‌ی ئاشنایی بوو به به‌ها كولتوورییه‌كان: ڕێزگرتنی گه‌وره، په‌یوه‌ندیی خێزانیی به‌هێز و گرینگیی كۆمه‌ڵگه. ئه‌و چه‌مكانه به من نامۆ نه‌بوون، هه‌مان ئه‌و نه‌ریتانه بوو من له ته‌كیاندا گه‌وره بووم. تێگه‌یشتم دراما كۆرییه‌كان پیشانده‌ری ئه‌و به‌هایانه‌ن ئێمه لێره هه‌ڵگریانین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌شێوازێكی نوێ و سه‌رده‌مییانه و زیندوو پێشكێشیان ده‌كه‌ن.
كە له سه‌روه‌ختی كۆرۆنا گه‌ڕامه‌وه هۆڵه‌ندا، زانیم كولتووری كۆری چه‌ند بڵاوه. له ئه‌وروپا پۆپی كۆری بووه‌ته دیارده‌یه‌كی سه‌ره‌كی. هه‌ندێك گرووپی وه‌ك BTS و Blackpink له چه‌ند خوله‌كێكدا ته‌واوی پلیته‌كانی هۆڵێكی گه‌وره‌یان ده‌فرۆشت.
دیسان وه‌ك فزوڵ بڕیارم دا به‌چاوی خۆم بیبینم، ساڵی ٢٠٢٢ پلیتێكم بۆ كۆنسێرتێكی بچووكی هونه‌رمه‌ندی سۆڵۆ كیم وسونگ كڕی. ئه‌وه‌ی وه‌ك گه‌شتێكی تاكه‌كه‌سی ده‌ركه‌وت خێرا گۆڕا بۆ پێكهێنانی گرووپێك له هاوڕێیان.
ته‌نها له چه‌ند كاتژمێرێكدا له سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه هاوڕێم په‌یدا كرد. چیڕۆكه‌كانمان له باره‌ی هه‌موو شتێكی كۆری، له دراماكانه‌وه بۆ میوزیك، ئاڵوگۆڕ ده‌كرد و پلانمان داده‌نا كه پاش ئه‌وه پێكه‌وه له چ كۆنسێرتێكدا ئاماده بین.
دواهەمین كۆنسێرت من ئاماده‌ی بووم چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی كه‌م له‌مه‌وپێش بوو، كه بۆ یه‌كێك له ئه‌ندامانی BTS بوو، كه ده‌كرێت بڵێین گه‌وره‌ترین گرووپی پۆپی كۆری بوو. هه‌واداره‌كانیان كه به ARMY ناسرابوون، سه‌رنجیان ڕاكێشام. به‌گه‌رمی سڵاویان له یه‌كتر ده‌كرد، یارمه‌تیی پاراستنی سیستمیان ده‌دا و پاش نمایشه‌كه هۆڵه‌كه‌یان خاوێن كرده‌وه و میهره‌بانانه مامه‌ڵه‌یان له ته‌ك یه‌كتردا ده‌كرد. زۆر له‌وانه ته‌نانه‌ت له ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیشیاندا په‌یڕه‌وییان له دابونه‌ریتی كۆری ده‌كرد.
ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌ی له لا ورووژاندم، چی بكەین بۆ ئەوەی كوردستانیش له ڕێی میوزیك و فیلم و كولتووری خۆیه‌وه ئامادەییی جیهانیی هه‌بێت؟ چۆن وا بكەین دابونه‌ریت و به‌ها و هونه‌ری كوردیش به‌و شێوه‌یه له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئامێزی بۆ بكرێته‌وه؟ بیرۆكه‌كه هه‌ر له مێشكمدا ماوه‌ته‌وه، كه بیرمان ده‌خاته‌وه گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆكی كولتووری چ هێزێكی نائاساییی هه‌یه و چ ده‌رفه‌تێك چاوه‌ڕێمان ده‌كات.
ئێستە ساڵانێكی زۆر دوای دانیشتن له ژووری میوانه‌كه‌ی ماڵی پوورمدا له هه‌ولێر، بۆم دەركەوتووە كە ئه‌م ته‌نینه‌وه جیهانییه‌ی كولتووری كۆریای باشوور به‌شداری له به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ژماره‌ی گه‌شتیاران، گه‌شه‌ی ئابووری و زیادبوونی گرینگیدانی نێوده‌وڵه‌تی به زمانی كۆریدا كردووه. كۆریای باشوور ئێستە ساڵانه پێشوازی له ملیۆنان گه‌شتیار ده‌كات، خواردنی كۆری له سوپه‌رماركێته‌كانی سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپادا ده‌بینرێت، زۆر زانكۆ كۆرسی فێربوونی زمانی كۆری ده‌كه‌نه‌وه.
* شارا جه‌مال شاهۆیی، نووسه‌ر و وانه‌بێژی زانكۆیه، له ئه‌مسته‌ردام نیشته‌جێیه.