لە ڕۆژێکی ساماڵ و کەشوهەوایەکی خۆشدا، بە پیاسە بەبن دیواری قەڵاتێدا دەهاتم، ناوە ناوە پیاسەی وا دەکەم، بۆ ئەوەی هەستی پیرە هەولێرێم لێ نەبڕێت، چونکە ئێستەكە هەولێر بوویتە دوو شار، هەولێری جاران، خەریکە تەنها لەناو بازاڕ و دەوروبەری قەڵات دەمینێتەوە، هەولێرەکەی دیكەش، هەولێری باڵەخانە و ئەلیکۆبۆن و چیمەنتۆ و چڕوچاوی نامۆ و ڕەفتار و زمانی بیانی.
دوو وێنەکێشم بینی لە بن دیواری قەڵاتێ، لە تەنیشت یەکدی وێنە کێشراوەکانی خۆیان نمایش دەکەن، وێنەی خەڵک بە پارە دروست دەکەن. منیش لە یەکیان نزیک بوومەوە کە وێنەکانی جوانتر بوون لەوی دی، لێم پرسی بە چەند ڕەسم دەکەی؟ گوتی ئەو قەبارەیە بە پێنج دینار، گوتم من بۆ جوانیم نییە، من دەمەوێ وەکو سکێچ ڕەسمی بکەی، چونکە لە ڕۆژنامە و گۆڤار لە جیاتیی وێنەی خۆم دای دەنێم.
گوتی: موشکیلە نییە، کوت دەوێ ئەوها لۆت دەکەم، ئەتوش بەکەیفی خۆتە، دەیدەیە ڕۆژنامە دەیدەیە تەلەڤزیۆن، عایدی خۆتە، دووسبەی وەرە بیبەوە.
دوای سێ ڕۆژ هاتمەوە گوتم: هاتیمە ڕەسمەکەی ببەمەوە. ڕەسمەکەی لەناو زەرفێک دەرهینا، منیش سەیرم کرد، سەرودڵم تێکچوو. گوتی: چییە مامۆستا دەڵێی بەدڵت نییە، ئەوها بە ناحەزی تەماشای دەکەی. گوتم: زۆر جوانت کردییە، دەستەکانت خۆش، بەس ئەوە من نیم، لەوانەیە بە ئامۆزام بچی بەس من نیم. گوتی: با مامۆستا چاوەکەم، وەڵڵا ڕێک ئەتوی.
زانیم ئەو (ئەتوی و من نیمە) درێژە دەکێشێت، بە ڕاستیش تووڕە بووبووم، بەس هەر نەمدەویست هەستی بریندار بکەم، لە هەمان کاتیشدا هەستی من شوختی پێ کەوتبوو.
خەڵک بە تەنیشتماندا تێ دەپەڕین و سەیریان دەکردین، چونکە وا بزانم دەنگمان هەندەک بڵند بووبوو، ئاگامان لێ نەبوو، منیش بۆ تێهینانەوەی مەوقیفەکە و کۆنترۆڵکردنی تووڕەییم، کابرایەکی نەناس و نەدیتراو هەر ئەوها بە ڕێککەوت لەوێوە تێ دەپەڕی، گوتم: ئەرێ کاکە بێ زەحمەت، وەرە تەماشا بکە، ئەو ڕسمە کێیە؟
هاتە پێش، سەیرێکی کرد و سەیرێکی منی کرد، گوتی: مامۆستا ئەوە ئەتوی.
گەواهییەکەی لە دژی ویستی من بوو، بۆیە هیچ ئاخفتنم نەما، گۆتمە ڕەسامەکەی باشە کاکە، سپاس، پارەکەی چەندە؟ گوتی پێنج هەزارە. پارەکەم دایێ و ڕسمەکەم هیناوە، لە بازاڕیش چەند برادەرەکم دیت، پێشانی هەمووانم دا، دەیانگۆت کەمەک بەتو دەچی، بەس ئەتو نی.
منیش لە دڵی خۆمدا دەمگۆت، ئەو ئیشەم هەر نەویست، ڕسمەکەم دڕاند و فڕەم دا.
هاتمەوە ماڵێ، هەر زوو شتەکەم لە بیر کرد. دوای دوو سێ ڕۆژ سەفەرێکی درێژم کرد، چوار مانگ نەهاتمەوە، دوای هاتنەوەم، غەریبیی هەولێر دیسان منی بردەوە ناو بازاڕ، دیسان بەلای ڕەسامەکاندا تێپەڕیم، یەکەمم دەرباز کرد، لەلای دووەمەکە ئەوەی ڕەسمی منی دروست کردبوو، سەیرێکی وێنە هەڵواسراوەکانم کرد، هۆپەکم لە خۆم دیت؛ ئای ئای، ئەوە وێنەی منی دروست کردیتەوە، ئەوجارە هەڵی واسیوە بۆ ڕیکلامی خۆی.
ڕاست گەڕامەوە لای، گوتم کاکە ئەوە لۆ ڕەسمی منت کردییە و هەڵت واسییە؟ گوتی مامۆستا ئەوە ئەتو نی! بەڕاستی هەڵچووم، گوتم کا بیهینە خوارێ، لێم وەرگرت، گۆتم کاکە ئەتو ڕەسمەکەی منت دووبارە کردیتەوە و هەڵت واسییە. دیسان بەمکوڕییەوە گوتی کاکە ئەوە ئەتو نی، مامۆستاش نەما.
منیش وەکو جارەکەی تر کەسێکی نەناسراوم بانگ کرد، کە بە ڕێککەوت بەوێدا تێ دەپەڕی، گوتم کاکە ئەو ڕسمە منم؟ یەکسەر بەبێ دوودڵی گوتی نەخێر مامۆستا، ئەتو لە کوێ ئەوە لە کوێ، ئەوە تۆ نیت.
هیچم بۆ نەمایەوە بیڵێم، گۆتم کاکە پارەکەی چەندە؟ ترسیشم هەبوو بڵێ ڕەسمی خۆمە و نایفرۆشم.
باش بوو گۆتی بەخۆی دە هەزارە، بەڵام لەبەر خاتری تو پێنج هەزارمان بدێ، بەزیاد بی. پێنج هەزارەکەم دایێ، وەم زانی شتەکی زۆر گرینگم دەست کەوتووە، ئەویشم دڕاند.
