خمچی، ئەو پیشەیەی كە كوتاڵ، خووری، ڕیس و دەزوو ڕەنگ دەكات، لە كۆندا لەسەر دەستی جوو پەرەی پێ دراوە، دواتر موسوڵمان لێیانەوە فێر بوون. هەتا بیست ساڵیش پێش ئێستە لە كۆیە خمچی مابوون، جلوبەرگی ژنان، بەتایبەتی ئەو جلوبەرگانەی ڕەنگیان کاڵ بووەتەوە، ڕەنگ دەكردەوە.
خمچی ڕەنگە باوەكانی وەك ڕەش، شین، مۆر، سەوز، سوور و زەردیان بۆ جلوبەرگ بەکار دەهێنا، هەروەها ئەو پێڵاوانەشیان ڕەنگ دەكردەوە كە لە چەرمی گا دروست دەكران، ژنانیش دەچوونە لای خمچی بۆ ئەوەی دەزوو ڕەنگ بكەن، تا لە كاتی گوێسمیندا لە گوێی كچان بكەن.
نرخی خمكردن بەپێی پارچە بوو، کراس به ١٠٠ - ١٢٥ فلس، چارۆگه و بەرامپیلی ژنان بە ٦٠ - ٧٠ فلس، پۆشاکی ژنه بلباس و بۆڵی و ڕەوەندەکانیش که گەورە بوون، بە ٢٥٠ فلس ڕەنگ دەكران.
ئەو وەستایانەی لە كۆیە خمچێتییان كردووە و ناودار بوون، مام فەتحوڵڵا سەعید ڕەسووڵی خمچی، وەستا عوسمانی مام مەعرووفی ناسراو بەحاجی، وەستا عەبدوڵڵای خمچی ناسراو به کاکە شەل، وەستا جووەكانیش ڕەحیم گۆرگیس، وەستا داود، وەستا بنیامین و وەستا هاڕون بوون، ڕەنگ و دەرمانی خمیان لە عەتارەكان دەكڕی.
نەجات ئەحمەد لەدایکبووی ١٩٥٥ە، كچی وەستا ئەحمەد مەعرووفە، کە بە وەستا ئەحمەدی خمچی ناسرا بوو، دەڵێت ”بەمنداڵی دەمبینی بابم لە دوکانەکەی چەند کوپەی گەورەی دانابوو، هەریەکە ڕەنگەكی تێدا بوو، قوماشەکانی دەینا و دەیخستنە ناو کوپەکان، پاشان هەریدەخستن هەتا وشک دەبوونەوە“.
بە گوتەی نەجات، جاران خەڵك بە زۆری جلکیان بۆ تازیە خم دەكرد، كەم كەم هەبوون جلکەکەی ڕەنگی سوور بووە، یان حەزیان لە ڕەنگی جلیان نەماوە و ڕەنگێكی دیكەیان كردووە. هەروەها خەڵك بەنی جاجم و بەرماڵیشیان ڕەنگ كردووە.
بەهۆى پیشەكەیەوە، ماڵی وەستا ئەحمەد بەردەوام میوانی هەبووە و هەندێكیان شەوانیش ماونەتەوە، تا وەستا ئیشی خمی بۆ تەواو كردوون.
خاتوو نەجات باس لەوە دەكات كە خەڵك لەبەر هەژاری ناچار بوون جلە كۆنەكانیان لە خم بگرن و ڕەنگیان بكەنەوە، لە ڕووی ئابوورییەوە سوودی زۆری هەبووە و خەڵك پێویستی بەوە نەبووە زوو زوو جلوبەرگی نوێ بكڕن.
وەستا ئەحمەد وەكو زۆر وەستای دیكەی بوارەكەی، لە کۆتاییی شەستەکاندا وازی لە کاری خمچییەتی هێنا، پەیدابوونی جلوبەرگی نایلۆن هۆكارێكی سەرەكیی نەمانی پیشەكە بوو، چونكە داوی نایلۆن خم هەڵنامژێت و ڕەنگی نەدەگرت. سەرباری باشبوونی باری داراییی خەڵك، بەم شێوەیە وەستا ئەحمەد دەستى بەفرۆشتنى قوماش كرد، لە کۆڵانان دەگەڕا و قوماشی دەفرۆشت.
وەستا فەتحوڵڵای خمچی یەكێكی دیكە بوو لەو پیشەكەرانەی كۆیە، محەمەدی كوڕی لە بارەی باوكیەوە دەڵێت ”هەر خمچییان پێ نەدەگۆتن، هەندێك دەیانگوت ڕەنگڕێژی، هەوێنی پیشەكەش مادەیەك بوو پێیان دەگۆت (هەش)“.
جاران لە کۆیە چەمكێك باو بوو، یەکێك بەیەکێكی دیكەی دەگوت ”دەک سەرت لە هەشێ نێن، یان “هەشت بەسەری”، هەش مادەیەكی هوردی وەک شەکر بوو، بەڵام ڕەنگی شین بوو، جۆری لەندەنی و ئەڵمانی هەبوو، لەندەنییەكە کیلۆی بە دینار و ڕوبعێك بوو، ئەڵمانییەکەش کیلۆی بە دینارەك، قسڵ و مادەیەکی دیکەی بەناوی (ئەندریۆز) تێ دەكرا، لە کوپی ئاویان دەکردن و دەیانتواندنەوە، دەبوو بە خم.

وەستا ئەحمەدی خمچی