ماستی هه‌ولێر، لە زەمانی زووەوە، بەر لەوەی براند و ترێند پەیدا بن، براند و ترێند بووە، ناوبانگی به شاراندا ڕۆیشتووه و له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراقیشدا ناسراوه.
سه‌رباری ڕكابه‌ریی قورسی ماستی هاورده‌كراو له بازاڕ و ماڕكێته‌كاندا، هێشتا ماستی هەولێر پارێزگاری له ناوبانگی خۆی كردووه، گه‌شتیارانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت بەدوای ئەو ماستە خۆماڵییە ناوخۆیییەدا دەگەڕێن تا بەدیاری بۆ دۆستان و خۆشەویستانیان ببه‌نه‌وه.
خدر مه‌حموود (تەمەن ٥٥ ساڵ)، له منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵ باوكی‌دا بووە و ماستیان فرۆشتووە، ده‌ڵێت ئاژه‌ڵداره‌كانی ده‌شتی قه‌راج و كه‌ندێناوه باشترین ماست به‌رهه‌م دێنن، نهێنیی ئەو ماستەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە له‌وه‌ڕی ناوچه‌كه زۆر باشه و تامی ماسته‌كه خۆش دەكات، هەروەها پێی وایە لە دوای قەراج و كەندێناوە، ماستی ناوچه‌ی موڵكییه كه گونده‌كانی شه‌مامك و قوشته‌په و به‌ڕانه‌تی دەگرێتەوە، به پله‌ی دووه‌م دێت.
ئەو ماستفرۆشە كە لە كن خەڵكی بە مام خدر ناسراوە، بۆ (گڵكه‌ند) باس لە باشترین وەرزەكانی ساڵ دەكات بۆ بەرهەمهێنانی ماست، پێی وایە “باشترین ماست، ماستی فه‌سڵی بوارێیە، گیاوگۆر زۆر دەبی، شیری عه‌یوانی به‌تامتر دەبی، ئه‌گه‌ر نیو سەعات ماستی مەڕی بكورێنی، ماسته‌كی ده‌ره‌جه یه‌كی لێ ده‌رده‌چی، به‌س ئه‌گه‌ر شیری بزن و گامێشی له‌گه‌ر تێكه‌ر بكرێ، ماسته‌كی ده‌ره‌جه دوو دەردەچی، مه‌نجه‌رە فافۆنه‌كه‌ش هه‌تا ئه‌ستوورتر بی باشترە، چونكه فێنكه، ماسته‌كه ترش نابی، بەس ئەو زەمانەی مه‌نجه‌ره‌كان ته‌نك كراینەوە، لۆیێ ماستەكەی داوێینە سه‌لاجه‌ی، ستری باغه‌ش گه‌رمه، زۆر خراپه لۆ ماستی”.
ماستی هه‌ولێرێ كڕیاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه، بێجگە له‌و عه‌ره‌بانه‌ی له ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقه‌وه دێنه هه‌ولێرێ، ماست به‌دیاری بۆ دۆست و خزمانیان ده‌به‌نه‌وه. هەندێك كەس لە ڕێگەی فڕۆكەوە بەدیاری ماستی هەولێرێ دەبەنە وڵاتانی ئەوروپاش.
له باره‌ی فرۆشی ماستی هه‌ولێریشەوە، مام خدر باس له جاران دەكات كە نرخی ماست به گۆتره و به‌پێی گه‌وره و بچووكیی مه‌نجه‌ڵ بوو، به‌ڵام ئێستە به كیلۆ ده‌فرۆشرێت، ڕۆژی وا هه‌یه لە دوكانەكەی خۆیدا، ٤٠٠ كیلۆ ماست ده‌فرۆشێت.
ئەو ماستفرۆشە ساڵانی حه‌فتاكانی سەدەی ڕابردوو تا ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانیش به سه‌رده‌می زێڕینی ماستی هه‌ولێر ده‌زانێت، به‌ڵام ئه‌و شه‌ڕوشۆڕانه‌ی له عێراق و كوردستان ڕوویان دا، كاریگه‌ری خراپیان كرده سه‌ر پیشه‌ی ئاژه‌ڵداری و زۆربه‌ی جووتیاران له گونده‌كانیان ڕاگوێزران یان به‌ره‌و شار كۆچیان كرد، ئه‌وه‌یش كاری له به‌رهه‌می ماستی ڕەسه‌ن كرد.