یەكەم مەخفەری پۆلیس لە كۆڵانی عارەبان
یەكەم مەخفەری پۆلیس لە كۆڵانی عارەبان
October 19, 2025

یەکەم بنکەی پۆلیس لە مێژووی هەولێرێ، مەخفەری پۆلیسی قشڵەی سواری بووە لە گەڕەکی عارەبان، كە ساڵی ١٩١٠ لە لایەن جەندرمەی عوسمانییەوە دروست کراوە، دواتریش مەخفەری تەعجیل دروست كراوە.
بەپێی بەڵگەنامەی فەرمی، بەریتانییەکان ڕۆژی ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩١٨، لە ڕێگەی کاپتن های و بەیاوەریی دوو سەربازی (سواری) گەیشتنە هەولێر و بەناوی حکوومەتی ئینگلیزەوە شارەكەیان لە تورکان وەرگرت. لەو ڕۆژەوە سەردەمی داگیرکاریی بەریتانیا لە هەولێر دەستی پێ کرد.
ڕۆژی ١١/١١/١٩١٩ هەولێر كرا بە لیوا و ئەحمەد ئەفەندی دەسەڵاتی موتەسەڕیفی پێ درا، بەڵام بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لە ساڵی ١٩٢٣ بە فەرمی پۆستی موتەسەڕیفی وەرگرتووە، لە کتێبی (پۆلیسی هەولێر)ی فاروق ئیبراهیم شەریفدا هاتووە، ئینگلیز لە ١٩١٩دا چەند فەرمانێکی دەرکردووە و ناوی لێ نراوە فەرمانەکانی ئێستە، هەروەها بەیاننامەی پۆلیسی ژمارە (٧٢) لە (١٩٢٠) دەركراوە، تیایدا ئەرکەکانی پۆلیس لە ڕووی کارگێڕی و لێپێچینەوە دیاری کراوە.
هەر لەو خۆئامادەکردنەی ئینگلیز بۆ ئامادەکردنی هێزێکی پۆلیس، دوای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەغدا لە (١٩٢٢)، دەستی کرد بەدانانی پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیس لە هەر لیوایەک و دانانی چەند ئەفسەرێک، ئەمەش بوو بەهەنگاوی یەکەمی دامەزراندنی بارەگە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان و (مەعاونیەتەکان)، هاتنە کایەی ئەو پرۆسەیە لیوای (هەولێر)یشی گرتەوە و یەکەم بەڕێوەبەری پۆلیسیش ڕائید عەلی سەروەت بوو، یەکەم بنکەی پۆلیسیش لە قشڵەی سواری لە گەڕەکی عارەبانی ئێستە بوو. دووەم مەخفەریش مەخفەری تەعجیل بووە، ئەو گەڕەکە دابەش بووبووە سەر دوو بەش، بەشی موسوڵمان و بەشی جوولەکان كە ساڵی (١٩٤١) لەناو خێمەیەک بووە، لە نزیک مزگەوتی موفتی، کە (زابت سەففێک) و چەند پۆلیسێکی تێدا بووە، ئەوانە ئەرکی پاراستنی سنووری هەردوو گەڕەکی تەعجیل و سەعدووناوەیان پێ سپێردرابوو.
پۆلیس بەها و هەیبەتێکی زۆری لای خەڵک هەبوو، بەتایبەت ئەوانەی لەسەر دەستی ئینگلیز پەروەردە دەکران، وەک دەگێڕنەوە پۆلیس لەو کاتیدا یانی نوێنەری حکوومەت، بەبێ هیچ جیاوازییەک کار و فەرمانی خۆیان ڕادەپەڕاند، لە ڕووی جلوبەرگ و پۆشینیشەوە شیك بوون.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved