دادگەییكردنی بیری چەپ لە گوندەكانی ڕواندز
دادگەییكردنی بیری چەپ لە گوندەكانی ڕواندز
October 19, 2025


لە دوو نووسراوی دەزگە ئەمنی و سەربازییەکانی حکوومەتی ڕووخاوی عێراقدا، هاووڵاتییەکی ئەندام لە هێزە چەپەکان ڕەوانەی دادگەی عورفیی سەربازی کراوە.
نووسراوەکان لە دەستەی لێکۆڵینەوەی هەولێر دەرچوون و بۆ دادگەی گشتیی سەربازیی ناوچەی باکور و ئەنجوومەنی عورفیی سەربازیی چوارەم لە کەرکووک، نێردراون.
هاووڵاتییەک بەناوی هاشم سەعید بەزاز لە سنووری قەزای ڕواندز دەستگیر کراوە و تۆمەتی بیرۆکەی ڕووخێنەر و بڵاوکردنەوەی بیری چەپی خراوەتە پاڵ لە ڕێگەی هاموشۆکردنی بۆ گوندەکان، گوایە بیری جووتیارەکانی ژەهراوی كردووە.
ئەو کەسە چاڵاکانە لە ١٩٤٦ەوە لە ئێران لەناو شیوعییەکان جموجۆڵی هەبووە، بە تایبەتی لە گوندی دزەی ئێرانی سەر بە ڕەزایییە. هەرچەند ناوبراو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی، ڕەتی کردوونەتەوە، بەڵام ئەمنیی هەولێر زانیاریی لەسەر کۆ کردووەتەوە و دەرکەوتووە لە شیوعییە چاڵاکەکانە.
ڕۆژی ٢١/١٢/١٩٦٣ دەستەی لێکۆڵینەوەی هەولێر ڕاسپاردەی خۆی ناردووە و داوای کردووە کەیسی هاشم سەعید بەزاز بگوازێتەوە بۆ ئەنجوومەنی عورفیی سەربازیی چوارەم لە کەرکووک، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سەربازییەکان دادگەیی بکرێت.
دواتر لە ٢٨/١٢/١٩٦٣ هەمان دەستە نووسراوێکی بۆ حاکمی سەربازیی گشتیی ناوچەی باکور ناردووە و تێیدا ڕاپۆرتی دەزگەی ئەمنیی ڕواندزی لە بارەی کەیسی هاشم سەعید بەزاز بۆ حاکمەکە ناردووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved