پێشمەرگەكانی مەخموور تەنگ بە هێزە عێراقییەکان هەڵدەچنن
پێشمەرگەكانی مەخموور تەنگ بە هێزە عێراقییەکان هەڵدەچنن

چەند بەڵگەنامەیەك ئاشكرای دەكەن، ژمارەیەک پێشمەرگە لە سنووری قەزای مەخموور لە لیوای هەولێر، بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، تەنگ بە حکوومەتی عێراق هەڵدەچنن و هەموو هێزە چەکدارە عێراقییەکان ناتوانن دەستگیریان بکەن.
ئیبراهیم تائی یاریدەدەری پۆلیسی قەزای مەخموور لە ١٢/١٠/١٩٦١ لە بروسکەیەكدا بۆ پۆلیسی هەولێر، هەواڵی دەستگیرکردنی ژمارەیەک پێشمەرگە و چەند هاووڵاتییەک لە گوندی گردعازەبان و دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنییەکانیان، بەهاوکاریی پۆلیسی هەولێر، ڕادەگەیەنێت.
پێشمەرگە دەستگیرکراوەکان بریتی بوون لە سەید قادر سەید كەریم، سەید عیزەدین سەید كەریم، سەید ئەنوەر سەید حوسێن.
ژمارەیەك هاووڵاتییش بە تۆمەتی لەخۆگرتنی پێشمەرگەکان و شاردنەوەیان دەستگیر کراون، لەوانە عوسمان مەحموود، کەریم حاجی ئیسماعیل، بەکر شێخ سابیر، سادق سۆفی ساڵح، سابیر شێخ محەمەد، عومەر عوسمان، ڕەحمان ئەحمەد، سابیر ساڵح، قادر کەریم، عەبدوڵڵا عیسا و جەمیل حوسێن.
ئیبراهیم تائی لە نووسراوەکەیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاریان داوە بنکەی پۆلیسی پیرداود بگوازنەوە گوندی گردعازەبان و لەوێ بنکەکە لە ماڵی سابیراغا یان ئیبراهیماغا بکەنەوە.
هەروەها عەبدولهادی موختار، قایمقامی قەزای مەخموور لە ١٤/١٠/١٩٦١، بەنووسراوێک و هاوپێچی نووسراوەکەی ئیبراهیم تائی بۆ پۆلیسی هەولێر، موتەسەڕفیەتی لیوای هەولێر لە دەستگیرکردنی پێشمەرگەکان، ئاگەدار دەکاتەوە.
پێشتریش لە ٢/١٠/١٩٦١، موتەسەڕفیەتی لیوای هەولێر بەنووسراوێک داوای لە بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی پۆلیسی عێراق کردبوو بە بەخشینی (قیدەم) بەئیبراهیم تائی، یاریدەدەری پۆلیسی قەزای مەخموور، بەهۆی هەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنی پێشمەرگەکان.
هەروەها لە ١٩/١٠/١٩٦١، بەدرەدین عەلی، موتەسەڕیفی هەولێر بەنووسراوێک، هیوای سەرکەوتن بۆ ئیبراهیم تائی بۆ خزمەتی کۆماری عێراق بەسەرۆکایەتیی لیوا ڕوکن عەبدولکەریم قاسم دەخوازێت. هەروەها سوپاسی دەکات لە پای هەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنی ئەو گرووپەی پێشمەرگە، کە وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، ”ماوەی زیاتر لە ساڵێک بوو هەموو هەوڵێکی دەستگیرکردنیان بێ ئەنجام بوو“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved