دکتۆر جەمال ڕەشید لە هۆڵی ڕۆشنبیریی هەولێرەوە کۆشکی کۆماریی عێراقی هەژاند
دکتۆر جەمال ڕەشید لە هۆڵی ڕۆشنبیریی هەولێرەوە کۆشکی کۆماریی عێراقی هەژاند

ئێوارەی ڕۆژی هەینیی ٥/٥/١٩٨٢ بوو، ڕووداوێكی مێژووییی گرینگ لە زانکۆی سەڵاحەدینی تازە دامەزراودا ڕووی دا، كە کاریگەری و ڕۆڵی ئەو ڕۆژە، لێککەوتە و دەرهاویشتەكانی تا ڕاپەڕینی مەزنی ١٩٩١ بەردەوام بوو.
کاتژمێر پێنجی ئێوارە، ڕۆشنبیران، نووسەران، قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆ، بەتایبەتی لە کۆلێژی ئادابەوە، بەشەوقەوە لە دیداری کۆڕی ئەدەبیی د.جەمال ڕەشید مامۆستای مێژوو لە بەشی زمانی کوردیی کۆلێژی ئاداب، لە هۆڵی ڕۆشنبیری ئامادە بوون.
ئەو کۆڕە لە بارەی وایسباخی مێژووناس و کوردناسی ئەڵمانی بوو، كە لە مێژووی ئەدەبیدا بە (کۆڕەکەی د.جەمال ڕەشید و د.کوردستان موکریانی) ناوزەد کراوە.
د. کوردستان موکریانی لە بارەی ئەم چاڵاکییەوە دەڵێت ”شامل مەردان، کە بەوەکالەت بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و لاوان بوو، سەرێکی لە کۆلێژی ئاداب دا، بەنێوی ئەمانەتی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوانەوە، داوای لە د. جەمال ڕەشید کرد کۆڕێکیان بۆ بگێڕێت، ڕووی لە منیش کرد تا کۆڕەکەیان بۆ هەڵسووڕێنم“.
ئەو كات موکریانی سەرۆکی بەشی زمانی کوردی بووە لە كۆلێژی ئاداب، بۆیە لە وەڵامی شامل مەرداندا گوتوویەتی ”ئەو چاڵاکییە هی ئێوەیە، پێویستە یەکێک لە ئەمانەتی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوان بەڕێوەی ببات“. بەڵام دواجار ڕازی بووە کۆڕەکە بەڕێوە ببات.
ئەو كۆڕە لە سەرەتای چاڵاکییە ڕۆشنبیرییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین - کۆلێژی ئاداب بووە، كە بە وەرزی ڕۆشنبیریی ساڵانەی زانکۆ دەستی پێ کردووە. هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و لاوانی ئەمانەتی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوان بەم کۆڕە ئەدەبییە، یەکەم چاڵاکیی ئەدەبی و دەسپێکی بزاڤی ڕۆشنبیریی کۆلێژی ئاداب دەست پێ دەكات، بۆیە بۆ مێژووی دامەزراندنی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین، ئەو ڕۆژە بەدەسپێکی چاڵاکیی ڕۆشنبیری و دامەزراندن و پێشەنگی بزاڤی ڕۆشنبیری و شۆڕشگێڕی دادەندرێت

وایسباخ کێیە؟ ناوەڕۆکی کۆڕەکە چی بوو؟
ئەو کاتەی شامل مەردان داوای سازکردنی ئەو کۆڕەی كرد، وەک د. کوردستان موکریانی باسی دەکات “چەند ڕۆژێک بوو قوتابیان مانیان گرتبوو، نەدەچوونە پۆلەكانی خوێندنەوە، خۆپێشاندانی قوتابیانی زانکۆ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەرمتر دەبوو. بۆ دڵنیابوون لە گێڕانی کۆڕەکە، د. جەمال سەردانی محەمەد محیەدین جێگری ئەمینداری گشتیی ڕۆشنبیری و لاوانی کرد، ئەویش دووپاتی کردبووەوە کە کۆڕگێڕان و سازدانی چاڵاکیی ڕۆشنبیری زۆر ئاسایییە”. کاتی دیاریکراوی کۆڕەکە سەعات پێنجی دوای نیوەڕۆ بوو، لەگەڵ ئەو بارە ناخۆشەی لە ئارادا بوو، نێزیکەی ١٥٠ کەس ئامادەی كۆڕەكە بوون. سەرەتا د. كوردستان وتەی بەخێرهاتنی پێشکێش کرد، دواتر د. جەمالی ناساند، د. جەمالیش لێکۆڵینەوە مێژوویییەکەی پێشکێش کرد.
دواتر ئامادەبووان پرسیارێکی زۆریان کرد، د. جەمال وەڵامی دەدانەوە، کۆڕەکە بە هێمنی تەواو بوو.
وایسباخ ڕۆژهەڵاتناسێكی ئەڵمانییە، ناوی تەواوی وایسباخ فرانزهێرنیخە (١٨٦٥ - ١٩٤٤)، یەکێکە لە پسپۆڕانی مێژووی کۆنی ڕۆژهەڵات، ساڵی ١٩٠٥ لە لایبزخ بووەتە پڕۆفیسۆری بواری مێژووی ئیلامییەکان، مادەکان، ئەخمینییەکان، کاردۆخییەکان و گەلانی کۆنی ڕۆژهەڵات. ساڵی ١٩١٩ وایسباخ کتێبە ناودارەکەی (ئانا باسیس-گەڕانەوەی ١٠ هەزار سەربازی یۆنانی) چاپ كرد، کە هەواڵ و دەنگوباسی گەزنەفۆنی سەرکردەی یۆنانی و ڕووداوەکانی سوپای یۆنانی لە ناوچەکانی کاردۆخیانی گرتووەتە خۆی. سەرباری ئەوەش وایسباخ لە لێکۆڵینەوەکانیدا باسی مێژوو و جوگرافیای وڵاتی کوردان و ڕەچەڵەکی کورد و ئەتنۆگرافیای کورد دەکات، بەسوود وەرگرتن لە نووسینەکانی مێژوونووس و جوگرافیازانانی یۆنان و ڕۆمان و نووسەرانی ڕۆژهەڵاتی و بابلی لەوانە ستفیان بێزەنتی، پلینیۆس، بەتلیمۆس، سویداس، فلاڤیوس ئەریانوس، نیکۆلای دەمەشقی و کتێبە ئاینییەکانی مەندائییەکان، تەورات، قورئان و سەرچاوەی دیكە.
گرینگیی کتێبی (ئاناباسیس) و بیروڕاکانی وایسباخ بۆ کۆڕەكە، ئەوەیە كە وایسباخ بە پێشەنگی ڕۆژهەڵاتناسانی ئەڵمانی دادەنرێت کە باسیان لە بنچینە کردارییەکانی سەرهەڵدانی نەتەوە کردووە لە ڕێگەی تایبەتمەندییەتیی ئەتنۆگرافیای مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی خاوەن زمان و کولتووری جۆراوجۆری تایبەت و تێکەڵ، لەوانیشەوە ئەتنۆگرافیای مرۆڤی کورد.
د. جەمال كۆڕەكەی بەشێوازێکی سەرنجڕاکێش، کاریگەر و هێمن، پڕ زانست و زانیاریی نوێ پێشكێش كرد. گیانی نەتەوەیی و هەست و سۆزی نیشتمانیی ئامادەبووانی هێنایە جۆش و خرۆش. وێڕای ئەو پرسیارە زۆرانەی لێی کران، چەند جارێك لە نێو هۆڵەکەدا هوتاف و دروشمی (کەس نەڵێت کورد مردووە، کورد زیندووە) گوترایەوە و ئامادەبووان بەدەم دروشم و هوتافلێدانەوە، هۆڵەکەیان بەجێ هێشت.
لە دەرەوەی هۆڵ و لەسەر جادە و سەر کۆڵانەکانیش، بە دیوی لای هۆڵی ڕۆشنبیرییەوە، چەندین قوتابی و گەنج و ڕۆشنبیری ئامادەبووی کۆڕەکە، بەدروشم و هوتافلێدان و گوتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب، جۆش و خرۆشی کوردایەتییان دادەمرکاندەوە، ڕووبەڕووی پیاوانی ئیستخبارات و ئەمن و سەربازی ڕژێم دەوەستانەوە.
ئەم ڕووبەڕووبوونەوە و خۆپێشاندانە تا دەهات گەرمتر و فرەوانتر دەبوو، لە بەرامبەریدا هێزی ڕژێم لە سەرباز و ئەمن، بەجلی سەربازی و خاکیی ڕەفیق حزبییانە و دەست بە چەک و دەمانچە و خوترمە، هێنانی تانک و زیلی سەربازی و دوو سێ ئۆتۆمۆبێلی پۆلیس، خۆپێشاندەرانی ناچار كرد بەناو کۆڵانەكانی پشت هۆڵەکە پەرتە بكەن و لەنێو ماڵاندا خۆیان بشارنەوە.
ماڵەکان بەوپەڕی گیانی بەرزی نیشتمانی و کوردایەتی، دەرگەكانیان کردبووەوە.
شێرەژنانی ئەو گەڕەکانە لە بەردەم دەرگەی ماڵەکانیان هانی ئەو خەڵکانەیان دەدا بێنە ژوورەوە و بە پەلە فەرموویان لێ دەکردن.
هەموو ئەو کەسانە داڵدە و حەشار دران، لە چنگی پیاوانی بەعس و ئەمن و ئیستخبارات ڕزگار كران، چەند قوتابییەک نەبێت کە زووتر کەوتنە دەست پیاوانی ئەمن و هەواڵگریی سەربازی، کە لە دەوروبەری هۆڵەكە بوون و فریا نەکەوتبوون خۆیان ڕزگار بکەن.

لێکەوتە سیاسی و کارگێڕییەکانی کۆڕەکە
بۆ ماوەیەكی درێژ لە چایخانەی مەچکۆ، گازینۆی شەوانی هەولێر، یانەی فەرمانبەران، یانەی ئازادی و یانەکانی دیکەی ئەندازیاران و حقوقین و پزیشکان، باس هەر باسی ئەو کۆڕە ئەدەبییە هاوبەشە ڕۆشنبیری و شۆرشگێڕییە بوو. لێکەوتە سیاسی و کارگێڕییەکانی دوای کۆڕەکە لە یەخەی د. کوردستان و د. جەمال بەرنەدەبوو، هەروەها بەشی کوردیی کۆلێژی ئاداب و زانکۆی سەڵاحەدینیش بەهۆی ئەم چاڵاكییەوە بەشی خۆیان زیانیان بەركەوت.
ئەبو عەلای بەڕێوەبەر و دەسەڵاتداری باڵای ئەمنیی حزبی بەعس بۆ ناوچەی باکور كە بارەگەی لە هەولێر بوو، ڕاستەوخۆ بەترساندن و تۆقاندن سەرپەرشتیی ئەو کەیسەی دەکرد، ڕۆژی ٣٠/١٠/١٩٨٢ د. کوردستان ناچار كرا دەست لە سەرۆکایەتیی بەشی زمانی کوردی هەڵبگرێت، ڕاژەكەی گوازرایەوە بۆ بەغدا و دەزگەی ڕۆشنبیریی کوردی. هەروەها ڕاژەی د. جەمال بەفەرمانی زانکۆی سەڵاحەدین گوازرایەوە بۆ زانکۆی بەسرا.
بەم شێوەیە د. جەمال و د. کوردستان لە هەولێر دوور خرانەوە. لە ڕووی سزادانی بەکۆمەڵیشەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، ١٠٤ قوتابی لە زانکۆی سەڵاحەدین و ٣٧ مامۆستا لە هەمان زانکۆ گوازرانەوە بۆ زانکۆکانی بەغدا، مووسڵ و بەسرا.
ئەم پرۆسەیە بە ئاگەداریی ڕاستەوخۆ و ڕێنمایی و ئاراستەکردنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بەڕێوە چوو. چونکە نووسراوی نهێنیی ژمارە (م/٩/١٥٠٠)ی بۆ دەركرابوو.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و حزبی بەعس و خودی سەدام حوسێن سەركۆماری لەسێدارەدراو، لە دوای ٣٠/١٠/١٩٨٢ەوە بە ترسەوە و لە نزیکەوە چاودێریی کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی سەڵاحەدینیان دەکرد.
دوای چەند ساڵێک، لە ١٩٨٤، ١٩٨٥ و ١٩٨٦دا لە هەمان کۆلێژ، دۆخی ئەمنی تێك دەچێت و قوتابیانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی تووشی گیران و ڕەشبگیری، ئازار و ئەشکەنجەدانی ژوورە تاریکەکانی دائیرەی ئەمن و حزبی بەعس دەبنەوە.

 

 

 

 

 

 

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved