نهێنی ناوی تەعجیل
نهێنی ناوی تەعجیل

تەعجیل و چه‌ند گه‌ڕه‌كەكی دیكەی هەولێرێ، وەكی پێناسی ئەو شارەیان لێ هاتییە و بەشەكی گەورەی مێژووی قەڵات و دەوروبەرەكەی پێك دێنن، به‌پێی سەرچاوە مێژوویییەکانیش ٥٠٠ ساڵ زیاتره‌ تەعجیل هەیە.
جاران تەعجیل لە دوو بەشی سەرەکی پێک دەهات، بەستێکی ئاو بەناوەڕاستیدا ده‌ڕۆیشت، بە تورکمانی پێیان دەگوت (جەی)، کە لە هەورازە نەفتە و کەسنەزانەوە دەهات، بۆ سێتاقان و سەیداوە شۆڕ ده‌بووەوه‌، له‌وێوه‌ بۆ جێی ئێستەكەی بازاڕی داون تاون و دواتریش بۆ تەعجیل درێژ دەبووەوە.
ئەو بەستە گەڕەکەکەی بەسەر تەعجیلی جوولەکان و تەعجیلی موسوڵمانان دابەش كردبوو، لە پەنجاکانی سەتەی ڕابردوودا تەعجیلی موسڵمانان ناوەکەی گۆڕا بۆ سەعدووناوە، بەهۆی ئیمام سەعدوون کە ماڵی لە تەعجیل بووە.
سەید عیسا سەلیم چایچی کە هەولێرییەکی شارەزایە لە مێژوو، بۆ‌ (گڵکەند)ی گێڕایه‌وه‌، لە بەهاری ١٩٥٨دا پردی تەعجیل لەسەر ئەو بەستە دروست کرا، به‌ڵام لە وەرزی زستاندا پردەکە بەهۆی زۆربوونی ئاوەوە ڕووخا، دوایێ دروست كرایه‌وه‌ و ماڵی حاجی شەهاب تەنەکەچی و چەند ماڵێکی دیكە بەر جادە کەوتن.
بە گوته‌ی سه‌ید عیسا، ئاوی بەستەکە ئەوەندە زۆر بووه،‌ زۆر جار به‌یانیان لانکی منداڵان و داری گەوره گه‌وره‌‌ و شتی دیكەیشی لەگەڵ خۆیدا ده‌هێنا، به‌سته‌كه‌ تا سەرەتای دوو هەزارەکانیش مابوو، بەڵام دواتر حكوومەت كردی به‌مەزرایەکی سندووقی گەورە و لە سەرووی ئەو مەزرایەشەوە پاڕکی منارە دروست کرا.
تەعجیل لە کۆندا ژمارەی دانیشتوانه‌كه‌ی زۆر بوو، تەنانەت ئەو کەرپووچانەی خانووەکانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی پێ دروست ده‌كرا له‌وانه‌ی شوێنه‌كانی دی جیاواز بوون‌، خانووەکانی تەعجیل بە کەرپووچی چوارگۆشە دروست کراون، ئێستەش سەرباری کۆنی و داڕمانەوە، بەشێک لە خانووەکانی چۆڵ کراون، به‌ڵام هێشتا زیاتر لە ١٨٠٠ ماڵ لە تەعجیل نیشتەجێن.
سەید عیسا باسی ناوی تەعجیل دەكات و دەڵێت لە ناوی ئیمام تەعجیلەوه‌ هاتووە کە زانایه‌كی ئاینی بووە و لەو گه‌ڕه‌كه‌ نیشتەجێ بووە، خەڵک بەمەبەستی نزاکردن بەردەوام سەردانیان کردووە و لەبەر پیرۆزیی ئه‌و پیاوە، ناوی گەڕەکەکەیان کردووە بەتەعجیل.
دوای مردنیشی، خەڵکەکە ویستوویانە گۆڕی ئیمام تەعجیل لە نزیکیانەوە بێت، بۆیە هەتا ئێستە گۆڕەکەی لە نزیک شێخی چۆلییە، لەسەر شەقامی گشتی.
تەعجیل جگە لە مێژووە دێرینه‌كه‌ی، چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیاكه‌ره‌وه‌ی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ یەکەم شوێنه‌ لە هەولێر هێڵی ئاسنی شه‌مه‌نده‌فه‌ری پێدا تێپەڕیوە، تاکە شوێنە خواردنگەی تایبەت بە گۆشتی كێشكە، ڕیشۆڵە، پۆڕ و کۆتری تێدایە، تا ئێستەش خواستیان له‌سه‌ره‌.
مامۆستا ئەحمەد و خانەوادەکەی لە سەرەتای شێستەکانی سەتەی ڕابردووەوە ئەو کارەیان لەناو کۆڵانەکانی تەعجیل دەست پێ کرد، كه‌ ئەو کاتە لەناو تەپەدۆر و لەسەر سینی ڕیشۆڵە و كێشكەی کوڵاویان دەفرۆشت.
تەعجیل لە ماوەی ڕابردوودا چەندان کەسایەتیی سیاسی و هونەری و ڕۆشنبیری لێ هەڵكەوتووە، کە هەریەکەیان لە بواری خۆیدا جێدەستی دیارە، له‌وانه‌ هونەرمەند محەمەد ئەحمەد ئەربیلی، فوئاد ئەحمەد، دەرهێنەری شانۆیی تەڵعەت سامان؛ ئەکتەرانی بواری شانۆ نەوزاد ڕەمەزان و فەیسەڵ محەمەد. مەحموود زامدار و عەبدولخالق سەرسام؛ خالید ڕەسووڵ و محەمەد عوسمان کە دوو ئەستێرەی دیاری تۆپی پێی هەولێر و دەستەی دامەزرێنەری یانەی هەولێرن.

 

 

 

 

 

 

 

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved