سڵاگ لە قۆڕیتان
سڵاگ لە قۆڕیتان

پارچەیەكی شوێنەواریی تەمەن دوو هەزار ساڵ و كارگەیەكی پیشەسازیی مۆدێرن لەم وێنەیەدا دەردەكەون كە پێش چەند ڕۆژێك لە گوندی قۆریتانی هەولێر گیراوە.
لە وێنەكەدا کارگەیەکی کەرپووچ دەردەکەوێت کە هەمان ئەركی پیشەسازیی كۆنی دروستکردنی خشتی سوورکراوە جێبەجێ دەكات، كە بەپێی ئەو پارچە سڵاگەی لە بەشی پێشەوەی وێنەكەدا دەركەوتووە، بەر لە دوو هەزار ساڵ لە هەمان شوێندا گۆزە و خشت دروست كراون.
پارچەیەكی شوێنەواری كە پێی دەگوترێت (Slag) لە نزیک گوندی قۆڕیتانی دەشتی هەولێرێ دۆزراوەتەوە، كە دەبێتە بەڵگەیەکی جیاواز لە بارەی كۆنی و بەردەوامیی پیشەسازی لە دەشتی هەولێر.
سڵاگ مادەیەکی لاوەکی یان بەرهەمێکی لاوازە کە لە کاتی سوورکردنەوەی گۆزە و گۆزەکاری یان خشت و کەرپووچدا لە ناو کوورەکانی سوورکردنەوە دروست دەبێت.
ئەو مادەیە لە ڕێگەی پاڵەپەستۆ و هێزەوە دروست دەبێت، هەندێك جاریش لەبەر ناڕێکیی دانانی چەند مادەیەك دروست دەبێت لە ناو کوورە بۆ سوورکردنەوە، یان بەهۆی ناڕێکیی گەرمکردن و سوورکردنەوەی خودی کوورە دروست دەبێت.
سڵاگی دروستبوو یان كەڵەكەبوو، شێوەیەکی ناڕێک و ناجێگیری ڕەنگ سەوزی كاڵی هەیە. هەبوونی ئەو مادەیە لە هەر ناوچەیەكی شوێنەواریدا بەمانای ئەوە دێت كە جۆرێك لە سەربەخۆییی ئابووری و پیشەسازی لەو سنوورەدا هەبووە و خۆیان گۆزە و کەرپووچیان دروست كردووە.
بەپێی زانیارییەکان و دۆزراوەکانی گۆزەکاری لەم پێگە شوێنەواریەی قۆڕیتان، بەر لە دوو هەزار ساڵ لەو شوێنەدا پیشەسازی هەبووە.
ئەم دۆزینەوەیە لەلایەن پڕۆژەی ”ڕووپێوی شوێنەواری دەشتی هەولێر“ بەهاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر ئەنجام دراوە و بەپێی ئامارەکانی ئەو پڕۆژەیە، ژمارەی پێگە شوێنەوارییەکان لەم ناوچەیە گەیشتووەتە سەرووی هەزار پێگە، کە هەژماری مێژوویی و جیاوازی زۆر لە زانیاریی کۆن و کولتووری کوردستان دەستنیشان دەکات.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved