گەنجێك، پاراستنی میراتی کو‌لتووریی ناوماڵی كوردەواری دەكاتە پیشه‌ی خۆی، لەناو خانوویەكی كۆنی سەیداوەدا له داری سنه‌وبه‌ر پێویستی ناوماڵ له‌سه‌ر شێوازی جاران دروست ده‌كاتەوە.
لاوه عومه‌ر (٣٤ ساڵ)، له منداڵییه‌وه خولیای پیشه‌ی دارتاشی بووه، بێ ئه‌وه‌ی كه‌س یارمه‌تیی بدات، خۆی فێر كردووه، ماوه‌ی چوار ساڵه بڕاندێکی خۆماڵی بەناوی «به‌ڕوو» دروست كردووە، پێداویستییه‌كانی ناوماڵ به‌شێوازی كولتووریی كۆنی هه‌ولێرێ بەرهەم دێنێت.
له بارەی پیشەكەی و دروستكردنی كه‌لوپه‌له‌كانیەوە، بۆ (گڵكه‌ند) گوتی «بێجگه له‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كی داهاتی منه، ده‌مه‌وێت تشته كۆنه‌كان به‌بیر خه‌ركی بینمه‌وه، وه‌كی میلله‌تانی دنیایێ ئەمەش كەلەپوور و میراتی خۆمان هەیە و دەبی بیانپارێزین، ئه‌و مێژووه جوانه‌مان لۆ بفه‌وتێت؟”.
ئەو كەلوپەلانەی لاوە دروستیان دەكات، تەنها بۆ جوانی نین، بەڵكو خەڵك دەتوانن وەك پێداویستییەكانی جارانی ناوماڵ بەكاریان بێنن، ئەو دەڵێت ئامانجێكی دیكەی ئەوەیە كە لە كوردستاندا چیی دی تەنها پشت بەكەلوپەلی وڵاتانی بێگانە نەبەسترێت.
ئاماژەش بە ورده‌كارییەكان ده‌كات، كە دوای بڕینی دار و دروستكردنی هه‌ر بەرهەمێك، كه داوای لێ كراوه، ده‌ست ده‌كات بە هەڵکۆڵینی نه‌خش و نیگاری كۆن و دڵخوازی کڕیار، پاشان لەسەر شێوازی جاران ڕه‌نگیان ده‌كات، ئەو گەنجە نایشارێتەوە كە پیشەكەیان قورسه و وردەكاری و كاتی زۆری دەوێت، بۆ نموونە له ماوەی مانگێكدا هەر بەوە ڕادەگەن كە چوار بۆ پێنج پارچه دروست بكه‌ن.
تا ئێستە ٢٠ جۆر كه‌لوپه‌لی كۆنی وه‌ك كه‌ره‌وێت، دۆڵاب، مێزی ته‌له‌ڤزیۆن و له‌وحه به قه‌باره‌ی جیاواز له داری سنه‌وبه‌ر له‌سه‌ر خواست و داواكاریی كڕیاره‌كانی دروست ده‌كات، ئه‌وانه‌شی كه لێی ده‌كڕن زیاتر ئەو كه‌سانەن كە گرینگی بەكولتوور و كەلەپوور دەدەن، هەروەها هونه‌رمه‌ندانیش بەشەكی سەرەكیی كڕیارەكانی پێك دێنن، بێجگه له هه‌ولێری، خه‌ڵكی پارێزگەكانی دیكەی كوردستان و بیانییش كەلوپەلەكانی لاوە دەكڕن.
لاوە دەڵێت ئەو كەلوپەلانەی دروستیان دەكات، گەرەنتیی په‌نجا ساڵیان هه‌یه، چونكه هەمووی بە دەست لە سنەوبەری پتەو دروست ده‌كات.
لاوه بێجگه له دار، له‌سه‌ر شووشه و جامیش وێنه و نه‌خشی مێژوویی دروست ده‌كات، به‌ڵام به‌مه‌رجی شێوازی كاركردنی خۆی، كه پاراستنی كولتووری كورده‌وارییه، بۆ خستنە بازاڕی كاره‌كانیشی، سوود له سۆشیال میدیا وه‌رده‌گرێت.
دكتۆر لوقمان سارمه‌می، ژوورێكی ماڵه‌كه‌ی كردووه به گه‌له‌رییه‌كی بچووك له‌و كەلوپەلانەی پێناسه‌ی مێژوو و كولتووری كوردی ده‌كه‌ن، سندووقێك و كه‌وەنته‌رێكی له به‌ڕوو كڕیوه و به‌پێویستیشی ده‌زانێت گه‌شه‌ی زیاتر به‌و جۆره پیشه‌یه بدرێت، دەڵێت با ئه‌و كه‌سانه هان بدرێن كه ئه‌و جۆره پیشه‌یان هه‌ڵبژاردووه و مەبەستیان زیندوو هێشتنەوەی مێژووه.
هەروەها پێی وایه ئەم پیشەیە بووژاندنه‌وه‌ی جۆره فۆڕمێكی مێژوویییه كه له لێواری له‌ناوچوون دابوو، ئەو پیشەیە جۆری مۆبیلی ناو ماڵی تایبه‌ت بە كورد لە بەرچاوی نەوەی نوێ زیندوو دەكاتەوە.