له به‌رزاییی كێوه سه‌خته‌كانی زاگرۆس، ده‌روازه‌ی ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ر وه‌ك شایه‌تێكی بێده‌نگ له‌سه‌ر هەبوونی مرۆڤە سەرەتایییەكان دێته به‌رچاو.
له‌ناو تاریكییه فێنكەكەیدا، له پێناو دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵام بۆ یه‌كێك له كۆنترین گرێكوێره‌كانی زانست، كە داخۆ مرۆڤه‌كانی نیانده‌رتاڵ چی‌یان به‌سه‌ر هات؟ تیمێكی شوێنه‌وارناسی نێودەوڵەتی، بەئه‌سپایی له چینه‌كانی خاكدا سه‌رقاڵی كنه‌كردنن.
ئه‌و ئه‌شكەوته له پەنجاكانی سه‌ته‌ی ڕابردووه‌وه بابه‌تی مشتومڕێكی زانستیی گه‌وره‌یە. سەرەتا، ڕاڵف سۆلیكی زانای شوێنه‌وارناسی ئه‌مه‌ریكی، سه‌رۆكایه‌تیی پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵكه‌ندنی له ئه‌شكەوته‌كه‌دا كرد، كه شتی سه‌رسوڕهێنه‌ری دۆزییه‌وه، ئه‌ویش ئێسك و پرووسكی ده مرۆڤی نیانده‌رتاڵ بوو، هه‌ندێكیان به‌ڵگه‌ی ئه‌نجامدانی سرووت و گوڵ به‌شێوازی ناشتنیانه‌وه دیار بوو.
ئه‌و كاره ناوه‌ندی زانستیی جیهانی هه‌ژاند و ده‌ری خست مرۆڤی نیانده‌رتاڵ، كه‌سانێكی ئه‌شكه‌وتنشینی كێوی نه‌بوون، به‌ڵكو بوونه‌وه‌ری ئاڵۆز بوون و ئاوه‌زیان به كولتوور و چاودێریكردن شكاوه.
دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٨، تیمێكی نێودەوڵەتی لە زانكۆی كامبریجەوە ئێسكی كه‌لله‌سه‌ری تێكشكاو و به‌شێكی سه‌ره‌وه‌ی ئێسكە پەیكەری ئافره‌تێكی نیانده‌رتاڵی دۆزییه‌وه، كه ناو نرا «شانه‌ده‌ر زێت» و مێژووەكەی بۆ دەوروبەری ٧٥ هەزار ساڵ بەر لە ئێستە دەگەڕایەوە، له ماوه‌ی پتر له پازده مانگدا له كامبریج؛ په‌یكه‌ری ئه‌و ژنه به‌وردی دروست كرایه‌وه و بوو به‌یه‌كێك له گرینگ‌ترین دۆزینه‌وه‌كانی مرۆڤی نیانده‌رتاڵ و جێ سه‌رنجی نێوده‌وڵه‌تی.
ساڵی ڕابردووش ئەو دۆزینەوەیە لە لایەن كەناڵی نێتفلیكسەوە كرا بەفیلمێكی دۆكیومێنتاری و گەورەترین دەنگدانەوەی هەبوو لە جیهاندا.
بەر لە چەند هەفتەیەك تیمەكە گەڕانەوە هەولێر و دەستیان كردەوە بە گەڕێكی نوێی گەڕان بە دوای نهێنییەكانی نیاندەرتاڵدا. پڕۆفیسۆر گراین پاركەر سەرۆكی تیمە شوێنەوارناسییەكەی زانكۆی كامبریج بۆ (گڵكەند) گوتی ”ئێمه به زانستی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك هاتینەوە سەر ئەو پێگە شوێنەوارییەی لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا، پڕۆفیسۆر سۆلیكی هێڵه گشتییه‌كانی دۆزیبووه‌وه، ئێمه ئێستە له ورده‌كارییه‌كان ده‌كۆڵینه‌وه”.
ئاماژە بە گەڕان و دۆزینەوە و لێكۆڵینەوە لە خه‌ڵووزی ڕووه‌كیی ورد micro-charcoal، پاشماوه‌ی ڕووه‌كی و ئێسكی ئاژه‌ڵ لە پێگەكە دەكات. دەڵێت ئەوان خەریكی ڕاڤەكردنی كارەكانی سۆلیكیین.
چینه‌كانی ئه‌شكەوتی شانه‌ده‌ر وه‌ك ئامێرێكی كاتبه‌ند وان، له قووڵاییی ده مه‌تردا پاشماوه‌ی كۆتا ڕۆژه‌كانی سه‌رده‌می نیانده‌رتاڵ پێش نزیكه‌ی ٤٠ هه‌زار ساڵ تۆمار ده‌كرێت.
له سه‌رووی ئه‌و چینانه‌شەوه، شوێنه‌واری مرۆڤی ژیر (هۆمۆسێپیان) ده‌رده‌كه‌وێت و ئاماژه به‌خاڵێكی ته‌وه‌ره‌یی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ده‌كات. وه‌ك ئه‌و شوێنه‌وارناسه باسی كرد «ئه‌م ئه‌شكەوته ئه‌و ساته‌ی پاراستووه كه تێیدا مرۆڤی نیانده‌رتاڵ كۆتاییی هاتووه و مرۆڤی نوێ په‌یدا بووه، ئه‌وه‌ش په‌نجه‌ره‌یه‌كی ده‌گمه‌نه به ڕووی گواستنه‌وه‌ی مرۆڤێك بۆ مرۆڤێكی دیكە».
گره‌وه‌كه گه‌وره و جیهانییه، نیانده‌رتاڵه‌كان نزیكه‌ی نیو ملیۆن ساڵ له ئه‌وروپا و ئاسیا، له ئیسپانیا تا سیبیریا ژیاون، نزیكه‌ی ٤٠ هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی مرۆڤی ژیر له ئه‌فریقیا و ناوچه جیاوازه‌كانی سه‌ر زه‌وی، دیار نه‌ماون.
هۆی دیارنه‌مانیان یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین گرێكوێره‌كانی پێش مێژوو، ئاخۆ به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه بووه؟ به‌هۆی شه‌ڕ و ململانێ؟ به‌هۆی ژن و ژنخوازییه‌وه بووه؟ پڕۆفیسۆر پاركەر پێی وایە شانه‌ده‌ر باشترین پێگەی شوێنەوارییە كە سۆراخی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی لێ بكرێت.
ئێسكه‌كانی ئه‌و ئافره‌ته، له پاڵ كه‌ره‌سته به‌ردینه‌كان و پاشماوه‌ی ڕووه‌ك و ئاژه‌ڵه‌كاندا پێكه‌وه یارمه‌تیده‌رن بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی وێنه‌یه‌كی ته‌واوتری ئه‌وه‌ی مرۆڤی نیانده‌رتاڵ چۆن ژیاون، چی‌یان خواردووه و چۆن چۆنی مردووه‌كانیان ناشتووه.
ئێستە شانه‌ده‌ر هه‌ر گه‌نجینه‌یه‌كی زانستی نییه به‌ته‌نها، به‌ڵكو گه‌نجینه‌یه‌كی كولتووریشه. شوانكاره‌كان له زستاندا ئه‌و ئه‌شكەوته په‌ناگه‌یان بووه، گوندنشینانی نزیكی ئه‌شكەوته‌كه تا ئێستەش چیڕۆكی ژیانی ناو ئه‌شكەوتەكە ده‌گێڕنه‌وه.
بۆ شوێنه‌وارناسان ئاینده‌ی ئه‌شكەوته‌كه ته‌نها له تاقیگه‌كانی ده‌ره‌وه‌دا نییه، به‌ڵكو له كوردستان خۆی دایه.
فەرمانگە شوێنەوارییەكانی كوردستان بە چڕی بەشداریی لێكۆڵینەوە و كنەكردنن لە شانەدەر، محەمەد لەشکری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان، بە گرینگییەوە لە كارەكانی ئەو تیمە نوێیەی كامبریج دەڕوانێت و دەڵێت یەكەم جارە پسپۆڕ لە چەندین بواری جیاوازی شوێنەواریدا سەردانی هەولێر و ئەشكەفتەكە بكەن.
لە بارەی دەرەنجامەكانی لێکۆڵینەوەكانیشەوە دەڵێت شارەزایان گەیشتوون بەوەی مرۆڤی شانەدەر نەک تەنها کولتووری ناشتن و کولتووری گوڵدانان لەسەر مەزاری ئازیزانیان بووە، بەڵکو ئەوەشمان پێ دەڵێن کەوا شانەدەرییەکان خواردنیان لێ ناوە، لەگەڵ خواردندا گژوگیایان وەک تامداركردن بەکار هێناوە، لەوانەش پاقلە و نیسک، جگە لەمەش میوەی زۆریان خواردووە بەتایبەتی ترێ.
”پێویسته هه‌موو منداڵێكی كوردستان ئه‌م شوێنه بناسێت، كه چیڕۆكه‌كه‌ی ته‌نها چیڕۆكێكی كوردی نییه، به‌ڵكو چیڕۆكێكی جیهانییه“. ئەمە قسەی پڕۆفیسۆر گراین پاركەرە، پێشنیازیش دەكات ناوچەكە بكرێتە پێگەیەكی گەشتیاریی جیهانی و بەشێوەیەكی زانستییانە شوێنەوارەكە بپارێزرێت و ئاسانكاری بكرێت بۆ ئەوەی لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە وەك پێگەیەكی گرینگی گەشتیاریی شوێنەواری سەردانی بكرێت و ئەشكەفتەكە و دەوروبەرەكەی بەسەر بكرێتەوە.
بەپێویستیشی دەزانێت هه‌ستیارانه مامەڵە لەگەڵ ئەو پێگەیە بكرێت وەك میراتێكی كولتووری و مێژووییی جیهانی. به‌بڕوای ئه‌و، ده‌كرێت سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت به‌سه‌ردانیكاران ڕێڕه‌وی چیاكه به‌گوێره‌ی چینه‌كانی ڕۆژگار (سه‌ده‌ی بیسته‌م، ١٠ هه‌زار ساڵ له‌مه‌وپێش، ٤٠ هه‌زار ساڵ له‌مه‌وپێش) ڕێنمایی بكه‌ن، تا ده‌گه‌نه لێواری كۆنترین ئه‌سپه‌رده‌گەكانی مرۆڤایه‌تی.
شانه‌ده‌ر ته‌نها شوێنی ئێسك و پرووسكی جۆرێكی له‌ناوچووی مرۆڤ نییه، به‌ڵكو ڕه‌گوڕیشه‌ی هاوبه‌شی مرۆڤمان بیر ده‌خاته‌وه. پڕۆفیسۆرە ئینگلیزەكە دەڵێت نیانده‌رتاڵه‌كان ئه‌گه‌رچی نه‌ماون، به‌ڵام هێشتا له‌ناو ئێمه‌دا ده‌ژین، نزیكەی ٤٪ی دی ئێن ئەی هه‌ر مرۆڤێكی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فریقیا هی ئه‌وانه. له چیاكانی كوردستانیش هێشتا تارماییی ئامۆزاكان دیارن، چاویان له‌وه‌یه ده‌نگیان ببیستین.



