دەبێتە ناوەندی داهێنەرانی خۆماڵی و داهێنانی جیهانی
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، پڕۆژەکانی حکوومەت، سنووری بنیاتنانی ژێرخان و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەكانی تێپەڕاندووە، لە نوێترین هەنگاودا، كابینەی نۆیەم کوردستان دەخاتە سەر نەخشەی جیهانی بۆ توێژینەوەی زانستی و داهێنان و وەبەرهێنان لە بوارە جیا جیاکانی زانستدا.
ئەمڕۆ ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی پاڕکی زانست (Science Park) لە هەولێری پایتەخت دادەنێت. كە کۆمەڵگەیەكی سەردەمیانەیە، دەبێتە ژینگەیەکی بەدامەزراوەبووی زانستی و بازرگانی، لە لایەن پسپۆڕانەوە بەڕێوە دەبرێت و ئامانجی پەرەپێدانی کۆمەڵگەی كوردستانی دەبێت لە ڕێگەی هاندانی داهێنان و نوێگەری، هەروەها پاڵپشتیکردنی توێژینەوەی زانستی و وەبەرهێنانی پیشەسازی.
کۆمپانیای بەناوبانگی (ڤینگۆرد)ی سویدی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەی دیزاین كردووە، كە لەسەر ڕووبەری ١٤٧ هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت، بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بكرێت.
لەم قۆناغەشدا یەکێک لە سێ باڵەخانە سەرەکییەكەی پڕۆژەكە، باخچە، هۆتێل، شوێنی وەستانی ئۆتۆمۆبێل، هۆڵی کۆنفرانس و گۆڕەپانێكی وەرزشی دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.
لە پاڕکی زانستدا، توێژەران و داهێنەران لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان، بگرە دەرەوەی وڵاتیش، دەتوانن سوودمەند بن لە تاقیگە و خزمەتگوزارییە زانستییەکان و شوێنی حەوانەوە.
دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، کۆمپانیا بازرگانییەکان، بانکەکان و زانکۆکانی کوردستانیش نووسینگەی تایبەتیان لەم پڕۆژەیەدا دەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە دەرفەتی هەماهەنگی و کاری هاوبەشیان زیاتر بێت.
ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە لەو سۆنگەیەوە دێت کە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو سەلماندوویانە، بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکی داهێنەرانە ببێتە ڕاستی و بگاتە قۆناغی بەرهەمهێنان وەک پڕۆژەیەکی سەرکەوتووی بازرگانی کە سوود بە کۆمەڵگەش بگەیەنێت، پێویستی بەوەیە خاوەن بیرۆکەکە بەدامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و وەبەرهێنەران و سەرمایەداران ببەسترێتەوە.
ئەمەش وا دەکات خاوەن بیرۆکەیەک ئاسانتر بتوانێت وەبەرهێنەرێک بۆ پڕۆژەکەی بدۆزێتەوە و وەبەرهێنەرانیش بە سانایی ئەو بیرۆکانە دەدۆزنەوە کە دەرفەتی بوون بە بەرهەمێکی بازرگانیی سەرکەوتوویان هەیە. لەو شوێنەدا دامەزراوە حکوومییەکانیش ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی بەم پەیوەندییانە بدەن و ئاسانکاریی پێویستیشیان بۆ بڕەخسێنن.
لە دیزاینی باڵەخانەکانی پاڕکی زانست، هەندێک تایبەتمەندیی کولتووری و مێژوویی و جوگرافیاییی کوردستانیش ڕەچاو کراوە، سێ باڵەخانەكە لە شێوەی سێ چیادا دیزاین کراون، کە بەسروشتێکی جوان دەور دەدرێن و ژینگەیەکی ئارام بۆ خزمەتێکی سەردەمیانە دەڕەخسێنن. بەشی سەرەوەی باڵەخانەکان بە شێوەیەک دیزاین کراون کە ڕێگە بدات سوود لە وزەی خۆر، وەک وزەی نوێبووەوە وەربگیرێت، کە ئێستە بابەتێکی هەرە گرینگی جیهانییە و جێگەی سەرنجی سیاسەتداڕێژەرانی نێودەوڵەتییە.
ئەم پڕۆژەیە لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی دیكەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییە کە ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان (KII)ـە. ئەم ئینستیتیوتە، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستی بە کارەکانی کردووە، هەوڵێکە بۆ لەخۆگرتنی داهێنەرانی کوردستان و پەرەپێدانی کارەکانیان. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چەندین داهێنانی ناوازەی گەنجانی کوردستان لەم ئینستیتیوتەدا پەرەیان پێ دراوە و گەیشتوونەتە قۆناغی دروستکردنی نموونەی تاقیکاری و بەشێکیان لە دوایین پێشانگەی (HITEX) لە هەولێری پایتەخت نمایش کراون.

دیمەنی ناوەوەی یەکێک لە تەلارەکانی پاڕکی زانست