لە قوتابخانەكانی هەولێر بە پێنج زمان دەخوێندرێت
لە قوتابخانەكانی هەولێر بە پێنج زمان دەخوێندرێت
October 19, 2025

لە پۆلە قەرەباڵغەکانی هەولێردا، وانەکان بە تێکەڵەیەکی سەرنجڕاکێش لە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، تورکمانی، سریانی و ئینگلیزی دەگوترێنەوە. کە بوونەتە ئاوێنەی کولتووری هەمەچەشنی پێكهاتەیی و فرەزمانی خەڵكی شارەکە.
هەر لە قوتابخانە سریانییەکانی عەنکاوە بگرە تا دەگاتە دامەزراوە تورکمانییەکان لە ناوەندی شار، خوێندن لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بووەتە هێمای پێکەوەژیان لەو شارە.
زیاتر لە ٢٢ هەزار قوتابی لە ٦٤ قوتابخانەدا، بە زمانەکانی دیكە، جگە لە زمانی کوردی دەخوێنن، ئەمەش بەپاڵپشتیی بەشە تایبەتمەندەکانی ناو بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر.
بەرپرسێكی پەروەردە دەڵێت ئەم هەوڵە دڵنیایی دەدات لەوەی هەموو منداڵێک، چ لە خێزانێکی کورد، تورکمان، ئاشووری یان عەرەب بێت، بەبێ جیاوازی، دەتوانێت بە زمانی دایکی خۆی فێر بێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتی پەروەردەییی لەگەڵ گۆڕانی دیمۆگرافیای پایتەختدا گونجاندووە، كاتێك ژمارەیەكی زۆری کوردانی تاراوگە گەڕانەوە، قوتابخانەی بە زمانی ئینگلیزی بۆ ڕۆڵەكانیان كردەوە، تا لە خوێندن دانەبڕێن تا ئەو كاتەی فێری خوێندن بەزمانی دایك دەبنەوە. ئێستە ئەو قوتابخانانە میوانداریی زیاتر لە شەش هەزار قوتابی دەکەن.
له‌ قوتابخانە بنەڕەتییەكانی هەولێر، قوتابیان بەگوێرەی پێكهاتەی نەتەوەیییان یان خواستی بنەماڵەكانیان، دەتوانن بە پێنج زمانی جیاواز دەرس بخوێنن. كە جگه‌ له‌ زمانی كوردی، قوتابخانەی تایبەت هەن كە دەرس به‌زمانه‌كانی توركمانی، سریانی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی‌ دەخوێنن.
هۆزان عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی پلاندانان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر بۆ (گڵكه‌ند) ڕای گەیاند له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی تایبه‌ت به‌ پێكهاتە جیاوازەكان هەیە. له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێریش به‌شی توركمانی و سریانی هەن، بۆ ڕاییكردنی كاروباره‌كانی ئه‌و قوتابخانانه‌ی تایبه‌تن به‌ پێكهاته‌كان.
خوێندن له‌ قوتابخانه‌ی پێكهاته‌كان ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌، به‌ڵام مه‌رجه‌ قوتابی ئه‌و زمانه‌ بەباشی‌ بزانێت كه‌ دەیخوێنێت، چونكە وەك هۆزان عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ی پێ دەكات، لە‌ خوێندنی توركمانیدا‌ سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی خوێندن به‌ زمانی توركمانییه‌، ته‌نها له‌ سێ قوتابخانەی توركمانی نەبێت، كە‌ هه‌ریه‌كه‌ پۆلێكیان هه‌یه‌ بەزمانی كوردی دەخوێنن،‌ به‌ڵام دەرسی تایبه‌ت به‌ زمانی توركمانییان هەیە.
لە وەتەی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر دروست بووە، قوتابخانەكانی بە زمانه‌كانی توركمانی، سریانی و عه‌ره‌بی دەخوێنن، هەن، به‌ڵام خوێندن به‌ زمانی ئینگلیزی دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ به‌شێك له‌ خه‌ڵكی كوردستانی نیشته‌جێی‌ وڵاتانی ئه‌وروپا، بە یەكجاری گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان، چونكە منداڵه‌كانیان بەگوێرەی پێویستی خوێندن، زمانی كوردییان نەدەزانی. بۆیه‌ بڕیار درا به‌كردنه‌وه‌ی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك به‌ زمانی ئینگلیزی.
ئێستە ١٤ قوتابخانه‌ به‌ زمانی توركمانی لە هەولێر هەن، لەگەڵ باخچه‌یەكی ساوایان،‌ هەروەها ١٢ قوتابخانه‌ی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ و دوو قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی، كه‌ سه‌رجه‌میان ده‌كه‌ونه‌ سنووری په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێر، زیاتر له‌ دوو هه‌زار قوتابی و ٢٢٨ مامۆستایان هه‌یه‌.
هه‌روه‌ها قوتابخانه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی و یه‌كێكی ئاماده‌ییی زمانی سریانی له‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر (عه‌نكاوه‌) هه‌ن، كه‌ ٤٧ قوتابی و ٢٤ مامۆستایان هه‌یه‌، ٢٣ قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تییش‌ كه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی ده‌خوێنن، ده‌كه‌ونه‌ سنووری هه‌شت په‌روه‌رده‌كه‌ی هه‌ولێرەوە، كه‌ له‌ ناوه‌ندی هه‌ولێر ٩ قوتابخانه‌، له‌ عه‌نكاوه‌ ٧ قوتابخانه‌، له‌ بنه‌سڵاوه‌ دوو قوتابخانه‌، له‌ قه‌زای خه‌بات قوتابخانەیەك‌، له‌ مه‌خموور دوو قوتابخانه‌، له‌ كۆیه‌ قوتابخانەیەك‌، له‌ شه‌قڵاوه‌ قوتابخانه‌یەك، له‌گه‌ڵ ١٠ قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی دوو قوتابخانه‌ی دواناوه‌ندی،‌ كە بە هەموویان ١٤ هەزار و ٢٤٣ قوتابیان هەیە بە عەرەبی دەرس دەخوێنن، لەگەڵ ٩٣٤ مامۆستا.
بەرپرسەكەی پەروەردە لە بارەی ئاماری قوتابخانه‌كانی زمانی‌ ئینگلیزییشەوە، گوتی ١٢ قوتابخانه‌یان بە سیستەمی زمان و خوێندنی ئینگلیزی هەیە،‌ ٥٨٩ مامۆستا و شەش هەزار و ١٤٢ قوتابیان هه‌یه‌، كه‌‌ باخچه‌یه‌كی ساوایان و كۆمه‌ڵگەیه‌كی پەروەردەیی و حەفت قوتابخانه‌ی دواناوه‌ندی و سێ قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی دەگرێتەوە.
ئێستە لە هەولێر، ئاماری خوێندنی پێكهاته‌كان ڕوو له‌ هه‌ڵكشانه،‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوودا ژماره‌كان زیاتر ‌بن، چونكه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە گرینگی پێدانێكی تایبه‌ت هه‌یه‌ به‌خوێندنی زمانی دایك، لە كاتێكدا ئه‌و ڕێنمایییانه‌ی بۆ قوتابخانه‌كانی زمانی كوردی هه‌ن، هه‌مان شێوه‌ به‌سه‌ر قوتابخانەكانی زمانەكانی دیكەشدا بەبێ جیاوازی جێبه‌جێ ده‌كرێن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved